گۆران:خۆشحاڵم كه‌ له‌ كوردستان رێگا له‌ كاری هونه‌ری ناگیرێ

گۆران:خۆشحاڵم كه‌ له‌ كوردستان رێگا له‌ كاری هونه‌ری ناگیرێ
گۆران لاوێكی كوردی نیشته‌جێی وڵاتی بەریتانیایه‌ و قوتابی زانکۆی ئەکادیمیای موزیکی ئەو وڵاتە و کوڕی هونەرمەند “بورهان موفتی زادە” یە کە له‌گه‌ڵ چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی كوردی پارچه‌كانی كوردستان كاری كردووه، گۆران ئێستا خەریکی كار كردنه‌ له‌گه‌ڵ خانمه‌ هونه‌رمه‌ندی ناوداری جیهانی سیلین دیۆن و چه‌ند رۆژێكه‌ به‌ سه‌ردان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان، له‌ ده‌رفه‌تێكدا چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ی كرد.

ئا:بەهرە سدیق

* ئەو گرووپە موزیكە كێن و چۆن كاریان لەگەڵ دەكەی؟

-ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە من بەتەنیا وە‌ك هونەرمەندێكی كورد كار دەكەم لەگەڵ كۆمپانیایەك كە تایبەتە بە ئاهەنگ گێڕانی هونەری تەلەفزیۆن و هونەرمەندانی تر.

*وەك كوردێك توانیوتە شوێنی پەنجەی خۆت لەو كۆمپانیایە بكەیتەوە كە زۆربەی كارەكانیان نوێن؟

- بەڵێ تا رادەیەك توانیومە ئەمە بكەم، چونكە من لە خانەوادەیەكدا پەروەردە بووم كە مۆسیقای كوردی كاریگەری تەواوی لەسەر هەبووە لە هەردوو بواری تێكست و مۆسیقادا.

*ئەی بورهان موفتی زادە تا چەند كاریگەری بەسەرتەوە هەبووە؟

- شانسی ئەوەم هەیە باوكم ئاوازەكانی بۆدروست كردوومە نەك تەنیا بۆم بژەنێ، باوكم لای هەموو خەڵك بەوە ناسراوە كە ئاوازەكان تەواو بكا و ئەوانیش بەكاری بهێنن، بەڵام من لە منداڵییەوە بەدیارییەوە دانیشتووم و بینیومە چۆن دروستیان دەكا و وشەكانی لەكوێ دادەنێ، بە گشتی ئەو هونەرە لەباوكمەوە فێربووم

*جگە لە هونەرمەندە بەناوبانگەكانی جیهانی، لەگەڵ هونەرمەندە كورديیەكان ئاشنایەتیت چۆن بووە؟

-زۆر حەز دەكەم لەگەڵ هونەرمەندانی كورد كار بكەم لە كوردستان، هیوادارم بێمەوە كوردستان و زیاتر لەسەر میوزیكی كوردی كار بكەم بۆ ئەوەی بتوانم لە ئاییندە زیاتر خزمەت بەو هونەرە بكەم، تا ئێستاش لەگەڵ چۆپی و شەهێن تاڵەبانی و تارا رەسوڵ كارم كردووە، لەهەوڵی ئەوەش دام هونەرمەندی كوردی ببەمە كۆلێژی میوزیكی ئەمەریكی و ئەفریقی، ئەگەر سەیری ئەم كۆلێژە بكەی زۆر هونەرمەندی ناودار هەیە لە ئەمەریكای باشوور و ئەفریقیا دێت، بۆ هونەرمەندی كوردیشی لێ نەبێ بۆ ئەوەی هونەرەكەمان لە دنیا زیاتر بناسرێت، هیوادارم بتوانم ئەو كارە بكەم.

