لوقمان سه‌لیم: كۆپی كردن و نه‌بوونی سپۆنسه‌ر گرفتی گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م هونه‌رمه‌ند

لوقمان سه‌لیم: كۆپی كردن و نه‌بوونی  سپۆنسه‌ر گرفتی گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م هونه‌رمه‌ند
له‌ كۆتایی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو بۆ یه‌كه‌مجار هاته‌ نێو بواری گۆرانی وتن و سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی شوێنی و ئیمكانیاتی باش، به‌ڵام له‌ كار كردن به‌رده‌وام بوو، له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌‌كانەوە یه‌كه‌م مه‌قامی بڵاوكردوه‌ كە بوو بەهۆی ناسرانی زیاتری بەجه‌ماوه‌ر، له‌ساڵی 1996 له‌گه‌ڵ تیپی موزیكی شنرۆی گۆرانی (شه‌وانی بێ تۆیی) تۆمار كرد كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م گۆرانی تایبه‌تی خۆی بوو و تا ئێستاش لە هونەرەكەی به‌رده‌وامه‌.
لوقمان سه‌لیم له‌م دیمانه‌یه‌دا به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایه‌وه‌.
*نوێكردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌ كۆنه‌كان جۆرێك له‌ بێ بەهرەیی ناگه‌یه‌نێت؟
ئه‌گه‌ر گۆرانیبێژی ئه‌م سه‌رده‌مه بتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی زۆر جوان ئه‌دای گۆرانییه‌ كۆنه‌كان‌ بكات و لە به‌رهه‌مه‌كۆنه‌كه‌ باشتر بیڵێته‌وه، یاخود پێشتر به‌رهه‌مه‌ كۆنه‌كه‌ له‌ڕووی كوالێتی باش نه‌گوتراوه‌ ده‌كرێت نوێ بكرێته‌وه، به‌ڵام به‌مه‌رجێك به‌هه‌مان مۆسیقای كوردییه‌وه‌ بێت له‌ڕووی ئه‌داوه‌ش باش بێت، نه‌ك شێوازی میوزیكی بیانی له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵاو بكرێت، چونكه‌ به‌و مانایه‌ من حه‌ز ناكه‌م نوێ بكرێنه‌وه‌، پێویسته‌ به‌رهه‌مه‌كان به‌شێوازێك بڵێت كه‌ خه‌ڵك چێژی لێوه‌ربگرێت نه‌وه‌ك به‌شێوازێك بێت كه‌ خه‌ڵك بچێت گوێ له‌به‌رهه‌مه‌ كۆنه‌كه‌ بگرێته‌وه‌. خۆی هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك حه‌ز ده‌كات كاری تازه‌ی هه‌بێت بەڵام هەروەك دەبینین ئه‌مڕۆ له‌كوردستان مافی هونه‌رمه‌ند پارێزراو نییه‌ چونكه‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی كه‌ ده‌یخاته‌ بازار ناتوانێت سوود له‌داهاته‌كه‌ی وه‌ربگرێت به‌حوكمی ئه‌و هه‌موو كۆپییه‌ی كه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌كرێت، هونه‌رمه‌ند لێره‌دا نه‌ماییه‌ی دیاره‌ نه‌سه‌رماییه‌كی زۆریشی هەیە لەم حاڵەتەدا هیچ رێگایەكی دیكەی نییە . پێویسته‌ هونه‌رمه‌ند به‌رهه‌می تازه‌ی هه‌بێت من ناڵێم هه‌موو ساڵێك، با دوو سێ ساڵ جارێك بتوانێت به‌رهه‌مێكی جوان بخاته‌ بازاره‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا زه‌مینه‌ سازی بكرێت بۆ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ له‌لایه‌نی ماددی و مەعنەوییەوە .من وه‌كو لوقمان سه‌لیم به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه‌خاوه‌ن ستایلێكی خۆمم به‌بێ لاسایی خۆم خۆمم دروستكردووه جاری واش له‌زۆر ئاهه‌نگ و كۆنسێرته‌كان گۆرانی گۆرانیبێژه‌كانی تر ده‌ڵێمه‌وه‌ هه‌م بۆ چێژی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ گوێم لێده‌گرێت خۆشم زۆر جار حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌م گۆرانیانه‌ بڵێمه‌وه‌ .
