هەولێر باوەش بۆ سینەمای هۆلیۆد دەكاتەوە

هەولێر باوەش بۆ سینەمای هۆلیۆد دەكاتەوە
ــ خاوەن دوكانێكی سیدی: (تازەترین فیلمی سینەمایی هۆلیود، لای ئێمە دەست دەكەوێت و بەشێوەی كۆپی دەیدەینە خەڵك و هیچ سانسۆرێكیشمان لەسەر نییە."
ــ گەنجێك: "لەبەر نەبوونی هۆڵی سینەما، ناچارین ڕوو لە كڕینی فیلمی سیدی كۆپیكراو بكەین)

تازەترین فیلمی سینەمایی هۆلیود، كە جارێ لە سینەماكانی ئەمریكا نیشان نەدراوە، لە كوردستاندا دەست دەكەوێت و ڕۆژانە بە سەدان كەس بۆ بەدەستهێنانی ئەو فیلمە سینەماییانە ڕوو لە دوكانەكانی فرۆشتنی سیدی دەكەن، بە گوێرەی گوتەی یەك لە خاوەن دوكانەكانی سیدی فرۆشیش، ئەوان لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە داونلۆدی دەكەن و هیچ سانسۆرێكیان لەسەر نییە و هەموو فیلمە سینەماییەكانی هۆلیودیش لە هەولێر دەست دەكەوێت، توێژەرێكیش پێی وایە، فیلمەكانی هۆلیۆد لە ڕووی چیرۆك و بابەتەوە بە وردی هەڵوەستە دەكات لەسەر ئەو كێشە كۆمەڵایەتی و دەروونی و سۆزدارییانەی كە مرۆڤی هاوچەرخ لە دەستی دەناڵێێنێت.
"دی ڤی دی كینگ" ناوی ئەو دوكانەیە لە هەولێر، كە ڕۆژانە بە سەدان كەس بەمەبەستی بەدەستهێنانی تازەترین فیلمی سیدی ڕووی تێ دەكەن و تەنیا بە بڕی 2000 دینار دەیكڕن. (محەممەد قاسم) خاوەنی ئەو دوكانە، دەربارەی ئەوەی چۆن دەتوانن فیلمێك كە جارێ لە سینەماكانی ئەمریكا نیشان نەدراوە، كەچی لای ئەوان دەست دەكەوێت و دەفرۆشن؟ "ئێمە لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە داون لۆدی دەكەین و بە نرخێكی هەرزان دەیفرۆشینەوە بە خەڵكی و پێشوازییەكی زۆر باشی لێ دەكرێت، بەڵام نابێت ئەوەتان لە بیر بچێت، كە فیلمەكان ئۆرگینال نین و تا ماوەیەكی زۆر بە شێوەی ئۆرگیناڵ دەست ناكەوێت، ئەگەر ئۆرگیناڵەكەیش هەبێت نرخەكەی لە 200$ كەمتر نییە و ڕەنگە من بۆ خۆم بەو نرخەیش نەیدەم."
ئەو ئاماژە دەدات، كە ئەو قسانە دوورە لە ڕاستییەوە كە بەوە تۆمەتبار بكرێن گوایە بە شێوەی قاچاغ فیلمەكان بهێنن. ئەو گوتیشی: "زۆربەی ئەو كوردانەی لە ئەوروپا دەژین، دێن لە لای من بە دەیان فیلمی هۆلیود دەكڕن، چونكە ئەگەر لەوێ هەشبێت نرخەكەی زیاتر لە 100$، ئەمە جگە لەوەی لەوێ یاسایەك هەیە، كەس ناتوانێت فیلمی هۆلیود لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە داون لۆد بكات، چونكە دووچاری سزای یاسایی توند دەبێتەوە. نابێت ئەوشمان لە بیر بچێت، كە زۆربەی خەڵكی ئەوروپی و ئەمریكی حەزیان لێیە بە شێوەی ئۆرگینال تەماشای فیلمی هۆلیۆد بكەن و ئامادەن بە پارەیەكی زۆر فیلمەكە بكڕن."
