گــەنجان چـۆن پەرە بە شـــانـۆی كــوردی دەدەن؟
زۆر جار گوێبیستی ئەوە دەبین كە شانۆی كوردی بە گشتی لە قەیرانێكی قووڵدایە و هیچ جۆرە پێشكەوتنێكی پێوە دیار نییە و چەقبەستووە، هەروەها هونەرمەندان ساڵانی حەفتا و هەشتاكان بە سەردەمی زێڕینی شانۆی كوردی دادەنێن ئەمە لە كاتێكدا كە وڵات بندەست و داگیركراو بوو، ئەوەی جێگای داخە لەم كەشوهەوا ئازادەدا كەچی شانۆ لە بارودۆخێكدایە كە ئیرەیی پێ نابرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی لێرە و لەوێ كاری شانۆیی ئەنجام دەدرێت، هەروەها بەشێك لە شانۆكاری گەنج دەبینرێن كە ماوە ماوە كارێك پێشكەش دەكەن، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم شانۆكارە گەنجانە دەتوانن ببنە فاكتەری پێشخستن و سەرلەنوێ گەشانەوەی شانۆی كوردی، سەبارەت بەم پرسە چەند هونەرمەندێكمان هێنایە ئاخافتن.
گەنجانی ئەكادیمی هەموویان هونەرمەند نین
مامۆستا و هونەرمەندی گەورە ئیبراهیم حەكیم پێی وایە(شانۆكاری گەنج هەن هاتینە ناو بواری شانۆ بە روحێكی زۆر ئەكادیمیەوە و بە تەكنۆلۆژیایەكی جوان كار دەكەن، بەڵام هیوادارین ئەوانیش وەك ئەوانی تری پێش خۆیان لەخۆبایی نەبن، لێیان رادەبینم بتوانن خزمەت بەهونەری شانۆی كوردی بكەن هیواداریشم كە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و بەرێوەبەرایەتی هونەری شانۆ و بەرێوەبرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەر رێگریان نەبن و ئاسانكاریان بۆ بكەن بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن خزمەت بەهونەری شانۆی كوردی بكەن و لەو قەیرانەی رزگار بكەن، ئەمانە بیری نوێ و تەكنۆلۆژیای خۆیان هەیە بەڵام چونكە ئەوانەی ئەكادیمین هەموویان نەبوونەتە هونەرمەند هەیانە زۆر بە توانان لەرووی پراكتیكی بەمەرجێك رێگریان نەكەن، پێویستە حكومەتی هەرێم لەرووی ماددی و مەعنەوی پشتگیریان بكات، چونكە ئەوانە دەتوانن خزمەت بە هونەری كوردی بكەن،بەداخەوە ئەوەی دەیبینم ئەوەیە وەزارەتی رۆشنبیری ئەو گەنجە داهێنەرانەی كە هەیە نەیتوانیوە خزمەتیان بكات و بوودجەی باشیان بۆ دابین بكات و كۆسپ و تەگەرەیان بۆ نەهێلێ، ئەگەر هونەرمەندێك داهێنەر نەبێ ئەوا مسۆگەر بازرگان نییە، هەر كارێك سیاسەت و هونەری بازرگانی كەوتە ناوی ئەوا باش نابێت، هیوادارم وەزارەتی رۆشنبیری پشتیان تێ نەكات.
