تیرێژ:كلیپ وەك بەرهەمی هونەری گرنگە بۆ هونەرمەند

تیرێژ:كلیپ وەك بەرهەمی هونەری گرنگە بۆ هونەرمەند
ئا: رۆشنە عومەر
هەرچەندە تیرێژ ئورمی لە رۆژهەڵاتی كوردستان هاتوتە دنیاوە، بەڵام دەركەوتنی و ناسینی وەك هونەرمەند زیاتر لە باكوری كوردستان ناسرا و هەر لێرەش ئەلبومەكانی بڵاوكردەوە و كلیپ و گۆرانی تۆمار كرد، تیریژ وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە.

ئێستا تیرێژ لە باشووری كوردستان نیشتەجێیە ئەمەش هەنگاوێكی باشە بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر پەرە بە كارە هونەرییەكانی بدات و سوود لە هونەرمەندانی ئێرە وەربگرێت، تیرێژ لە لێداوانێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان سەرەتا دەربارەی دوایین كارە هونەرییەكانی خۆی گوتی: دوایین كارم سێ كلیپی تازه‌یه‌ كه‌هه‌رسێ گۆرانییه‌كان ئه‌و تراكانه‌ن كه‌ له ‌دوایین ئه‌لبوومه‌كه‌مدا هه‌ن، كلیپێكیان له‌گه‌ڵ (ڤین تیڤی) یه‌ كلیپێكیشم له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی دیكه‌یه‌‌ كلیپه‌كه‌ی تریشم له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (ترا) یه‌.
ده‌رباره‌ی كلیپ و گرنگی تۆمار كردنی گۆرانی به‌ ڤیدیۆ كلیپ بۆ هونه‌رمه‌ند و سه‌ركه‌وتنی زیاتر تیرێژ ده‌ڵێ: به‌ بروای من كلیپێكی باش به‌ قه‌د به‌رهه‌مه‌كه‌ گرنگه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند، چونكه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك تی ڤی هه‌یه‌، واته‌ هونه‌رمه‌ند ده‌توانێت به‌ كلیێك خۆی به‌ هه‌موو شوێنێك بناسێنی، به‌ڵام به‌رهه‌می سیدی له‌ هه‌مو شوێنێك بڵاوناكرێته‌وه‌. من له‌و بڕوایه‌دام كه‌ هونه‌رمه‌ند ده‌توانێت خۆی بناسێنی، له‌ داهاتووه‌یه‌كی نزیكدا به‌رهه‌می سیدی جێگای نامێنێت و له‌ جیاتی ئه‌و گۆرانی سنگڵ باوی ده‌بێت واته‌ له‌ هه‌ر ئه‌لبوومیك 5-6 تراك ده‌كرێن به‌ كلیپ به‌تایبه‌تی ئه‌و گۆرانیانه‌ی كه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ بن ده‌كرێن به‌ كلیپ و ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌ زیاتر بناسرێت له‌ناو جه‌ماوه‌ردا.
