ئیبراهیم حەكیم: دەكرا سوودێكی زۆر لە فیستیڤاڵی هەولێر ببینرێت
ماوەی چەند رۆژێك بوو لە شاری هەولێر فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ بە بەشداری ژمارەیەك تیپ و گروپی شانۆیی لە كوردستان و عێراق و چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپی ساز كرا، هونەرمەند ئیبراهیم حەكیم كە بەردەوام لە نمایشەكان ئامادە بوو، سەبارەت بەم فیستڤاڵە دەڵێ: ساز كردنی ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە و نیشاندانی ئاشتی و ئارامی كوردستان بەو میوانانە خۆی لەخۆیدا سەركەوتنێكی گەورەیە، چونكە بۆیان روون دەبێتەوە كە هەرێمی كوردستان جیاوازە لەگەڵ پارچەكانی دیكە و كەشی پێشكەوتن و داهێنان لەم پارچەیەدا فەراهەمە، ئەمەش خاڵێكی ئیجابی فیستیڤاڵەكەیە.
سەبارەت بە لایەنی هونەریش ئیبراهیم حەكیم دەڵێ: ئەو نمایشانەی من بینیم كاری هونەری زۆر بەرز بوون بەتایبەتی نمایشی گرووپە ئەڵمانییەكە، بەڵام خۆزگە ئێمەی هونەرمەندانی كوردستان بەتایبەتی هونەرمەندانی پایتەخت، كارێكی شانۆیی وامان ئەنجامدابوایە كە هونەری شانۆیی لە هەولێر بەو هونەرمەندانەی دەرەوە نیشان بدەین، ئەمەش بە رای من یەكێكە لە كەموكوڕیەكانی فیستیڤاڵەكە وابزانم لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە دیراسەت نەكراوە.
ئێمە لە هەولێر خاوەن هونەرمەندی زۆر بە تواناین كە دەبوایە رۆڵی زیاتریان لەم فیستیڤاڵەدا هەبێت. نازانم بۆچی كەسانی وەك تەڵعەت سامان و سەعدون یونس، سەباح عەبدولرەحمان، فەرهاد شەریف لەم فیستیڤاڵەدا دیار نەبوون لە كاتێكدا هونەرمەند لە دەرەوەی كوردستان بانگهێشت كراون، ئەمانە سەبارەت بەم فیستیڤاڵە تەنانەت پرسیشیان پێنەكراوە، ئەمەش جۆرێك لە تاكڕەوی پێوە دیارەو پلانەكان زۆر بە وردی دانەنراون، بەگشتی نیشاندانی رووی گەشی هەولێر سەنگی مەحەك نییە بۆ سەركەوتنی لایەنی هونەری فیستیڤاڵەكە، چونكە رەنگە وڵاتی ئەوان زۆر لە وڵاتی ئێمە خۆشتر بێت.