* ئایا كێشه‌ی كۆپی كردن قورستره‌ یان نه‌بوونی سپۆنسه‌ر بۆ به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان؟
- هەردوو گرفتەكە ئاسته‌نگی زۆر گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م هونه‌رمه‌ندا، ده‌توانم بڵێم هونه‌رمه‌ند به‌ده‌ست هه‌ردووكیانەوە ده‌ناڵێنێت، سپۆنسه‌رێك كه‌ بتوانێت به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆ بگرێت و ئاسانكاری بۆ بكات، جار هەیە سپۆنسه‌رێكی باشت هه‌یه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی باش تۆماركردووه‌، لێره‌ گرفتێكی دیكەت بۆ دروست ده‌بێت ئه‌ویش كۆپی كردنه،‌ كه‌واته‌ هونه‌رمه‌ند له ‌هه‌ردوو حاڵه‌تدا زه‌ره‌رمه‌نده،‌‌ ئێمه‌ زۆر جار داوامان به‌رزكردۆته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان یاخود له‌چه‌ندین دانیشتنی هونه‌رمه‌ندان له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمیش قسه‌مان كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌وگرفت و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ئه‌مڕۆ هونه‌رمه‌ند به‌ده‌ستییەوە ده‌ناڵێنێ، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش هیچ نه‌بێت وه‌كو هونه‌رمه‌ندانی دراوسێمان كاربكه‌ین چونكه‌ توانایی كاركردنمان هه‌یه‌.
* ئایا پێویستە هەموو هونه‌رمه‌ندێك‌ شاره‌زای مه‌قامات بێت؟
- بەڵێ
*بۆچی؟
-له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌قام دنیایه‌كی زۆر تایبه‌ته،‌ ده‌كرێت كه‌سێك له‌گۆرانی وتن‌ شاره‌زاییه‌كی باشی هه‌بێت، به‌ڵام ‌نه‌توانێت ئه‌دای بكات یاخود ده‌نگی شیاو نه‌بێت بۆ مه‌قام وتن ‌. زۆرجاریش هونه‌رمه‌ند هه‌یه‌ ده‌نگی باشه‌ ده‌توانێت به‌ئه‌دایه‌كی باش مه‌قام بڵێت، به‌ڵام شاره‌زایی نییه‌‌ له‌مه‌قام وتن. پێمباشه‌ هه‌موو هونه‌رمه‌نده‌كان هه‌وڵبده‌ن زانیاری و شاره‌زاییان له مه‌قام وتندا هه‌بێت، بۆیه‌ هونه‌رمه‌ندانی ڕابردوو به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن كه‌ شاره‌زاییه‌كی ته‌واویان هه‌بوو له‌مه‌قام وتن وه‌كو (عه‌لی مه‌ردان و تاهیر تۆفیق و محه‌مه‌د جه‌زا..تاد).
* بۆخۆت له‌گه‌ڵ مه‌قام وتن چۆنی؟
- هاوڕێیه‌كی زۆر نزیكی مه‌قامم، جار هه‌یه‌ مه‌قام وتن حه‌زه،‌ زۆر كه‌س هه‌یه‌ حه‌ز له‌وتنی مه‌قام نا‌كات یاخود ناتوانێت ئه‌دای بكات. بۆخۆم زۆر حه‌ز ده‌كه‌م له‌دنیای مه‌قام كار بكه‌م، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌هه‌وادارنی خۆم گوێبیست ده‌بمه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ تاڕاده‌یه‌ك توانیبینم لەو بوارەدا سەركەوتنم بەدەست هێنابێ.
* بیرت له‌وه‌ نه‌كردۆتەوه‌ كه‌به‌رهه‌مێكی تایبه‌ت به‌مه‌قام ئاماده ‌بكه‌یت ؟
- هەروەك ئاماژم پێدا‌ خۆم زۆر حه‌ز له‌مه‌قام ده‌كه‌م، ما‌وه‌یه‌ك به‌ر له ‌ئێستا له‌یه‌ك دوو ئاهه‌نگ له‌ سلێمانی به‌ده‌ر له‌گۆرانییه‌كانی خۆم چه‌ند مه‌قامێكم وت، له‌هه‌فته‌ی دواتر نازانم سه‌نته‌ره‌كان چۆن به‌ده‌ستیان كه‌وتووه‌ به‌نیازن بڵاوی بكه‌نه‌وه‌ داوای ڕه‌زامه‌ندیان له‌ من كرد بۆ ئه‌وه‌ی بڵاوبێته‌وه‌، له‌داهاتووش هه‌وڵده‌ده‌م به‌رهه‌مێكی تایبه‌ت به‌مه‌قام ئاماده‌ بكه‌م له‌و مه‌قامانه‌ی كه گوێگر حەزیان لێدەكات چونكە كوردی رەسەنن.
* بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هونه‌رمه‌ند چ پێوه‌رێكت هه‌یه‌ ؟
-به‌داخه‌وه‌ تائێستا لای ئێمه‌ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن و ئه‌و پێوه‌ره‌ نییه، ڕێزم هه‌یه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ تائێستا پێوه‌رێكیان دانابێت بۆ هونه‌رمه‌ندی كورد، پێموایه‌ تائێستا هیچی له ئاستی پێویستدا نییه،‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی كه‌ نزیك بێت له‌ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ یاخود له‌كه‌ناڵێكی ئاسمانییه‌وه‌ نزیك بێت، هه‌ست ده‌كه‌ی كه ‌زیاتر ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ له‌پێشتره‌ له ‌هونه‌رمه‌نده‌كانی تر ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ من تائێستا ئه‌و پێوه‌ره‌م نه‌بینیوه‌ په‌ندێكی كوردی هه‌یه‌ ‌ده‌ڵێت(خزمی سه‌پانی شێخه‌) ئه‌مه‌ هه‌مووی بوونی هاوڕێیه‌تییه‌ك هه‌بێت له‌نێوان هونه‌رمه‌نده‌كه‌ و شوێنە گرنگەكان ئەوكاتە به‌رنامه‌ بۆی ده‌كرێت یاخود بانگهێشت ده‌كرێت له ‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆكوردستان، له‌وانه‌یه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ش له‌و ئاستەشدا‌ نه‌بێت كه ‌ئه‌وان كاری بۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام جه‌ماوه‌ر خۆی ده‌توانێت بریار بدا‌ت كام هونه‌رمه‌ند باشه‌ یان خراپه و‌ كاره‌كانی هه‌ڵسه‌نگێنێت.
* زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندان گله‌یی له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان ده‌كه‌ن گوایه‌ له‌ جیاتی پێشخستنی هونه‌ر كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ بۆ هونه‌رمه‌ندان دروست ده‌كات، رای تۆ چییە؟
-نازانم بڵێم چی، چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێم كابینه‌ی گۆڕیوه‌ تائێستا چه‌ند وه‌زیرێك هاتووه‌ له ‌وه‌زاره‌ت كاری كردووه‌ ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ند ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ین كه‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری تایبه‌ت بێت به‌خزمه‌ت كردنی هونه‌رمه‌ندان و كارئاسانی بۆهونه‌رمه‌ندان بكات. ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ هونه‌رمه‌ندان باس له‌ بوونیان ده‌كەن‌ منیش پێموایه‌ كه‌ئاسته‌نگ هه‌بێت، له‌ دڵه‌وه‌ ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ین كه‌ئاسته‌نگەكان‌ نه‌مێنێت و بتوانن ئاسانكاری بۆهونه‌رمه‌ند بكه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ر به‌هونه‌رمه‌ند نه‌كرێت، كاتێك كارێكی بۆ بكه‌یت له‌هه‌ست و شعوری بده‌یت ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئه‌وكات چۆن ده‌توانێت كارێكی باش ئه‌نجام بدات. هیوادارم وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان بتوانێت هونه‌رمه‌ندان ئاشت بكاته‌وه‌و جیاوازی له‌نێوان هونه‌رمه‌ندان نه‌كات.
*چ بەرهەمێكی نوێت له‌به‌ر ده‌سته‌؟
-به‌رهه‌مێكم تۆماركردووه ‌له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقایی سلێمانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ئاواز و ئاماده‌كردنی مامۆستا(عادل حه‌مه‌كه‌ریم) ه‌ تێكسته‌كانی هی (عەبدوڵڵا عه‌لی مه‌حمود)ە، له‌ئاینده‌ كلیپ بۆیه‌كێك له‌گۆرانییه‌كانم دەكه‌م و بڵاوی دەكه‌مه‌وه‌.
Top