ئەرسەلان دەروێش...(بێكەس) و ڕۆژگارەكەی دەهێنێتە سەر شانۆ

ئەرسەلان دەروێش...(بێكەس) و ڕۆژگارەكەی دەهێنێتە سەر شانۆ
هونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش)، لە نوێترین كاری شانۆییدا خۆی دا، بە هاوەڵی ئەندامانی تیپەكەی (تیپی شانۆی سالار)، سەرقاڵی مەشقە سەرەتاییەكانی شانۆییەكی سەمائامێزی كوردییە، كە ڕووداوەكانی ئەو بەرهەمە شانۆییە باس لە شاعیری ناوداری كورد (فایەق بێكەس) دەكات.

بە گوێرەی لێدوانی (دەروێش) ئەو بەرهەمە شانۆییە بە شێوازێكی چاك و سەردەمیانە ئامادەكاریی بۆ كراوە و بە یەكێك لە بەرهەمە ناوازەكانی ناوەزەد دەكات.

ئەو بۆ "هەولێر" گوتی: "ئەم بەرهەمە شانۆییە ئەزموونێكی شانۆیی تازە و سەردەمیانە و سەراپاگیرە، واتە لەو تەرزە نماییشە شانۆییەیە كە وێرای نواندن، میووزیك و سەما و گۆرانی تێكەڵ دەبێت، ژمارەیەكی گەورەیش لە هونەرمەندانی بوارە جیاجیاكان بەشداری تیادا دەكەن، وەك (ئەكتەر میووزیكزان و سەماكار)."

گوتیشی: "ئەنجامدەرانی كارە هونەرییەكانی دەقەكە لە لایەن هەریەك لە هونەرمەندی بە ئەزموون (ئەحمەد سالار)ـەوە نووسراوە، هونەرمەند (كاوان مەحموود)ـیش میوزیكی تایبەت بۆ شانۆگەریەكە ئامادە دەكات، هەروەها هونەرمەندان (یونس حەمەكاكە،

یاسین قادر بەرزنجی، سەركەوت حەمەسەعید، ئاشتی عوسمان دانش، فەرهاد عەبدوڵڵا، هاوڕێ قادر ڕەشید، چێنەر ئەحمەد، ئاشتی كەمال، مەریوان ئیبراهیم، دانا سەڵاح، هێڤی عەزیز، كەمال عەلی، بورهان محەمەد، شیلان عەبدوڵڵا، ڤیان ئازاد، سروە عەبدولرەحمان، ماردین سەڵاح، شاكار ئەبوبەكر، بیان مەحموود، شەماڵ ئیبراهیم پێشەوا عومەر، تاریق یاسین، لۆنا تاریق، باوان شێخ محەمەد)ـو چەندین هونەرمەندی دیكە بەشداری تیادا دەكەن."

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا دەڵێت: "هیوادارم ئەم نماییشە بتوانێت ڕوویەكی پرشنگداری مێژوویی بەرخودانی گەلەكەمان بێت لە میانەی بەشێك لە ژیان و هەڵوێستەكانی شاعیری نیشتیمانپەروەری كورد (فایەق بێكەس) و هاوشارییەكانی بەرجەستە بكات."

جێگەی ئاماژە بۆ كردنە ئەم بەرهەمە بە پشتیوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەسەرپەرشتی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەرهەم دەهێندرێت.
Top