وتنی حه‌یران زۆر سه‌خته‌

وتنی حه‌یران زۆر سه‌خته‌
هونه‌رمه‌ند شێروان بێركۆتی ئێستا زیاتر به‌ هونه‌رمه‌ندێكی حه‌یرانبێژ ناسراوه‌ هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا به‌ گۆرانی ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام كه‌ ڕووی له‌ لاوك و حه‌یران كرد و توانیی تێیدا سه‌ركه‌وتوو بێت، له‌هه‌مانكاتدا چه‌ند به‌رهه‌می كلیپ كراوه‌، شێروان بێركۆتی له‌ پێوه‌ندییه‌كدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری گوڵان باسی له‌ چه‌ند لایه‌نێكی ژیانی ئێستای هونه‌ری خۆی كرد.
سه‌ره‌تا شێروان بێركۆتی گوتی: هه‌رچه‌نده‌ من له‌ ساڵی 1986 ده‌ستم به‌ گۆرانی وتن كرد، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌م ئه‌و غه‌ریبی و دوورییه‌م له‌ شار و وڵات و كه‌سوكارم وایان لێكردم له‌ ساڵی 1999 روو له‌ حه‌یران وتن بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر هانیدام ده‌نگی خاره حه‌سه‌ن سیساوه‌یی بوو.
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی زیاتر ده‌نگی حه‌سه‌ن سیساوه‌یی كاریگه‌ری به‌سه‌رییه‌وه‌ هه‌بووه‌ و هانده‌رێكی سه‌ره‌كی بووه‌ بێركۆتی ده‌ڵێ: نه‌خێر ناتوانم بڵێم ته‌نیا ده‌نگی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن سیساوه‌یی بووه‌، به‌ڵام ده‌نگی ئه‌و زیاتر كاریگه‌ری به‌سه‌ر منه‌وه‌ هه‌بوو، چونكه‌ لاوك و حه‌یرانی ئه‌و زۆر غه‌ریبه‌، به‌ڵام ئێستا ده‌توانم بڵێم له‌ حه‌یران وتندا ‌رێچكه‌ی تایبه‌تی خۆم هه‌یه‌.
له‌ كۆتاییدا ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك ده‌توانێت حه‌یران بڵێت، شێروانی بێركۆتی وتی: نه‌خێر له‌گه‌ڵ رێزم بۆیان، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك بتوانێت حه‌یران بڵێت، چونكه‌ وتنی حه‌یران زۆر سه‌خته‌ و زمانێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌.
Top