سیرین عەبدول نور بۆ گوڵان:دایكایەتی خۆشترین وپیرۆزترین هەستە

سیرین عەبدول نور بۆ گوڵان:دایكایەتی خۆشترین وپیرۆزترین هەستە
هونەری مۆسیقا و گۆرانی گوتن، هەروەها هونەری دەرهێنان دوو بوارن كە هونەرمەند سیرین تێیاندا گەیشتۆتە لوتكە و ئەستێرەی هونەری لەم بوارەدا لە گەشانەوە دایە. باشترین بەڵگەش ئەو سەركەوتنە گەورەیە بوو كە بەم دواییانە بەدەستی هێنا. بۆ زیاتر ناسینی سیرینی شۆخی هونەرمەند كە بە سیحری جوانی سەرنجی زۆربەی هاندەرەكانی راكێشاوە، لە بەیروت گۆڤاری گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ ئەنجامدا.


فابيان عون-لبنان-گوڵان

سەرەتا پیرۆزبایی لە دایكبوونی «تالیا»ت لێدەكەین؟
- زۆر سوپاس
* هەستی دایكایەتی خۆشترە یان سەركەوتن لە هونەردا؟
- نایشارمەوە هەر سەركەوتنێك خۆشی و چێژێكی زۆرم پێ دەبەخشێ، بەتایبەتی ئەو كاتانەی كە خەڵاتی گەورە لەسەر ئەو دەورانەی كە ئیشم لێ كردووە بەدەست دێنم. سەركەوتنم لە فیلمی» رمضان مبروك أبو العلمین حمودە و (زنجیرەی الأدهم) وای لێكردم زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بكەم بەرامبەر بە جەماوەرەكەم. راشكاوانە دەڵێم لە ناخەوە هەستم بەوە دەكرد كە هێشتا هەستی خۆشی و چێژ وەرگرتنم نەگەیشتۆتە ئاستی پێویست، پێموابوو پێویستم بە دڵێك هەیە كە سەرچاوەی سۆز و عەشق بێ بۆم، پیاوێك كە هەمان هەستی هەبێ بەرامبەرم، سوپاس بۆ خوا ون بووەكەی خۆمم دۆزیەوە. بۆیە ئەمرۆ هەست بە خۆشییەكی زۆر دەكەم لەگەڵ فەریدی هاوسەرمدا،ناتوانم وەسفی ئەو خۆشییە بكەم كاتێ هەواڵی دوو گیانیم بیست، هەرچەندە هونەر هەستێكی خۆشم پێدەبەخشێ، بەڵام ئەوەی راستی بێت هەستی دایكایەتی خۆشترین هەستە لەسەر زەوی.

* بۆ ناوت لە منداڵەكەت نا «تالیا»
- من و هاوسەرەكەم لەسەر هەڵبژاردنی ئەو ناوە هاوڕا بووین، هەندێك كەس وایان دەزانی بەناوی یەكێك لەكچە هونەرمەندەكانە، بەڵام لە راستیدا وانییە هەر ناوی «تالیا»مان پێخۆش بوو، واتە «كچی گەنج»

* نیازی ئەوەت نییە ئەلبوومێكی تایبەت بە منداڵان دەربكەی، بەتایبەتی دوای ئەوەی بووی بە دایك؟
- تا ئێستا بیرم لەوە نەكردۆتەوە، بەڵام ئەگەر پرۆژەیەكی تەواو هەبێ لەهەموو لایەنەكانەوەو بەرهەمە هونەرییەكانم زیاد بكات، من لەو جۆرە كەسانە نیم كە تەنیا لە پێناوی مانەوەم لە گۆڕەپانی هونەریدا كار بكەم،مانەوەم لەماڵەوە پێ باشترە نەك كارێك پێشكەش بكەم جێی سەرنجراكێشانی خەڵك نەبێ، یان كارێكی لاواز بێ.

