کلینت ئیستوود بە جێی ئێدگار فیستیڤاڵی فیلمی ئەمەریکا دەکاتەوە

کلینت ئیستوود بە جێی ئێدگار فیستیڤاڵی فیلمی ئەمەریکا دەکاتەوە
فیلمی جێی ئێدگار کە تازەترین بەرهەمی کلینت ئیستوودە، بۆ نمایشکران لە رێوڕەسمی کرانەوەی فیستیڤاڵی ئەنجومەنی فیلمی ئەمەریکا هەڵبژێردرا.
بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی فارسیی "ئیسنا"، بەڕێوەبەرانی ئەم فیستیڤاڵە رایانگەیاندووە کە فیلمی جێی ئێدگار کە فیلمێکی ژیاننامەییە رۆژی (3 تشرینی دووەم / نۆڤەمبەر) لە رێوڕەسمی کرانەەی فیستیڤاڵەکەدا نمایشدەکرێت.
ئەم فیلمە کە لیۆناردۆ دیکاپریۆ رۆڵیتێدا دەگێڕێت، دوای پەسند نەکران لە فیستیڤاڵەکانی ڤێنیزیا و تۆرۆنتۆ، لە فیستیڤاڵی ئەنجومەنی فیلمی ئەمەریکادا دەبێت بە کلیلی کرانەوەی فیستیڤاڵەکە.
کێن هۆوارد سەرۆکی ئەنجومەنی ئەکتەرەکانی هۆلیوود و جودی دێنچ ئەکتەری ناسراوی بەریتانی، ئەکتەرە سەرەکییەکانی دیکەی ئەم فیلمەن.
سیناریۆی فیلمی جێی ئێدگار، داستین لانس بلانک نووسیویەتی کە پێشتر بۆ نووسینی سیناریۆی میڵک (شیر) خەڵاتی ئۆسکاری وەرگرتبوو.
ئەمساڵ پێدرۆ ئالمادۆڤار دەرهێنەری ناسراوی ئیسپانیایی دەبێت بە میوانی تایبەتیی ئەم فیستیڤاڵە. بڕیارە فیلمی یاسای هێس لە دەرهێنانی ئەم دەرهێنەرە ناودارە لە بەشێکی تایبەتیی ئەم فیستیڤاڵەدا نمایشبکرێت.
فیلمی یاسای هێسی ئالمادۆڤار بەرهەمی 1986ـە و ئانتۆنیۆ باندراس رۆڵی سەرەکیی تێدا گێڕاوە. ئەم فیلمە لە فیستیڤاڵی بەرلین خەڵاتی باشترین فیلمی درێژی فیستیڤاڵەکەی وەرگرتووە.
Top