كۆتایی هاتنی یادی دیلان به‌ئاهه‌نگ و گۆرانی

كۆتایی هاتنی یادی دیلان به‌ئاهه‌نگ و گۆرانی
به‌ پێشكه‌شكردنی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك و ئاهه‌نگێكی گۆرانی، یادی دوو رۆژه‌ی حه‌مه‌ ساڵح دیلان، كۆتایی به‌ كاره‌كانی هێنا.
ئه‌م یاده‌ ئێواره‌ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 11 ئه‌یلول/ سه‌پته‌مبه‌ر 2011، به‌ پێشكه‌شكردنی گفتوگۆیه‌كی ئه‌كادیمیانه‌و ئاهه‌نگی گۆرانی و موزیك بۆ گۆرانییه‌كانی دیلان كۆتای به‌و یاده‌ هات كه‌ له‌لایه‌ن لقی سلێمانی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورده‌وه‌ ساز كرابوو.

له‌ ده‌ستپێكی ئێواره‌ی كۆتایی یاده‌كه‌دا، گفتوگۆیه‌كی ئه‌كادیمیانه‌ له‌سه‌ر "هونه‌ری ده‌نگ خۆشی حه‌مه‌ ساڵح دیلان" له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندان مه‌زهه‌ری خالقی، خالید سه‌ركار و نیاز نوری پێشه‌شكرا.

له‌كۆتایشدا گه‌شتێك به‌ناو مه‌قام و گۆرانییه‌كانی شاعیر و گۆرانیبێژ دیلان كراو به‌و شێوه‌یه‌ كۆتایی به‌یاده‌كه‌ هات.

له‌لێدوانێكی پێشووتری جێگری سه‌رۆكی لقی سلێمانی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد فوئاد سه‌ڕاج بۆ ئاژانسی په‌یامنێر گوتی "لقی سلێمانی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد، وه‌كو ئه‌ركێكی سه‌رشانی خۆی ئه‌م چالاكییه‌ی بۆ شاعیرو هونه‌رمه‌ندێكی جوان و ناسك و داهێنه‌ر و شۆڕشگێری سازكرد، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌ساتییه‌ بیر نه‌وه‌ی خۆمان بێنینه‌وه‌".

گوتیشی "سازكردنی ئه‌م جۆره‌ یادانه‌ ئه‌ركی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورده‌و هونه‌رمه‌ند و شاعیری كۆچكردوش حه‌مه‌ ساڵح دیلان یه‌كێك بووه‌ له‌ئه‌ندامه‌ دێرینه‌كانی یه‌كێتییه‌كه‌مان".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد "ئێمه‌ پڕۆژه‌مان زۆر به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، به‌ڵام هه‌مووی پیویستی به‌كات و جێگه‌ی خۆی هه‌یه‌، ئه‌و كاتانه‌ی هه‌ركاتێك یه‌كێكمان گرته‌ كامێرای یادمانه‌وه‌، ده‌یخه‌ینه‌ پڕۆژه‌كانمانه‌وه‌و جێبه‌جێی ده‌كه‌ین".

محه‌مه‌د ساڵح دیلان ساڵی 1927 له‌ گه‌ڕه‌كی گۆیژه‌ی شاری سلێمانی له‌ دایكبووه‌، ده‌ستپێكی خوێندنی له‌ مزگه‌وت بووه‌.

له‌ ته‌مه‌نی بیست و یه‌ك ساڵیدا شیعری بڵاوكردۆته‌، له‌ ساڵی 1948 تا 1966 نۆ جار زیندانی كراوه‌، گه‌لێك جاریش دوورخراوه‌ته‌ وه‌ و تووشی ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌دان و نانبڕین بووه‌.

به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان شیعره‌ نیشتمانییه‌كانی دیلان رۆڵێكی گه‌وره‌یان له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری خه‌ ڵكی كوردستانداو بینیوه‌.

ئه‌م رۆشنبیره‌ كورده‌ ساڵی 1954 به‌بێ مۆڵه‌تی ده‌وڵه‌ت به‌ شداری له‌ كۆنگره‌ی ئاشتی و هاوكاری گه‌لاندا له‌ ڤیه‌ ننای پایته‌ختی نه‌مسا كرد.

دیلان جگه‌ له‌وه‌ی شاعیرێكی ديار و تێكۆشه‌رێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست بوو، كه‌سكێی ده‌نگخۆش و ئاوازدانه‌ر بووه‌.

شاعیر و گۆرانیبێژ له‌ 28ی تشرینی/ یه‌كه‌م ئۆكتۆبه‌ر 1990دا، به‌ نه‌خۆشی دڵ كۆچی دوایی كرد، له‌دوای خۆی چه‌ندین به‌رهه‌می شیعری و گۆران به‌جێهێشت.
Top