پەلەكردنیان پێوە دیارەو دەیانەوێ رابردووی خۆیان بسڕنەوە
هەر سەبارەت بەم باسە گرنگە هیوا سوعاد بەرێوەبەری هونەری شانۆ دەڵێت: ئەو گەنجانەی كە ئێستا كار دەكەن بێگومان دوو شتیان پێوە دیارە و هەستیان پێدەكرێت،یەكەمیان ئەوەیە پەلەكردن دووەمیش»هەوڵ دەدەن پێشی خۆیان بسڕنەوە بە جۆرێك دەتوانین بڵێین سڕینەوەك لە ئارادایە لەلایەن ئەو هونەرمەندە گەنجانەوە، پێویستە ئەو گەنجانە كە كار دەكەن سەرەتا بەدوای پێناسەیەكی روون و ئاشكرای شانۆییدا بگەرێن لەپاڵ ئەوەشدا ئەو توانا و بەهرەیەی كە هەیانە بۆ كاری باش بۆ چالاكی شانۆیی و خزمەت كردن بە شانۆی كوردی بخەنە گەڕ، ئەگەر بڵێین ئەو گەنجانە دەتوانن گۆڕانكاری بكەن بەڵێ دەتوانن، بەڵام سەر لەنوێ دامەزراندنەوەی شانۆیی كوردی و دروست كردنەوەی ئەوەیان دروشمێكی گەورەیە و ناكرێ، شانۆی كوردی بزاڤێكە هەیە، بەڵام بێگومان دەتوانن گۆڕانكاری تێدا بكەن هەموو گۆڕانكاریەك لەدەست نەوەی نوێ و لەپاڵ هەبوونی ئەزموونێكی زۆردا دەبێت، ئەوان ئەگەر زیاتر باوەریان بەبەهرە و توانای خۆیان هەبێت، بەڵام بە زیاتر بەدواداچوونی شانۆی كوردی و قوڵ بوونەوە لە هونەری شانۆدا دەتوانن كاری باش پێشكەش بكەن ئەو كارە باشانەش تێكڕای دەبێتە مایەی گۆڕانكاری دروستكردن لە شانۆ، لەوانەیە گەنجانێك هەبن بڵێن ئێمە گۆڕانكاری دەكەین، بەڵام مەرج نییە هەموو گۆڕانكاریەكیش ببێتە هۆی پێشكەوتن، بزووتنەوەی شانۆ هەمیشە لە ئەزموون دایەو هونەرمەندیش كارەكانی وەك ئەزموونێك تەواوكەری یەكتر دەبێ، یەك پێشبركێی ئەوەی تر بكات، لەتێكرایی ئەزمونەكان دەتوانن شتی باشترو نوێتر پێشكەش بكەن، لێرەدا پێویستە گروپێكی زۆر باش و بەتوانا بۆ بواری شانۆ هەڵبژێردرێت تاكو بتوانن لە سیناریۆ و پێشكەشكردن و هەموو بوارەكانی شانۆ سەركەوتوو بن»
گەنجانی شانۆكار ناتوانن بەتەنیا شانۆگەری كوردی دابمەزرێننەوە
مامۆستا عەلی ئەحمەد كە تەمەنێكی زۆری خۆی لە خزمەت كردنی هونەری كوردی بەسەر بردووە بە راشكاوی دەڵێت»نەخێر ناكرێ گەنجەكان ئەزموونی هونەرمەندانی پێش خۆیان بسڕنەوە، چونكە ئەو مێژوویەی ئێمە نزیكەی 30 ساڵە هەیە و دوژمنی پێ دڵگران بووە، هونەرمەندانی ئەو كاتی پێشمەرگە بوون گەنجانی ئێستا ناتوانن ئەو مێژووە دووبارە بكەنەوە بەڵكو پێویستە دەست لەناو دەستی خاوەن ئەزموونەكان بنێن، ئەوانیش دەتوانن شت دروست بكەن و ئێمەش دەتوانین سوود لەهێزو توانای ئەوان وەربگرین، چونكە بەتەنیا ئیش ناكرێ و دەبێ هەردوولا شان بەشانی یەكتر ئیش بكەین، هیچ شتێك بێ بناغە نابێ لەبەر ئەوە كارێكی نارەوایە ئەوانەی مێژوویان تۆمار كردووەو ماندووبونیان كێشایەو كاری چاكیان كردووە ناكرێ ئەمرۆ قەلەمێكی بەسەر دابێنن و بیانەوێ تازەگەری بكەن، چونكە دەكەونە بەردەم بەرپرسیاریەتی مێژوو».
