به‌چاودێری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌مین فێستیڤاڵی كلتوره‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری رانیه‌ سازكرا.

به‌چاودێری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌مین فێستیڤاڵی كلتوره‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری رانیه‌ سازكرا.
به‌مه‌به‌ستی گرنگیدان به‌ كلتوره‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پاراستن و بره‌وپێدانیان و له‌ یه‌كتر نزیك خستنه‌وه‌یان، سه‌نته‌ری رایه‌ڵ بۆ ئاڵوگۆڕی كلتوری و چالاكی رۆشنبیری له‌ چالاكییه‌كی تازه‌یدا هه‌ستان به‌ ئه‌نجامدانی فێستیڤاڵێكی بێوێنه‌، به‌مه‌به‌ستی پیشاندانی به‌شێك له‌ كلتوره‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌ نێوانیاندا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری ناوبراوه‌وه‌ بانگهێشتی چه‌ندین گروپی تیپی هونه‌ری میلـلی شاره‌كانی كوردستان كرا.
فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌پاركی ده‌روازه‌ی شاری رانیه‌و له‌سه‌ر سه‌كۆی هه‌مان پارك رێكخرابوو كه‌ تیایدا هه‌زاران هاووڵاتی سنووره‌كه‌ له‌ ئێواره‌ی 8-9 ـوه‌ بۆ ماوه‌ی 2 شه‌و بۆ سه‌یری نمایش و گوێگرتن له‌ چڕانی موزیك و گۆرانییه‌كانی تیپه‌ ملـلیه‌كانی كوردستان ئاماده‌یی گۆڕه‌پانه‌كه‌بوون.
له‌شه‌وی یه‌كه‌می فێستیڤاڵه‌كه‌شدا هه‌ر یه‌كه‌ له‌ وه‌زیری رۆشنبیری و نوێنه‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی هاوڕێی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و هاوشان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری حزبه‌كانی كوردستان و به‌رپرسانی یه‌كه‌ی ئیداری ناوچه‌كه‌، له‌گه‌ڵ هه‌زاران له‌ جه‌ماوه‌ری ناوچه‌كه‌ تا دره‌نگانی شه‌و له‌ پاركی ده‌روازه‌ مانه‌وه‌.
لای خۆشیه‌وه‌ نوێنه‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت، د.كاوه‌ مه‌حمود له‌ وتارێكی كورتدا بۆ ئاماده‌بووان به‌ناوی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ ده‌ستخۆشی له‌ ستافی سه‌نته‌ری رایه‌ڵ كرد، بۆ له‌یه‌ك نزیكردنه‌وه‌ی كلتوره‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
ناوبراو وتیشی: جێی خۆشحاڵییه‌ كه‌ ده‌بینین به‌و جۆش و خرۆش و برایه‌تییه‌وه‌ سه‌رجه‌م كلتوره‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ئاهه‌نگده‌گێڕن بۆ كوردستان و ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین، گرنگترین شتێكیش كه‌ ده‌بینرێت له‌و فێستیڤاڵه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تایبتمه‌ندی كلتوره‌كانه‌ له‌ كوردستان كه‌ سه‌رجه‌میان ناسنامه‌ی كوردبوونیان پێوه‌دیاره‌.
له‌ كۆتایشدا د.كاوه‌ وتی: ده‌كرێت ئه‌و جۆره‌ چالاكیانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سه‌نته‌ری شاره‌ گه‌وره‌كانیشه‌وه‌ بكرێن و بیكه‌ین به‌ نه‌ریتێك، هه‌رجاره‌و له‌ یه‌كێك له‌ شاره‌كانی كوردستان و قه‌زاو ناحیه‌كان ئه‌و جۆره‌ فێستیڤاڵانه‌ به‌خۆوه‌ ببینن و لێره‌شه‌وه‌ ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ بێت بۆ كرانه‌وه‌ی زیاتری ئه‌م فێستیڤاڵانه‌و ده‌سپێشخه‌ریانه‌.