* بۆ «تالیا»چ گۆرانییەك دەڵێی تا خەوی لێ بكەوێ؟
-گۆرانی دیاریكراو نییە،ئەو گۆرانیانەی بۆ دەڵێم كە لە بیرم ماون لەپەروەردە كردنی منداڵاندا، دیارە بەر لەوە ببمە دایكیش، پێشتریش گرنگیم بە پەروەردەكردنی «سابین»ی خوشكم داوە، لەبەر ئەوە هەموو گۆرانییەكان لە هزرمدا ماون «عەرەبی بێ یان بیانی یان كۆن و ئەوانەی نوێش»بەڵام گۆرانییەكی دیاریكراوم بۆ ئەمە نییە.

* لە زنجیرەی «ادهم»دا سەركێشییەكی زۆرت پێوەدیارە، تا چەند ئامادەی لە كارەكانتدا خۆت تووشی مەترسی بكەی؟
- لە هیچ مەترسییەك سڵ ناكەمەوە، بەنسبەت سەركێشییەكانی زنجیرەی(ادهم)زۆر قورس بوون و ماندووكەر بوون بەتایبەتی كە دەرهێنانەكە پچڕپچڕبوو لەنێوان ئۆكرانیاو میسردا، بەڵام بە كەشوهەوای دەرهێنانەكە دڵخۆش بووم.

* باسی رۆڵی خۆت بكە لە فیلمی(المسافر) كە بڕیار وابوو لە هۆڵەكانی سینەما نمایش بكرێ؟
- فیلمەكە چوار ساڵ لەمەوبەر، وێنەی گیراوە لە نووسین و دەرهێنانی ئەحمەد ماهیرە، لە پاڵەوانییەتی هەریەك لە هونەرمەندان (احمد الشریف و خالد النبوی) تێیدا بەشدارن،لە فیلمەكەدا دوو دەور دەبینم، هەریەك لە: نورای بیانی و نادیا میسری كچی هەریەكیان لە سەردەمێكی جیاواز لەوی تر ژیاوە،دایك لەساڵانی چل و كچەكە لە حەفتاكان بوو، جیاوازییەكی زۆر لەنێوانیاندا هەیە، لە كەسایەتی و شێوەو دیالۆگدا، ئەو نیشان دانە لەنێوان هەردوو دەوردا گران بوو، بەڵام حەزم لێبوو، لە هەمان كاتدا تام و چێژێكی تایبەتی هەبوو، فیلمێكی زۆر جوان بوو، هەربۆیەش بەشداریمان پێ كرد لەچەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی وەك پێشبڕكێی رەسمی لە فیستیڤاڵی ڤینیسیای سینەمایی نێودەوڵەتی و لەندەن و بەلجیكاو ریبات و ئەسكەندەریەو ئەبوزەبی و ئەڵمانیا و چەندین وڵاتی دیكە.

* لە بەشێك لە فیلمەكەدا لەگەڵ هونەرمەندی جیهانی عومەرئەلشریف دا دەبیندرێی؟
-ئەوە پاڵەوانییەتی بەشی سێیەمە، منیش لەم بەشەدا دەرناكەوم، لە فیلمەكە تەنیا یەك دیمەن هەیە كە پێكەوە كۆمان دەكاتەوە كە وێنەمان گرتووە لەدوو رۆژی جیاواز و چاوپێكەوتنمان لە ڤینیسیا بوو، لە ئاست ئەودا هەستم بەترسێكی زۆر دەكرد، بەڵام هونەرمەندی جیهانی عومەرئەلشریف، ئەو ترسەی لام نەهێشت هەر لەیەكەم دیداردا هەندێك ئامۆژگاری كردم، وەك هەوڵدان گرنگترین شتە لە ژیانی هونەرمەند و سەرەكیترین هۆكارە بۆ سەركەوتنی هونەرمەند.

