(23)ـیەمین بەشی (جێمز بۆند) بەرهەم دەهێندرێت

(23)ـیەمین بەشی (جێمز بۆند) بەرهەم دەهێندرێت
(جودی دێنچ) ئەكتەری ناوداری بەریتانیایی، وەكو یەكێك لە ئەكتەرانی بەشداربوو لە بیست و سێیەمین بەشی(جیمز بۆند)ـدا دەستنیشان كرا.
بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی “هۆڵیوود ڕیپۆرتەرز”، (جودی دێنچ) كە لە چەند بەشێكی پێشووی ئەو فیلمەدا ڕۆڵی كەسایەتی خاتوو (ئێم)ـی گێڕا بوو، ئەم جارەیان لە لایەن (سام ماندێز)ـی دەرهێنەرەوە، وەكوو یەكێك لە ئەكتەرانی بەشداربوو لە بیست و سێیەمین بەشی “جیمز بۆند”ـدا دەستنیشان كراوەتەوە.
بۆ جارێكی دیكەیش (دەنیال كرێگ) كەپێشتر دووجار بەشداری لەو زەنجیرەیەدا كردووە، بۆ ئەم جارەیشیان لەو بەشە نوێیەدا ڕۆڵی “007” دەگێڕێتەوە.
(جودی دێنچ) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دوای وەرگرتنی خەڵاتی هونەری (ساوس بێنك سكای)، هیچ زانیارییەكی لەبارەی نوێترین بەشی “جیمز بۆند” بڵاو نەكردەوە. ئەو سینەماكارە لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی “جیمز بۆند”ـەوە گوتی: “هیچ شتێكم شایەنی گوتن نییە، هیچ لێدوانێك لەوبارەوە بڵاو ناكەمەوە، ناتوانم هیچ پرسیارێك لەوبارەوە وەڵام بدەمەوە.”

ئەو ئەكتەرە لەبارەی ڕۆڵگێرانی لەو فیلمەدا تەنیا گوتی: “زۆر پێم خۆشە كە هاوكاری (سام مەندێز) و (دەنیال كرێگ) بكەم.”، ئەوەیش وا دەگەیەنێت كە بڕیاری داوە لەم فیلمەدا بەشدار بێت.
(نیل پرۆیس) و (ڕۆبێرت وید) سیناریۆی بیست و سێیەمین بەشی “جیمز بۆند”ـیان ئامادە كردووە و ئەو فیلمە بڕیار وایە لە نۆڤێمبەری 2012ـدا لە سینەماكانی ئەمەریكا و دواتر جیهاندا نماییش بكرێت.
Top