* ئەو گرووپەی لەرێگەی تۆ یان بۆ خۆیان ئاشنایەتیان بە هونەری كوردی هەبووە؟

- كاتێك من گوتم كوردم ئەوان لێكۆڵینەوەی زۆریان كردبوو لەسەر كوردستان، منیش دەربارەی كەلتورو مێژووی كوردستان زۆر شتم نەدەزانی ئەوە بۆ ئەوان گرنگ بوو تاكو بزانن من لەكوێوە هاتووم، ئەوان ئاشنایەتییان نەبووە، بەڵام ئێستا زانیارییان هەیە نەك هەر لە هونەری بەڵكو لە سیاسی، كۆمەڵایەتی، مێژووییش.

* وەك گەنجێك لەگەڵ ئەو گرووپە هەوڵتان نەدا بتوانن كاری كوردی زیاتر بكەن؟

- لەزووەوە دەزانم لە كوردستان پشتگیری لە هونەرمەندان و كاری هونەری دەكرێ بۆپێشخستنی هونەر، ئێستا هونەرمەندێكم و هونەرەكەم گەیشتۆتە ئاستی ستاندارد و كۆنتاكی زۆرم هەیە و ئەگەر پرۆژەیەكی هونەری كوردی هەبێ دەتوانم ئەنجامی بدەم

*هەوڵت نەداوە هونەرمەندی كوردی لە گرووپەكەتان كار بكات ؟

- هەوڵم داوە و ئێستا لە سەرەتای هەوڵەكانم دام كە بریتییە لە هاتنەوەم بۆ كوردستان.

* هیچ هونەرمەندێك دەست نیشان كراوە بۆ ئەم كارە؟

- بەڵێ هونەرمەندمان دەستنشیانكردووە، بەڵام لە ئێستاوە ناویان ناهێنم تاكو كارەكە بە یەكجاری یەك لا دەبێتەو نەوەك دواتر نەگەینە هیچ ئەنجامێك.

* لە گروپەكەتان زیاتر چ شێوازو ستایلێكی میوزیكی پەیڕەو دەكرێت؟

-كارەكەم جیاوازە ئەگەر بۆخۆم كاربكەم ستایلی خۆم كلاسیكییە و تا رادەیەك حیجازیە، ئیتر لە هەموو ستایلێك كارم كردووە لە پۆپ و حیجازی و كلاسیك، گرووپەكە میوزیك نییە گرووپی بزنس میوزیكە، میوزیكەكە هێمنە بەپێی ئەو ستایلەی ئیشی لێ دەكەم ئەوان گرووپەكەم بۆ دەدۆزنەوە، بۆ نموونە ئەگەر بمەوێ كاری كلاسیك بكەم ئەوا بە ئۆركسترای كلاسیك كار دەكەم یان عەرەبی بێ بەهەمان شێوە، ئێستا پرۆژەیەكم هەیە گۆرانییەكی زۆر جوان و لە ستایلی عەرەبییە پەنا بە خوا دوو مانگی تر تەواو دەبێت.

*وەك ئاماژەت پێدا بە نیازی لەگەڵ بیۆنسی كار بكەیت و لەگەڵ سیلین دیون كارت كردووە، بەڵام نیازی ئەوەت نییە لە فیستیڤاڵی جیهانی بەشداری بكەی؟

- لە فیستڤاڵی بی بی سی كە گەورەترین ڤیستڤاڵی ئەوروپایە داوایان لێكردووم كەئاوازێكیان بۆ بنووسم دوای ئەویش لە چەند ڤیستڤاڵێكی تر لە ئینگلتەرا و فەرەنسادا بەشداریم كردووە، لەبەرازیلیشدا ئەم ساڵ لە مانگی ئادار بەشداریم لە چەند فیستیڤاڵێكدا كرد و بڕیار وایە لە ماوەی داهاتووشدا بەشداری بكەمەوە لە پێشبڕكێی خزین لەسەر ئاو كە ساڵانە زیاتر لە 15 هەزار كەس تێیدا بەشدارن.
ئەوەی زیاتر دڵخۆشی كردم و لەم سەردانەمدا ئەوەیە كە كاری هونەری بە هیچ شێوەیەك رێگای لێناگیرێت.





Top