دواتر هه‌ر له‌شه‌وی یه‌كه‌می فێستیڤاڵه‌كه‌دا، ناساندنی گروپه‌كانی به‌شداربووی چالاكییه‌كه‌ بوون و له‌ ده‌سپێكی چالاكی به‌رهه‌مه‌ هونه‌ریه‌كانیشدا، به‌نمایشی تیپی هونه‌ری شمشاره‌ی رانیه‌بوو، دوای ئه‌وه‌ش وتاری سه‌نته‌ری رایه‌ڵ پێشكه‌شكرا.
درێژه‌ی فێستیڤاڵیش له‌ یه‌كه‌م رۆژدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌نته‌ری هاوبه‌شی لوڕو تیپی هونه‌ری میلـلی سریانی و گروپی یانه‌و سیاچه‌مانه‌ی هه‌ورامان و تیپی هونه‌ری میلـلی نه‌ته‌وه‌ی سلێمانی، به‌رهه‌مه‌كانی خۆیانیان پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كرد.
هه‌ریه‌كه‌ له‌و 10تیپه‌ هونه‌ریانه‌ی به‌شداری فێستیڤاڵه‌كه‌بوون، پێشتر به‌شداری چه‌ندین چالاكی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان كردووه‌و خه‌ڵاتیان له‌ پێشبڕكێكان به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌كاتی سه‌ردانی ئه‌و تیپه‌ میلـلیانه‌ش بۆ به‌شداریكردن له‌ فێستیڤاڵه‌ هونه‌ریه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی 2 رۆژ، میوانی شاری رانیه‌بوون و له‌ ئێواره‌ی 8-9 به‌ دانانی چه‌پكه‌ گوڵی رێزلێنان له‌سه‌ر مه‌زاره‌كه‌یان، به‌شداریان له‌ پرسه‌ی 7 شه‌هیده‌كه‌ی بۆردمانی فڕۆكه‌كانی توركیا كردو له‌ نزیكه‌وه‌ هاوخه‌می خۆیان به‌كه‌سوكاری شه‌هیده‌كان راگه‌یاند.
هه‌ر له‌ درێژه‌ی چالاكی یه‌كه‌مین فێستیڤاڵی كلتوره‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌عات 4 ی سه‌رله‌ئێواره‌ی 9-9 له‌ هۆڵی كتێبخانه‌ی گشتی رانیه‌، دیالۆگێك بۆ كلتوره‌ جیاوازه‌كان، به‌ به‌شداری سه‌رجه‌م تیپه‌كانی به‌شداربوو رێكخراو باس له‌ ئاڵوگۆڕو هه‌ماهه‌نگی كاره‌ هونه‌رییه‌كان و فێستیڤاڵه‌كانی داهاتووكراو په‌یوندییه‌كانی نێوان ئه‌و تیپانه‌ پته‌وتر كرا.
دوا شه‌وی فێستیڤاڵیش به‌ به‌شداری 5 تیپی تری هونه‌ری میلـلی له‌ پاركی ده‌روازه‌ی رانیه‌ به‌ئاماده‌بوونی هه‌زاران كه‌سی سنووره‌كه‌ تاكو 11ی شه‌و فێستیڤاڵ به‌رده‌وامی هه‌بوو و تیایدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ تیپی میلـلی توركمان و تیپی ئێزیدیان و تیپی قه‌ڵای كه‌ركوك و تیپا (نهێل ) یا هونه‌ری ژ ده‌ڤه‌را ئامێدیی و تیپی هونه‌ری شمشاره‌ی رانیه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ر كرد.
وه‌كو نه‌رتێكیش دوا بڕگه‌، مه‌ڕاسیمی خه‌ڵات و بڕوانامه‌ی رێزلێنان بوو، بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ تیپه‌ هونه‌رییه‌كانی به‌شداربوویی فێستیڤاڵ و هه‌ریه‌كه‌ له‌ قایمقامی رانیه‌و شاره‌وانی رانیه‌ش به‌جیا دیارییان پێشكه‌شی تیپه‌كان كرد، لای خۆشیانه‌وه‌ سه‌نته‌ری رایه‌ڵ دیارییه‌كی تایبه‌تیان پێشكه‌شی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردو سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ هاوكاری سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ربڕی.
Top