فیلمی سینه‌مایی "سرته‌ له‌گه‌ڵ با" له‌ سنه‌ نمایش ده‌كرێت

فیلمی سینه‌مایی
فیلمی سینه‌مایی "سرته‌ له‌گه‌ڵ با" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شه‌هرام عه‌لیدی" رۆژانی پێنجشه‌مه‌ و هه‌ینی له‌ هۆڵی فه‌روه‌ردین له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری فه‌جری سنه‌ نمایش ده‌كرێت.
به‌پێی راگه‌یاندنی گشتی فیلمی "سرته‌ له‌گه‌ڵ با"، فیلمی سینه‌مایی "سرته‌ له‌گه‌ڵ با" Whisper With the Wind له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری سنه‌یی شه‌هرام عه‌لیدی كه‌ به‌رهه‌می وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ رۆژانی پێنجشه‌مه‌ و هه‌ینی 29 و 30ی ئه‌یلوول / سه‌پته‌مبه‌ری 2011 له‌ دوو سانسی كاتژمێر 5 و 7ی ئێوارێ، له‌ هۆڵی فه‌روه‌ردین له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری فه‌جری شاری سنه‌ نمایش ده‌كرێت.
فیلمی سینه‌مایی "سرته‌ له‌گه‌ڵ با" به‌ ئاماده‌بوونی شه‌هرام عه‌لیدی و له‌ لایه‌ن دایره‌ی گشتی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای كوردستان و به‌ هاوكاری ئه‌نجوومه‌نی سینه‌مای لاوانی ئێران نووسینگه‌ی سنه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما.
فیلمی سینه‌مایی "سرته‌ له‌گه‌ڵ با" له‌ یه‌كه‌مین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا سێ خه‌ڵاتی سه‌ره‌كی له‌ به‌شی پێشبڕكێی به‌شی هه‌فته‌ی ره‌خنه‌گرانی شه‌ست و دووه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كانی 2009 له‌ وڵاتی فه‌ره‌نسا به‌ده‌ستهێنا و له‌ درێژه‌دا به‌ به‌شداری له‌ فیستیڤاڵی جۆراوجۆری فیلم له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتی گرینگی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ستهێنا، له‌وانه‌:
ـ خه‌ڵاتی ره‌خنه‌گرانی لاوی هیندستان یا خه‌ڵاتی "ده‌روازه‌ی زێوی هیند" له‌ به‌شی كێبڕكێی یازده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "مۆمبای" له‌ هیندستان
ـ خه‌ڵات و مه‌دالیای شانازی زانكۆكانی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا له‌ بیسته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌ مێژووییه‌كانی "پساك" له‌ وڵاتی فه‌ره‌نسا
ـ خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی ناوبژیوانی شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ئامازۆن" له‌ وڵاتی به‌رازیل
ـ خه‌ڵاتی باشترین فیلم له‌ لایه‌ن لێژنه‌ی ناوبژیوانی زانكۆكانی براتیسلاوا له‌ یازده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "براتیسلاوا" له‌ وڵاتی ئیسلۆڤاكیا
ـ خه‌ڵاتی "دۆن كیشۆت" له‌ بیسته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ترۆمسۆ" له‌ وڵاتی نه‌رویج
ـ خه‌ڵاتی سه‌ره‌كی باشترین فیلم بۆ شه‌هرام عه‌لیدی و خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری پیاوی بۆ ئه‌كته‌ری ناوداری سینه‌مای كوردستان عومه‌ر چاوشین له‌ هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ئۆرۆعه‌ڕه‌ب" (ئێمال) Amal له‌ ئیسپانیا
ـ خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتن بۆ هونه‌رمه‌ندی كرماشانی تووره‌ج ئه‌سڵانی و باشترین ئه‌كته‌ر بۆ عومه‌ر چاوشین له‌ یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "به‌غدا" له‌ وڵاتی عێراق
فیلمی سینه‌مایی "سرته‌ له‌گه‌ڵ با" له‌ دوایین نمایشی خۆیدا به‌ هاوكاری ئه‌نجوومه‌نی زانستی سینه‌مای زانكۆی تاران، رۆژی سێشه‌مه‌ 31ی ئایار/ مه‌ی 2011 له‌ هۆڵی ئاوینی له‌ په‌ردیسی كۆلێژی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی زانكۆی تاران نمایشكرا.
Top