تارکۆڤسکی وەک باشترین دەرهێنەری سینەمای روسیا دەناسێندرێت

تارکۆڤسکی وەک باشترین دەرهێنەری سینەمای روسیا دەناسێندرێت
ئاندرێ تارکۆڤسکی دەرهێنەری ناوداری جیهانیی سینەما، وەک باشترین دەرهێنەری مێژووی سینەمای روسیا هەڵبژێردرا.
بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی فارسیی "ئیسنا"، گۆڤاری سینەمایی سکرین لیستەیەکی باشترین دەرهێنەرانی مێژووی سینەمای روسیای بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا ئاندرێ تارکۆڤسکی لە پلەی یەکەمی ئەم لیستەیەدایە.
لە پلەی دووەمی لیستەکەدا ناوی نیکیتا میخالکۆڤ دەبینرێت کە ساڵی 1992 بە فیلمی ئورێگا بوو بە براوەی شێری زێڕینی فیستیڤاڵی ڤێنیزیا و ساڵی 1994 بۆ فیلمی بە خۆر سوتاو خەڵاتی گەورەی فیستیڤاڵی کان و خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلمی دەرەکیی ئەم فیسیڤاڵەی بردەوە.
ئاندرێ تارکۆڤسکی کە نازناوی باشترین دەرهێنەری مێژووی سینەمای روسیای وەرگرتووە، هاوکاتیش یەکێکە لە 100 دەرهێنەرە مەزنەکانی مێژووی سینەمای جیهان.
ئینگمار بێرگمان دەرهێنەری ئەفسانەیی سینەمای جیهان، لە پێناسەی کەسایەتیی هونەریی تارکۆڤسکیدا وتوویەتی: تارکۆڤسکی لە چاوی مندا گەورەترین دەرهێنەری سینەمایە و داهێنەری زمانێکی تازەیە و وەفادارە بە ماک و ناوەڕۆک و پێناسەی فیلم.
تارکۆڤسکی جیا لە دوایین دوو فیلمی خۆی، هەموو بەرهەمەکانی دیکەی لە روسیا دروستکرد کە زۆربەیان ناوەڕۆکی میتافیزیکییان هەیە و پەیوەندیدارن بە ئایینی مەسیحییەتەوە.
باوکی تارکۆڤسکی شاعیر و وەرگێڕ بووە و ئاندرێ نەچۆتەوە سەر رێچکەی ژیانی باوکی خۆی و دوای تەواوکردنی قوتابخانەی ئامادەیی، لە بەشی دەرهێنانی سینەمادا درێژەی بە خوێندن داوە.
1965 بە دروستکردنی فیلمی ژیانی ئاندرێ روبێلف، کە نیگارکێشی مەزنی سەدەی 15 بووە لە روسیا، ئاندرێ درێژەی بە سەرکەوتنەکانیداوە.
دەسەڵاتدارانی سۆڤییەت هەڵوێستی هەستیارانەیان لەبەرامبەر فیلمەکەدا هەبوو بەڵام وێڕای ئەوەش تارکۆڤسکی بەو فیلمە لە ساڵی 1969 خەڵاتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رەخنەگرانی فیلمی لە فیستیڤاڵی کان وەدەستهێنا.
ساڵی 1972 تارکۆڤسکی دەستیکرد بە دروستکردنی فیلمی سۆلاریس. ئەم فیلمە کە بە ئیلهام لە رۆمانێک وەرگیرابوو، ساڵی 1968 گەیشتە فیستیڤاڵی کان و خەڵاتی فیپێرشی و خەڵاتی گەورەی دەستەی داوەران وەرگرت.
ئاندرێ ساڵی 1974 فیلمی ئاوێنەی دروستکرد کە سەربوردەی منداڵیی خۆی و وێنایەکی شیعرەکانی باوکی بوو، ئەمجارەش ناڕەزایەتیی دەسەڵاتدارانی روسیا سەریهەڵدا.
تارکۆڤسکی 1976 شانۆی هەملێت (بەرهەمی شکسپیێر)ـی لە مۆسکۆ دەرهێنا و دوای ئەوە خۆی بۆ دروستکردنی فیلمی ستاکێر ئامادە کرد، کە ئەوە دوایین فیلم بوو لە نێوخۆی روسیا دروستیکرد. هەڵبەت کاری دروستکردنی فیلمەکە بە هۆی جەڵتەی دڵی تارکۆڤسکی تا ساڵی 1979 هەڵپەسێردرا. دوای گەیشتنی ئەم فیلمە بۆ فیستیڤاڵی کان، تارکۆڤسکی خەڵاتی باشترین فیلمی ماناگەرای ئەم فیستیڤاڵەی وەرگرت.
تارکۆڤسکی ساڵی 1979 لە سەردانێکی بۆ ئیتاڵیا، فیلمی بەڵگەیی گەشتکردن لە نێو زەماندای دروستکرد و لە سەردانێکی دیکەی بۆ ئەم وڵاتە نووسینی سیناریۆی نۆستالێژیای تەواوکرد و هەرچەندە کە کێشەی مادیشی هەبوو بەڵام 1983 هەرچۆنێک بێت ئەم فیلمەشی بە کۆتایی گەیاند و بەو فیلمە لە فیستیڤاڵی کاندا بوو بە براوەی خەڵاتی گەورەی دەستەی داوەران، خەڵاتی فیپێرشی و خەڵاتی باشترین فیلمی ماناگەرا.
دوای ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی روسیای پێشوو رێگەیاننەدا دارخورمای زێڕینی کان بدرێت بە فیلمی نۆستالێژیا، تارکۆڤسکی بڕیاریدا کە جارێکی دیکە لە روسیا فیلم دروستنەکات.
ئاندرێ تارکۆڤسکی 1985 بە هەبوونی نەخۆشیی شێرپەنجەی ریخۆڵەشەوە، لە سوید دەستیکرد بە دروستکردنی فیلمی فیداکاری و بە ئامادەبوونێکی دووبارە لە فیستیڤاڵی کان، خەڵاتی باشترین فیلمی ماناگەرا و خەڵاتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رەخنەگرانی فیلمی وەرگرت. بەڵام خودی تارکۆڤسکی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکان ئامادەی رێوڕەسمەکە نەبوو.
ئەگەرچی ئەم دەرهێنەرە تەنیا حەوت فیلمی درێژی دروستکرد، بەڵام کارنامەی سینەماییەکەی لێوانلێوە لە خەڵات و شانازیی سینەمایی جۆراوجۆر.
ساڵی 2009 ئەنجومەنی فیلمی بەریتانیا بە بۆنەی حەفتا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزرانییەوە، لە راپرسییەکدا کە لە رێگەی کۆکردنەوەی دەنگەکانی شارەزایان و سینەمادۆستان بەئەنجام گەیشتبوو _ لە ژێر ناونیشانی؛ ئەو فیلمانەی کە نەوەکانی داهاتوو دەبێت بیانبینن _ فیلمی ستاکێری ئاندرێ تارکۆڤسکی وەکو دووەمین فیلمی باشی راپرسییەکە ناسێندرا.
Top