(دیلمان دیۆ) بۆچی لە هەولێر دەمێنتەوە و ناچێتەوە بۆ هەندەران؟

(دیلمان دیۆ) بۆچی لە هەولێر دەمێنتەوە و ناچێتەوە بۆ هەندەران؟
گۆرانیبێژ (دیلمان دیۆ) ماوەی (20) ساڵ لە هەندەران ژیانی بەسەر بردووە، لە ئێستادا ماوەی ساڵێكە گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و دەیەوێ لە كوردستان بمێنێتەوە و جارێكی دیكە نەگەڕێتەوە بۆ هەندەران و ژیانی ڕۆژانەی هاوشان لەگەڵ كارە هونەرییەكانی لێرە بەسەر ببات.

(دیلمان) كە شارەزایەكی زۆر چاكی لە جۆرەكانی بۆن عەتر و كرێم هەیە، ماوەی چەند ساڵێكیش لە هەندەران ئەو كارەی كردووە، لە ئێستادا لە شاری هەولێر دوكانێكی گەورەی لە بۆن عەتر داناوە و خۆی سەرپەرشتی دەكات.

لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" دەربارەی مانەوەی بە یەكجاری لە كوردستان گوتی: "ماوەی زیاتر لە (20) ساڵە لە هەندەران ژیان بەسەر دەبەم، بەڵام لە ئێستادا بڕیارم داوە لە كوردستان بمێنێتەوە و ژیان بەسەر ببەم، چونكە وا هەست دەكەم كوردستان زۆر خۆش بووە و لێرە دەتوانم درێژە بە پیشەكەم و كارە هونەرییەكانیشم بدەم."

گوتیشی: "لە ئێستادا لە شاری هەولێر خەریكی كاری خۆمم، كە بریتییە لە دوكانێكی تایبەت بە عەتر و بۆن و كرێم، كە هەموویان بە شێوازێكی مۆدێرن و ماركەی جیهانی هێناومە بۆ كوردستان و لە (2) دوكانی گەورەدا لە بازاڕی هاوچەرخی (تابلۆ مۆڵ) خەریكی ئەو كارەم و و خەڵكێكی زۆر سەردانم دەكەن بۆ كڕینی بۆن و عەتر و كرێمی تایبەت بە قژ و دەم و چاو، زۆر ئاسودەم بە كاركردنم لە شاری هەولێر."

(دیۆ) هەردەربارەی كارەكەی گوتیشی: "بەداخەوە لە كوردستان ئەو ماركانەی كە هەن لە بۆن و عەتر زۆربەیان تەقلیدن و بەكارهێنانیان جگە لە زیان بۆ پێست و دەم و چاو، هیچی دیكە نییە، لە هەندەران ساڵانێكی زۆر ئەو كارەم كردووە، بە شارەزایەكی زۆر تا توانیومە ئەو كارە بگرمە دەست، لە ئێستاشدا ئەو ماركانەی من هێناومن بۆ كوردستان هەموویان ماركەی جیهانی و مۆدێرنن."

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەی دا ئاماژەی بۆ دوایین كاری هونەری خۆی كرد و گوتی: "ماوەی (2) ساڵە ئەلبومێكی تازەی گۆرانیم ئامادە كردووە كە چەند گۆرانییەك لە خۆ دەگرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێنێكی باش بۆ كاری چاپ و بڵاوكردنەوەی سیدییەكەم تا ئێستا ئەلبومەكەم لای خۆم داناوە و جارێ بە نیاز نیم بڵاوی بكەمەوە، چونكە خەرجییەكی زۆرم لە ئامادەكردنی گۆرانییەكان خەرج كردووە، ئامادە نیم بە خۆرایی بڵاو ببێتەوە و من زەرەرمەند بم."

دەربارەی ناوەڕۆكی ئەلبومەكەیش گوتی: "لەم ئەلبوومە تازەیەمدا گۆرانییەكی هونەرمەندی هاوڕێی كۆچكردووم (ئەردەلان بەكر)ـم دووبارە كردۆتەوە، هەروەها گۆرانییەكی هونەرمەند (ناسری رەزازی)ـم بە هەمان شێوە گوتۆتەوە،

دوو گۆرانیش هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) ئاواز و تێكستەكەی بۆ ئامادە كردووم، دوو گۆرانیش خۆم ئاوازم بۆ داناوە، كاری میوزیكی ئەلبومەكەشم هونەرمەندانی هاوڕێم (حەسەن غەفوور و بڵند عەبدوڵڵا) هاوكارییان كردووم سوپاسیان دەكەم."
Top