تیرێژ رای تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی دیارده‌ی كۆپی كردن و چۆنییه‌تی بنبڕ كردنی و له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:
بنبڕكردنی كۆپی كردن كارێكی سه‌خته‌، به‌ڵام ده‌ توانین تۆزێك كه‌می بكه‌ینه‌وه‌ واتا به‌پاراستنی مافی هونه‌ری هونه‌رمه‌ندان ئه‌مه‌ش به‌ده‌رچوونی یاساییه‌كی تایبه‌ت له‌په‌رله‌مان به‌دانانی لێژنه‌یه‌كی ئاسایش له كوردستان بۆكۆنترۆڵ كردن و به‌دواداچوون، ئه‌وكات ده‌توانین هه‌ندێك له‌دیارده‌ی كۆپی كردن كه‌م بكه‌ینه‌وه‌. به‌ڵام دیسان ده‌یڵێمه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كارێكی ئاسان نییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاستی تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ به‌رامبه‌ر ئاستی هونه‌ری و خزمه‌تكردنی هونه‌ری زۆركه‌مه،‌ بوونی نوسخه‌یه‌كی ئۆرجیناڵ له‌ماڵێكدا نیشانه‌ی تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵگایه‌ كه‌ له‌ چ ئاستێكی شارستانیدا ده‌ژیت، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌ست ده‌كه‌م ده‌بێ كار له‌سه ر ئه‌مه‌ بكرێت كه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی وشیارو رۆشنبیرو خاوه‌ن هه‌ڵوێست خاوه‌ن بڕیارمان هه‌بێت كه‌ ڕێز له‌ به‌رهه‌می هونه‌ری فۆلكلۆری و ڕه‌سه‌نایه‌تی بگرێت. من وه‌كو گۆرانیبێژێك به‌كلیپێكی باشتر جارێكی تر خزمه‌ت بكه‌م ده‌بێت بزانن له‌ وڵاتی ئێمه‌دا شتێكی تریش هه‌یه‌ ئه‌بێ هه‌ركه‌سێك باش بزانێت من وه‌كو گۆرانیبێژێك خزمه‌تكاری گه‌ل و وڵاتی خۆمم، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی بتوانم خزمه‌تی هونه‌ری كوردی بكه‌م ده‌بێ به‌رهه‌می ئۆرجیناڵمان له‌بازار بكڕن تا بتوانم له‌ داهاتوودا به‌رهه‌مێكی باشتر بڵاو بكه‌مه‌وه‌. باشه‌ ئه‌گه‌ر هیچ سودێك له‌ به‌رهه‌مه ‌كه‌مه‌كانم نه‌بینم ئه‌وا چۆن ده‌توانم كاری تر به‌رهه‌م بهێنم و خزمه‌تی به‌رهه‌مه‌كه‌م بكه‌م ده‌بێ بزانین ئه‌م وڵاته‌ی هی هه‌موومانه، كه‌وایه‌ با‌ هه‌موومان هه‌وڵبده‌ین داهاتووی ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌و باشی ببه‌ین.
سه‌باره‌ت به‌و گله‌ییه‌ زۆره‌ی كه‌ گوایه‌ ئاوازی توركی زیاتر له‌لای هونه‌رمه‌ندانی كرمانجی واته‌ بادینی به‌كاردێت تا ده‌گاته‌ هونه‌رمه‌نده‌ سۆرانییه‌كان. تیرێژ ده‌ڵێ: گله‌یی له‌ چی ده‌كه‌ن ؟ نابێ به‌م جۆره‌ بڕواننه‌ هونه‌رمه‌نده‌ بادینیه‌كان، چونكه‌ ئه‌م دیارده‌ هه‌موولایه‌كی گرتۆته‌وه‌ هه‌م له‌لای گۆرانیبێژه‌ بادینیه‌كان و هه‌م گۆرانیبێژه‌ سۆرانییه‌كان.
له‌ كۆتاییشدا ده‌رباره‌ی ئەوەی بۆچی كۆنسێرتی كه‌مه‌. تیرێژ ده‌ڵێ: له‌ ڕابردوو له‌كوردستان به‌تایبه‌ت له‌شاری خۆشه‌ویستی هه‌ولێر چالاكی هونه‌ریم زۆربوو، له‌دوای ساڵی 2008 ناوبڕێكم دا به‌كاره‌كانم. به‌ڵام له‌ئێستا به‌دواوه‌ هه‌وڵده‌ده‌م كۆمه‌ڵێك زنجیره‌ كۆنسێرت له‌ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی كوردستان ساز بكه‌م به‌تایبه‌ت له‌شاری هه‌ولێر كه‌ئێستا لێێ ده‌ژیم حه‌ز ده‌كه‌م خزمه‌تێكی زۆری ئه‌م شاره‌ بكه‌م.
Top