*حەز دەكەی وەك هونەرمەندی گۆرانیبێژ یان ئەكتەری سینەمایی بانگت بكەن؟
- حەز دەكەم پێم بڵێن سیرین عەبدولنور هونەرمەندی هەموو بوارەكانە.

* دوای ئەوەی لە ئەلبومی یەكەمتدا سەركەوتنی بەرچاوت بەدەستهێنا، بۆچی لەپێشكەشكردنی دووەم ئەلبومتدا»علیك عیونی» لە ئاوازی رۆمانسی دوور كەوتیەوە و زیاتر گۆرانی ئیقاعیت پێشكەش دەكرد؟
- نا من لە رۆمانسییەت دوور نەكەوتمەوە؟ لەگەڵ ئەو رایەدا نیم، بەڵام پێویست بوو گۆڕانكاری، لە گۆرانییەكاندا بكەم، هەردوو لایەنی رۆمانسی و ئیقاعی لەخۆم نزیك كەمەوە.

* ئیرەیی بەسەركەوتنی هونەرمەندانی دیكە دەبەی ؟
- بڕوایەكی زۆرم بەخۆم هەیە و ئیرەییش نابەم بە هیچ هونەرمەندێك، چونكە هەر كەسێك رێچكەیەكی تایبەت بەخۆی هەیە و هیوای سەركەوتنیش بۆ هەموویان دەخوازم.

* هیچ كاتێك هەستت بە ماندووبوونێكی زۆر كردووە و كە وات لێبكات واز لە هونەر بێنی؟
- هەموو كەسێك لەهەندێك كاتدا هەست بەماندووبون دەكات و پێویستی بە حەسانەوە دەبێ و دوور دەكەوێتەوە، لەهەموو شتانەی كە بێزاری دەكا و كۆسپن لەسەر رێگای ژیانی، بەڵام خوا هێزم دەداتێ و بۆ لادانی كۆسپەكانی رێگاو دەحەسێمەوە و هانم دەدا بۆ تێكۆشان و مانەوەم لە مەیدانەكەدا.

* پێتوانییە وەرگرتنی خەڵات پلەی هونەرمەند بەهێز بكات؟
-نەخێر تەنیا نیشانەیەكە بۆ بەردەوام بوونی هونەرمەند لەرێگای خۆی، بەرای من گرنگتر رای رەخنەگران و هاندەرانە لەسەر ئەو دەورەی پێشكەشی دەكەم.

* هونەرمەندانی رەگەزی مێ، زۆربەیان تەمەنی راستەقینەی خۆیان دەشارنەوە، دەڵێن زوو هاتنە ناو جیهانی هونەرییەوە، بەردەوام وانیشان دەدەن لەژێر تەمەنی سی ساڵی دان، تۆش وا بیردەكەیەوە؟
- هەر كەسێك شێوازی خۆی هەیە، نایشارمەوە دەترسم لە گەورەبوونی تەمەنم، بەڵام هەر ساڵێك دەڕوات زیاترم فێر دەكات، لەژیانم لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵم نەداوە بیشارمەوە.

* ئەو پەندە چییە كە لە ژیانتدا پەیڕەوی دەكەی؟
- چ بچێنی ئەوە دەدوریتەوە.

* پێوەندیت لەگەڵ گەلی كورد چۆنە؟
راستی پێوەندی راستەوخۆم لەگەڵیان نەبووە، بەڵام گوێم لێ بووە كە میللەتێكی باش و بێگەردن، سوپاسیان دەكەم بۆ بەدواداچوونی هەواڵ و ئیشەكانم، داوای خێرو بەرەو پێش چوونیان بۆ دەكەم.

*پرۆژەی داهاتووت چییە؟
-چەندین گرتەی سینەمایی و گۆرانیم هەیە، بەڵام بە جیددی دوای تێپەڕبوونی ماوەی دایكایەتیم، سەیری دەكەمەوە.









Top