هەر لە هەمان دوكانی ناوبراودا، گەنجێكی تەمەن 25 ساڵ بە ناوی (خەلیل جەمیل)، نیازی كڕینی فیلمی "ئەڤاتاری" هەبوو و بە گوێرەی گوتەی خۆیشی بەردەوام بۆ كڕینی فیلمی هۆلیود ڕوو لەو دوكانە دەكات و ئاماژەیدا كە ڕەنگە ئێستا لە ماڵەكەیدا زیاتر لە 200 فیلمی سینەمایی هۆلیودی هەبێت. ئەو لە شوێنێكی دیكەی قسەكانیدا، پێی وابوو نەبوونی هۆڵی سینەما هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی گەنج ڕوو لە كڕێنی ئەو فیلمانە بكەن، "بۆ خۆم زۆر حەز دەكەم، لە هۆڵێكی پڕۆفیشناڵدا تەماشای فیلمی سینەمایی هۆلیود بكەم، بەڵام كە ئەو هۆڵە لێرەدا نەبێت، ئێمەیش ناچارین بە شێوەی كۆپی فیلمەكان بكڕێن، ئەگەرچی لە ڕووی ڕەنگەوە ئەو تام و چێژەی سینەمای نییە، وەلێ هەر لە نەبوون باشترە."
ئەو گەنجە پێشنیار دەكات، چەند هۆڵێكی سینەمایی لە هەولێردا بكرێتەوە، تاوەكوو ئەوانیش وەكوو گەنجانی دیكەی دنیا، فیلمەكان بە ئۆرگینال ببینن.
توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش بە ناوی (هێمن حەمەد) دەربارەی ئەوەی، كە ئەو هۆكارە چییە گەنجانی كورد بە لێشاو و بە شێوەی كۆپی ڕوو لە كڕینی فیلمی سینەمایی هۆلیود دەكەن؟ دەڵێت: "بە شێوەیەكی گشتی فیلمەكانی هۆلیۆود لە هەموو جیهان بینەریكی بێ وێنەی هەیە، كوردستانیش لەم حاڵەتەدا بە دەرنییە، ئەمەش لەبەر جەندین هۆكار، یەك لەوانە ئەوەیە كە فیلمەكانی هۆلیۆد لە ڕووی چیرۆك و بابەتەوە بە وردی هەڵوەستە دەكات لەسەر ئەو كێشە كۆمەڵایەتی و دەروونی و سۆزدارییانەی كە مرۆڤی هاوچەرخ لە دەستی دەناڵێێنێت، مرۆڤ بە سروشت بونەوەرێكە ئارەزووی گێڕانەوەی ئەزمونەكانییەتی، سینەماش یەكێكە لە ئامرازە بەكاریگەرەكانی ئەو گێڕانەوەیە."
ئەگەرچی لە كەناڵە لۆكاڵی و ئاسمانییەكاندا، چەندین فیلم بە شێوەی ژێرنووسی كوردی پەخش دەكرێت، وەلێ بە گوتەی (محەممەد قاسم)، ئەو فیلمانە بینەری كورد تێر ناكەن، چونكە ئەو كەناڵانە ناتوانن فیلمە تازەكانی هۆلیود پەخش بكەن، چونكە دووچاری لێپێچینەوەی یاسایی دەبن، بۆیە خەڵكی ڕوو لەوان دەكات.
لە شوێنێكی دیكەی قسەكانیدا، (هێمن)ـی توێژەر پێی وایە، فیلمەكانی هۆلیۆد لە ئاستێكی بەرزدایە و دیمەكانی سەرنجی مرۆڤ ڕادەكێشن و خەڵك زۆرجار بۆ پڕكردنەوەی كاتە بەتاڵەكانی خۆی پەنای بۆ دەبات و چێژێكی زۆری لێ دەبینێت، جگە لە جوانی دیمەنەكانی ئەو سینەمایە كە بە ناوبانگترینی سینەمای دنیان.
هەولێر
Top