لەگشت قۆناغەكانی شانۆی كوردی گەنج فاكتەری سەرەكین
مامۆستا یاسین بەرزنجی دەڵێت: بەڵێ گەنجان دەتوانن ئە كارە بكەن، چونكە ئەوان فاكتەری سەرەكین بۆ كاراكردنی بزاڤە شانۆییەكان، لە ئێستادا شانۆییە كوردی تووشی قەیران بووە جارێكی تر گەنجان دەتوانن ببنەوە هۆكاری بەدەرخستنی شانۆیەكەیان، دەبێ رەچاوی ئەوە بكەن كێبركێی زۆر لەبەرامبەر ئەوانە هەیە لەلایەن دراما بیانیەكان پێویستە ئەوان گرووپێكی زۆر چاك هەڵبژێرن بۆ سەر شانۆ و رەچاوكردنی لایەنی هونەری و بەرجەستەكردنی كارە شانۆییەكان و تێكستیان و رەفتاریان لەسەر شانۆ و هەموو كەرەستە شانۆییە پێشكەوتووەكان بەكار بێنن، هەڵبەتە دەتوانن كارێكی وا بكەن كە بتوانن ئەو مێژووە ببوژێننەوە، بۆیە بە دڵنیاییەوە گەنجانن لەناو ئەو مەیدانەدا كار دەكەن لەگەڵ ئەوەشدا هونەرمەندانی پێشوو دەوری خۆیان هەیە بەپێی ئەو ئەزموونەی هەیانە».
گەنجەكانمان خۆیان نازانن چییان دەوێت و چی دەكەن
هونەرمەند بە توانا و لێهاتوو خاتوو نەرمین كاوانی دەڵێ: من یەكێكم لە وانەی كە عاشقی شانۆم و هەتا بێت زیاتر و زیاتر خۆشم دەوێت، بەڵام بە داخەوەم كە دەڵێم زۆر زۆر ڕەشبینم بە رەوشی شانۆ لێرە و لەوێ كاری شانۆیی دەكرێت، بەڵام زۆر كاڵ و كرچن و جێی دڵخۆشی نین بە داخەوە لە ئێستادا ئەگەر وا بڕوات بە هیچ شێوەیەك چاوەڕێی قۆناغی بەرەو پێش چوون و سەردەمی زێڕین ناكەم .
كارەكان تەنها بۆ بە سەربردنی كات و حەزێكی كاتین لە لای هونەرمەندەكە و هیچی تر، ناتوانین بڵێین كاری جددی و زۆر هونەری و زۆر ناوازەن، چونكە گەنجەكانمان خۆیان نازانن چییان دەوێت و چی دەكەن لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان پڕ نەكردووە بە چەكی زانیاری و ئەكادیمی تایبەت بە بوارەكە بۆیە كارەكان كاڵ و كرچ دەبن.
لەلایەكی تریشەوە شانۆ نەبۆتە خەمێك و نەبووەتە عیشق و پێویستی لە لایان، بۆیە ناتوانن لەم قەیرانە وا بە ئاسانی تێبپەڕێنن و ڕزگاری بكەن زۆر بە داخەوە دەڵێم «من ڕەشبینم».
1 یان 2 كار لە ساڵێكدا دەبینی كە جێگای دڵخۆشی بێت، بەڵام ئەوەش زۆر كەمە و ناتوانین بڵێین كار و هەوڵی زۆر باشن لێرەشدا بەس گەنج ناتوانێت ئەمە بكات بە ڕاستی پێویستی بە پاڵپشتی حكومەت و لایەنی بەرپرسە پاشان كادری ئەكادیمی زۆر باش لە بوارە جیاجیاكاندا لە سەروو هەموو ئەمانەشەوە ماددە واتا بودجەی تەواو بۆ كاری هونەری زۆر پێویستە و كۆڵەكەی كاری هونەرییە.
هەر لێرەوە ئومێد دەكەم شانۆ لەو قەیرانە بێتە دەرەوە و ببێتەوە پێویستی ڕۆژانە بۆ خەڵك و منیش جارێكی تر بچمەوە سەر شانۆ و لەوێوە هاوارەكانم بكەم.