گرووپی شه‌مس گۆرانی كوردی له‌ تاران پێشكه‌ش ده‌كات

گرووپی شه‌مس گۆرانی كوردی له‌ تاران پێشكه‌ش ده‌كات
گرووپی موزیكی "شه‌مس" به‌ سه‌رپه‌ره‌ستی موزیكزانی كورد كه‌یخوسه‌ره‌و پوورنازری و به‌ ده‌نگی گۆرانیبێژی ئێرانی عه‌لیره‌زا قوربانی، گۆرانی و موزیكی كوردییان پێشكه‌ش كرد.
گرووپی موزیكی "شه‌مس" به‌ سه‌رپه‌ره‌ستی و ئاوازدانه‌ری موزیكزانی ناوداری كرماشانی كه‌یخوسه‌ره‌و پوورنازری و به‌ ده‌نگی گۆرانیبێژی ئێرانی عه‌لیره‌زا قوربانی، هه‌روه‌ها به‌ ئاوازدانه‌ری موزیكزانانی لاوی كرماشانی ته‌هموورس پوورنازری و سۆهراب پوورنازری، له‌ كۆنسێرتێكدا به‌ ناونیشانی "بر سماع تنبور" له‌ شه‌وانی 11 -22 ئه‌یلول/ سه‌پته‌مبه‌ری 2011، چه‌ندین پارچه‌ موزیكی ئامێری ره‌سه‌نی ته‌نبوور و هه‌روه‌ها دوو گۆرانی كوردی به‌ ناوه‌كانی "ئه‌ی یه‌زن" و "ئه‌رێ له‌یلێ"یان له‌ ته‌لاری وه‌حده‌تی تاران پێشكه‌ش كرد.

كۆنسێرته‌كه‌ له‌ دوو به‌شی موزیكی ته‌نبوور و موزیكی نه‌ته‌وه‌یی ئێراندا پێشكه‌ش كرا، له‌م به‌رنامه‌یه‌دا هه‌ر وه‌كو كۆنسێرته‌كانی پێشووی گرووپی موزیكی "شه‌مس"، پوورنازرییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای موزیكی ره‌سه‌ن و به‌ستانی ئامێری ته‌نبوور و موزیكی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر شیعره‌كانی شاعیرانی ناودار مه‌ولانا، سه‌لمان ساوجی و فه‌ره‌یدوون موشیری ئاوازیان دابه‌شكردووه‌.

له‌ كۆنسێرته‌كه‌دا بۆ یه‌كه‌مین جار پارچه‌ موزیكی ئه‌فسانه‌ی ته‌نبوور به‌ ئاوازدانه‌ری كه‌یخوسره‌و پوورنازری و به‌ ده‌نگی عه‌لیره‌زا قوربانی پێشكه‌ش كرا.

ئه‌م پارچه‌ موزیكه‌ كه‌ به‌ شێوازی پێكه‌وه‌ژه‌نینی گرووپ و ده‌نگی گۆرانیبێژ سازكراوه‌ له‌ به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م كۆنسێرته‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ئامێری ته‌نبوور پێشكه‌شكرا.

له‌م كۆنسێرته‌دا گرووپی موزیكی "شه‌مس" تاكژه‌نی، پێكه‌وه‌ژه‌نینی گرووپ و هه‌روه‌ها چه‌ندین پارچه‌ موزیكییان فارسی و كوردیان پێشكه‌شكرد، كه‌ بریتی بوون له‌:

به‌شی یه‌كه‌م: تاكژه‌نی ته‌نبوور له‌ لایه‌ن سۆهراب پوورنازری، پێكه‌وه‌ژه‌نینی ئامێره‌كانی ته‌نبوور، ده‌ف و ئامێره‌ كوتراوه‌كان له‌ لایه‌ن سۆهراب پوورنازری، حوسێن ره‌زایی نیا و هۆمایوون نه‌سیری، "ئه‌فسانه‌ی ته‌نبوور" به‌ ئاوازدانه‌ری كه‌یخوسره‌و پوورنازری، "ئه‌فسانه‌ی دڵ" به‌ ئاوازدانه‌ری كه‌یخوسره‌و پوورنازری، شیعر: مه‌ولانا، "كوی عیشق" به‌ ئاوازدانه‌ری ته‌هموورس پوورنازری، شیعر: مه‌ولانا.

به‌شی دووه‌م:"ئه‌ی دڵ" (به‌شی مێلۆدییه‌كی جوانی حه‌مید موته‌به‌سیم) به‌ ئاوازدانه‌ری ته‌هموورس پوورنازری، شیعر: مه‌ولانا، "خان و جیهان" به‌ ئاوازدانه‌ری ته‌هموورس پوورنازری، شیعر: مه‌ولانا، "نوور" به‌ ئاوازدانه‌ری ته‌هموورس پوورنازری، شیعر: فه‌ریدوون موشیری، "از عیشق" به‌ ئاوازدانه‌ری سۆهراب پوورنازری، له‌م به‌شه‌دا دوو گۆرانی كوردی به‌ ناوه‌كانی "ئه‌ی یه‌زن" و "ئه‌رێ له‌یلێ" له‌ لایه‌ن گرووپی موزیكی شه‌مس، به‌ ده‌نگی عه‌لیره‌زا قوربانی و هه‌روه‌ها به‌ ده‌نگی ئه‌ندامانی دیكه‌ی گرووپ پێشكه‌شكرا.

ئه‌ندامانی گرووپی موزیكی "شه‌مس" له‌ كۆنسێرتی "بر سماع تنبور" بریتی بوون له‌:
كه‌یخوسه‌ره‌و پوورنازری ـ ئاوازدانه‌ر، ژه‌نیاری ته‌نبوور و تار، عه‌لیره‌زا قوربانی ـ گۆرانیبێژ، ته‌هموورس پوورنازری ـ ئاوازدانه‌ر، ژه‌نیاری ته‌نبوور و تار، سۆهراب پوورنازری ـ ئاوازدانه‌ر و ژه‌نیاری ته‌نبوور، حوسێن ره‌زایی نیا ـ ژه‌نیاری ده‌ف و ده‌هۆڵ، كاوه‌ گرایلی ـ ژه‌نیاری ته‌نبوور و سێتار، نیگار خاركه‌ن ـ ژه‌نیاری كه‌مانچه‌، هۆمایوون نه‌سیری ـ ژه‌نیاری ئامێره‌ كوتراوه‌كان، له‌وانه‌: دووم دووم، كووزه‌، كاخوون و جیمبی، مێهیار ته‌ریحی ـ ژه‌نیاری سه‌نتوور، بابه‌ك غه‌سالی ـ ژه‌نیاری عوود، نیكناز میرقه‌له‌می ـ ژه‌نیاری ته‌نبوور، عه‌لیره‌زا جه‌وادی ـ ژه‌نیاری ته‌نبوور، خورشید دادبه‌ ـ ژه‌نیاری به‌متار و ته‌نبوور و سێپه‌ند دادبه‌ ـ ژه‌نیاری ته‌نبوور.
Top