شەم فوئاد (رەیحانە) بۆ گوڵان: روخسار و سیما پێوەری سەرەكی نین بۆ هەڵبژاردنی ئەكتەر

شەم فوئاد (رەیحانە) بۆ گوڵان: روخسار و سیما پێوەری سەرەكی نین بۆ هەڵبژاردنی ئەكتەر
لە سەرەتای مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە لە شاشەی كوردستانی تیڤی زنجیرە درامای (ڕەیحانە) نمایش دەكرێت كە لە سیناریۆ و دەرهێنانی لوقمان غەریبە، (ڕەیحانە) بە یەكێك لە گەورەترین و درێژترین درامای كوردی دادەنرێت، كە نزیكەی 160 هونەرمەندی كورد تێیدا بەشدارن، زۆر لە هونەرمەندە بەشدار بووەكانی ئەم زنجیرەیە هونەرمەندە ناودار و ناسراوەكانی كوردن، كە خاوەن ئەزموون و شارەزاییەكی زۆرن، لە هەمان كاتدا بەشێكی ئەو ئەكتەرانەی بەشدارن خاوەن ئەزموونێكی زۆر نین لە بواری نواندن، تەنانەت هەندێكیان بۆ جاری یەكەمە بەشداری لە كاری درامادا دەكەن، ئەوەی جێی سەرنجە لوقمان غەریبی دەرهێنەر رۆڵی پاڵەوانی بە هەندێك لەو ئەكتەرە تازانە سپارد كە بۆ یەكەم جارە لەسەر شاشە لە درامایەكدا دەربكەون.
یەكێك لەوانە كە بۆ یەكەم جارە لە درامادا بە دیداری جەماوەر شاد دەبێت هونەرمەند (شەم)ە كە رۆڵی (رەیحانە) دەبینێت، ئەمەش لە روانگەی بڕوای تەواوی دەرهێنەرەوە بەو ئەكتەرەوە دێت، گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەی شەم كرد سەبارەت بە (ڕەیحانە) ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* باكگراوەندی هونەری باوكت كاریگەری هەبوو لەسەر دەستنیشانكردنی تۆ بۆ ئەو رۆڵە و سەركەوتنت تێیدا؟
- بە حوكمی ئەوەی من لە بنەماڵەیەكم زۆربەمان لەم بوارەدا واتە بواری هونەری كارمان كردووە و منیش سوودمەند بووم و سوودێكی زۆرم لە شارەزایی و ئەزموونی باوكم (فوئادی حەمەامین ئاغا) خوا لێی خۆشبێت وخوشكەكەم (شادان فواد)و (شەماڵی عەبە ڕەش) و دایكیشم (نەزیرە عەلی ) وەرگرتووە كە لەم درامایەشدا بەشدارە.
* هەڵبژاردنت بۆ بینینی رۆڵی (رەیحانە) چۆن بوو؟
- دوای دەركەوتنم لە كلیپی (شیری ئەبرۆت) كە یەكێكە لە گۆرانییەكانی هونەرمەند سوارە محەمەد و لە دەرهێنانی (ئاكۆ سیرینی)ی هاوسەرەكەمە، كاك لوقمان منی لەو كلیپە بینیبوو و دواتریش لەگەڵ دایكیشم منی بینیبوو بڕیاریدا كە من ڕۆڵی (ڕەیحانە) ببینم.
* ئایا رووخسار و سیما پێوەر بوون لە هەڵبژاردنی (شەم) بۆ بینینی رۆڵی (رەیحانە)؟
- كاتێ دەرهێنەر ئەكتەرێك دیاری دەكات بۆ بینینی ڕۆڵێك زۆر لایەنی هونەری هەیە كە دەبێ حیسابیان بۆ بكات، بە بڕوای من سیماو رووخسار بەشێكە لەو پێوەرانە، بەڵام مەرج نییە پێوەری سەرەكی بن.
* وەك یەكەم كار بۆ تۆ چەند زەحمەت بوو بینینی ئەو رۆڵە لەگەڵ ئەو هەموو هونەرمەندە گەورەیە و لە زنجیرەیەكی گەورەی لەم شێوەیەدا؟
- جێگەی خۆشحاڵییە بۆ من لەگەڵ ئەو هونەرمەندە بەