دەشنێ :ئامانجی بەرنامە چاوەڕوان كراوەكەم جوڵاندنی سۆزی گەنجە بۆ نیشتیمانەكەی
ئا:رۆشنە عومەر
* دەشنێ لە پێشكەشكارەوە بۆ گۆرانی گوتن و دووبارە بە نیازە بگەڕێتەوە بۆ بەرنامە ئەوە بۆچی؟
-پێشكەشكاری هەمیشە بەشێك بووە لە ژیانی من ئەگەر لە شاشە دەرنەكەوم مانای ئەوە نییە پێشكەشكاری لە رۆحما وەستاوە، پێشكەشكاری وگۆرانی گوتن وهونەر ئەمانە لەناخی من دەرناچن، رۆژانە پێشكەشكاری لەگەڵمدا دەژی، و ئاگاداری زۆر لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەكانی جیهانی و كوردستانم، شەش مانگ ئامادەكاریم كردووە كە بگەڕێمەوە سەر شاشە، دوو ساڵ وەستا بووم وەكو بینەر خۆم ناسی، خەڵك زانی دەشنێ كچێكە بەرنامەی پێشكەش كردووە و سەركەوتووە بووە، بێگومان رەخنەش هەبووە ئیتر بیرم كردەوە بەشێوەیەكی تر خزمەت بكەم.
* دەشنێ لە چ شاشەیەك دووبارە دەگەڕێتەوە و سروشتی كارە نوێیەكەی چونە؟
-جارێ ئاشكرای ناكەم لە چ كەناڵێكە ئەوە بەنهێنی دەمینێتەوە، بەڵام جۆر و سروشتی بەرنامەكە شێوازیكی تایبەتە، هەر لەناو ستۆدیۆم، بەڵام ریپۆرتاژی تایبەت ئامادە دەكرێت بۆ بەرنامەكە لە هەموو شوێنەكانی دونیا لە ئەمریكا بیگرە تا ئەفریقا، باس لەو كێشانە دەكەین كە گەنجی كورد لە دەرەوە دووچاری دەبن و چۆن چارەسەری دەكەن، لەهەمان كاتدا راپرسی جیاجیای لە كوردستان ئەنجام دەدرێت، ئێمە دەمانەوێ گەنج خۆی بێت راستییەكان ئاشكرا بكات، بەرنامەكە كۆمەڵایەتی رۆشنبیری گەنجانە دەبێت، چونكە ئەركی منە وابكەم گەنج ئینتمای بۆ نیشتیمانەكەی هەبێت. بەكورتی ئامانجی بەرنامەكەم ئەوەیە كە سۆزی گەنج بۆ نیشتیمانەكەی بجوڵێنیت، خوشەویستی نیشتیمانی و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان وهەست و سۆزی گەنج بۆ نیشتیمان بەهێز تر بكەین.
* زۆرێك لە بەرنامەكان تەنها باس لە كێشەكان دەكەن، بەڵام چارەسەرەكان فەرامۆش كراوە تۆ لە بەرنامەكەتدا بیرت لە چارەسەر كردۆتەوە؟
- ئەوەی كە ئێمە دەمانەوەێ نیشانی بەڵگەو زانیارییە، بۆ نموونە كاتێك ئێمە باسی ژینگە دەكەین باسی چۆنیەتی چارەسەر كردنی كێشەكانی ژینگەش دەكەین كە بە ریگایەكی ئاسان و نرخێكی هەرزان چارەسەرەكان بكرێت، لەبارەی ئافرەتانەوە من كچێكی تەمەن 25 ساڵانم مافی ئەوەم نییە ئامۆژگاری ئافرەت بكەم، چونكە ئەوەندە تەجروبەم لەسەر كێشەكانی ئافرەت نییە لە ناو كۆمەڵگا بۆیە من خۆم جارێ ئەوە قبوڵ ناكەم من ئەمەوێ ئەوە بسەلمێنم كە هەموو گەنجێك دەتوانێت ببێت بە گەورەترین مرۆڤ بۆ وڵاتەكەی.
* بەرنامەی بی كونترۆڵ بووە هۆكارێك بۆ ئەوەی روو لە هونەر بكەی یاخود پێشتر ئارەزووی هونەرت هەبوو؟
- من بەر لە بەرنامەی (بێ كونترۆڵ) خولیای هونەرم هەبوو، ئەرشیفم هەیە كاتێك قوتابی بووم لە هۆڵەندا لە تەمەنی 12 ساڵان گۆرانی دەڵیم و سەما دەكەم، بەڵام تواناكانم كەم بوون دواتر وردە وردە خوم پێشخست و ئێستاش هەست دەكەم لە سەرەتام و بەردەوامیش دەبم.
* هەست دەكەی بە گۆرانییەكانت خزمەتت بە هونەری كوردی كردووە؟
-لەگەل ئەوەی ئەو پرسیارە تۆزیك قورسە، بەڵام دەتوانم بڵێم بەڵێ، چونكە كاتێك دەبینم منداڵی كورد وەكو من جل لەبەر دەكات یان زۆر كەس هەبووە گوتویەتی دەشنێ من لە رێگای تۆوە گوێ لە گۆرانی كوردی دەگرم،هەست دەكەم ستایلیكی ترم هێناوە، چونكە هونەر و زمانی موسیقا سنووریان نییە، من كە ستایلی پۆپم هێناوەتەوە ناو هونەری كوردیەوە توانیومە بەو توانا بچووكەی خۆمەوە خزمەتێكی هونەری كوردی بكەم.
* بەنیاز نیت واز لەو ستایلە (پۆپ) بهێنی یان هەر بەردەوام دەبیت؟
- هەر بەو ستایلە بەردەوام دەبم، چونكە خوم لەو ستایلە دۆزیوەتەوە هەر حەزیشم بە گۆرانی گوتنی خێرایە، بەڵام هەوڵدەدەم لە داهاتوو كە ئەزموونی زیاترم پەیدا كرد بەرەو ستایلیتی تر بڕۆم.
* هەست ناكەی لە داهاتوو ئەگەر لەگەڵ یەكێكی تر یان هونەرمەندێكی تر كار بكەیت ئەو كات ناوبانگت زیاتر دەبێت؟
-ئەوەیان دەبێ تاقی بكرێتەوە، بەڵام ئێستا خەریكی بەرنامەكەمم نامەوێ بە هیچ جۆرێك خۆم بە كاری ترەوە سەرقاڵ بكەم بۆ ئەوەی هەموو ماندوو بوونم بۆ بەرنامەكە بێت.
* تۆ پێشكەشكار بووی و سەركەوتوو بوویت، بەڵام گەر سەیر بكەین پێشكەش كار هەیە لاساییت دەكاتەوە كەچی وەكو تو سەركەوتوونەبووە ئەوە هۆكارەكەی چییە؟
-من دڵمخۆشە كە ئێستا پێشكەش كار دەبینم بە هەموو متمانەوە لەسەر شاشە دەردەچن و جوڵە دەكەن ئەوە بۆ من شانازییە، بەڵام بۆ من ئەوە ناخۆشە تەنها یەك كەس هەیە كە بەهەموو جۆرێك لاسایی من بكاتەوە ئیتر منیش ئەوم فەرامۆش كردووە، بەڵام ئیستا چەندین كچی باش دەرچوون لە كەناڵەكانی زاگروس و كوردسات و ڤین تیڤی و چەندین كەناڵی تر من پێمخۆشە سوود لە من وەربگیرێت، بەڵام بە تەواوی كۆپیەكی من نەبێت.
* دەشنێ خۆشەویستی كردووە یاخود عاشق بووە؟
-درۆیە ئەگەر یەكێك بڵێت من خوشەویستیم نەكردووە، ئەگەر بەتەلەفۆنیش بێت كەسێك هەبووە دڵی بۆی لێداوە، بەڵام من ئەوندە بێ شانسم باوەڕم بە خوشەویستی نەماو، چونكە من ئەوەندە بیر لە چیرۆكەكانی مەم و زین و شیرین و فەرهاد دەكەمەوە لەوە تیگەیشتووم كە خۆشەویستی پاك ئەوەندە كەمە ناكرێ خەڵك هەستێت ئەو چیرۆكە دەگمەنانەی لە خەیاڵی خۆی دروست بكات، بۆیە من پێموایە تەمەنی 30 ساڵی گونجاوە كە شوو بكەم، ئیتر زۆر بڕوام بە خۆشەویستی نییە.
*بەشێك لە كچان دەڵێن خۆزگە پیاو دەبووم ئەی تو چیدەڵێی ؟
-بەڵی لە كۆمەڵگای كوردیدا خۆزگە پیاو دەبوون، بەلام من شانازی دەكەم بەوەی كە توانیومە نیشان بدەم و بە پیاوان بڵێم توانام هەیە هیچم لەتو كەمتر نییە، بەڵام بەڵێ لە كۆمەڵگای كوردی خۆزگە پیاو بوومایە.