كچەكەی جـانی نایەوێ ببێتە هونەرمەند
جانێ یان هۆزان جانێ یەكێكە لە دەنگبێژە خۆشەكانی باكووری كوردستان، وەك ئافرەت جانێ لە ژیانیدا ئازار و مەینەتی زۆری بە دەست باوكسالاری كۆمەڵگاوە چەشتووە، یەكێك بووە لەو ئافرەتانەی كە لە تەمەنێكی زوودا بە بێ ویست و ئارەزووی خۆی بە شوو دراوە، بۆیە ئەگەر لە گۆرانییەكانی وردبینەوە بە ئاشكرا هەست بەو ئازار و كەسەرانە دەكرێت و لە رێگای بەسەرهاتی ژیانی خۆی بە گشتی بەرگری لە ئافرەتی كورد دەكات.
هەرچەندە جانێ لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە، بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییە توركیا شانبەشانی چەندین هونەرمەندی دیكە بەشدارییەكی كاریگەریان لە هەڵمەتەكانی هەڵبژارندا كرد و رۆڵێكی سەرەكییان هەبوو لە سەركەوتنی نوێنەرانی كورد، لەمبارەیەوە جانێ لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: تامەزرۆیی و پەرۆشیمان بۆ ئازادی وایكرد بە گڕوتینێكی زۆرەوە بەشداری لە هەڵمەتەكانی هەلبژاردندا بكەین، بۆیە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و پرۆسەكەش وەك كەرنەڤالێك وابوو كە هەموو لایەك ئافرەت و پیاو منداڵ و لاو بەشداریمان تێیدا كرد، ئێمەی هونەرمەندانیش كە نزیكەی 60-70 هونەرمەند دەبووین وەك ئەركێكی نەتەوەیی سەر شانمان شانبەشانی هاووڵاتیان بەشدار بووین و زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم رۆڵێكی سەرەكیمان هەبوو لەو سەركەوتنەی كە نوێنەرانی كورد بە دەستیان هێنا.
سەبارەت بە رەوشی ئێستای هونەری كوردی بەتایبەتی لە باشووری كوردستان، جانێ خان دەڵێ: ناتوانم بڵێم رەوشی هونەر لە باشووری كوردستان زۆر سەركەوتووە، بەڵام زۆر هونەرمەندی باش و بە تواناش هەن، پێموایە ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بۆ پاراستنی مافی هونەرمەندان دەر بكا ئەو كات خزمەتێكی زۆر بە هونەری بە هونەری كوردی دەكات لە هەمان كاتدا ئەگەر یاسایەك هونەرمەندانیش ناچار دەبن پەرە بە كارەكانی خۆیان بدەن.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا دەزگا هونەرییەكان وەكو پێویست پاڵپشتی هونەرمەندان دەكەن و بە یەكسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن، جانێ دەڵێ: دەزگا هونەرییەكان زۆرن، بەڵام بەپێی حەز و ویستی خۆیان ئەم كارە دەكەن و هاوكاری هونەرمەندان دەكەن نەك لەسەر ئەساس یان بەپێی ماف و ئەركی ئەو هونەرمەندە، زۆر كەس لە كوردستان لەم دەزگایانە سوودمەندن كە كوردیش نین و لەلایەنی ماددیشەوە سوودی زۆریان بۆ هونەرمەندانی بیانی هەیە.
دەربارەی ئەو نەخۆشییەی كە ماوەیەك دووچاری هاتبوو و ئایا باری تەندروستی ئێستا چۆنە، جانێ گوتی: سوپاس بۆ خوا ئێستا تەندروستیم رۆژ دوای رۆژ بەرەو باشتر دەچێت، هەر بۆیەش بڕیار وایە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی كوردستان بكەم، سەردانەكەشم تەنیا بۆ بەسەر كردنەوە دەبێت، واتە تا ئێستا هیچ بەرنامەیەكم نییە بۆ ئەنجامدانی كارو چالاكی هونەری بەتایبەتی لەم سەردانەدا و ئەگەر لە دواڕۆژدا بە نیازی ئەنجامدانی هەر كارێك بم ئەوا لە رێگای دەزگاكانی راگەیاندنەوە بە جەماوەری خۆمی رادەگەیەنم.
لە كۆتاییشدا جانێ ئاماژەیە بەوە كرد كە كچەكەی وەك خۆی حەز لە بواری هونەری ناكات و ئێستا لە بواری سۆسیۆلۆژی دەخوێنێت و ئارەزووی ئەوە دەكات بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری خۆی بەدەست بهێنێت.