لە توركیا مەلەك دەستگیر دەكرێ بە كەفالەتیش ئازاد كرا

لە توركیا مەلەك دەستگیر دەكرێ بە كەفالەتیش ئازاد كرا
ئا/ بەهرە سدیق

بەم دواییە كچە گۆرانیبێژ مەلەك رۆژهات سەردانی وڵاتی توركیای كرد بۆ بینینی خزم و كەسوكاری و هەر لەو سەردانەشدا كۆنسێرتێكی گۆرانی ساز كرد، بەڵام لە دوای كۆنسێرتەكە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كرا.
سەبارەت بەم رووداوە مەلەك لە لێدوانێكدا وتی: بۆ بینینی خزم و كەسوكارم سەردانی توركیام كرد، لەوێ لەگەڵ چەند هاوڕێیەك ئامادەكاریمان كرد بۆ سازدانی كۆنسێرتێكی گۆرانی لە شاری وان، لەم كۆنسێرتەدا ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی ئامادەبوون كە من خۆم پێشبینی ئەوەم نەدەكر، لەم كۆنسێرتەدا كچان و كوڕان بە چەپڵە رێزان گۆرانی و سروودی سیاسییان دەوتەوە و داوایان لە من كرد منیش بۆیان بڵێم.
مەلەك زیاتر دەڵێ: من وەك هونەرمەندێك ناچار بووم داخوازی جەماوەر جێبەجێ بكەم و گۆرانی (هەڤالا)م وت، لەو كاتەدا پیاوانی دەوڵەت من و 9 هاوڕێی منیان دەستگیر كرد.
مەلەك، هەروەها دەڵێ:دوای دەستگیر كردنمان سێ لەو دەستگیركراوانە ئازاد كران، بەڵام من و شەش خزمی دیكەم كە دەستگیر كرابووین ئازاد نەكراین و دەستگیر كردنەكەشم یەك مانگی خایاند، لە لێكۆڵینەوەیاندا لەگەڵمان زۆریان هەوڵدا بزانن كە پێوەندیمان لەگەڵ كوردی عێراق چۆنە و هۆكاری سازدانی ئەم كۆنسێرتە و هەڵگرتنی ئاڵای كوردستان لە شاری (وان) چییە، هەروەها ویستیان ئەوەش بزانن كەوا من بۆچی سەردانی كەمپی مەخمور و كۆنسیرتی كەسوكاری ئەنفال كراوەكان و چەندین پرسیاری دیكەشیان ئاراستە كردین كە هیچ بنەمایەكیان نەبوو و بەدوای بیانووەكدا دەگەڕان كە دژی ئێمە بەكاری بهێنین لە لێكۆڵینەوەكاندا، بەڵام هیچ سوودی نەبوو و نەیانتوانی كاریگەری لە خۆراگری ئێمە بكەن یان وامان لێبكەن شتێك بڵێین كە بتوانن دژی ئێمە بەكاری بهێنن.
مەلەك رۆژهات لە درێژەی لێدوانەكەیدا دەڵێ: دوای ئەوەی بۆ ماوەی مانگێك دەستگیر كرام چەند رۆژێك پێش چەژن بە كەفالەت ئازادكراوم و ئەگەر دادگا داوام بكاتەوە دەبێ بگەڕێمەوە توركیا و لەبەردەم دادگا ئامادە بم، بەڵام ئێستا لە شاری هەولێرم، ئەوەی جێگای داخە پێشتر بەڵێنم دابوو كلیپێكی نوێ تۆمار بكەم كە دەبوایە بەر لە دوو مانگ بڵاو بكرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەو رووداوە و دەستگیر كردنم لە توركیا كاری ئەم كلیپە دواكەوت.
Top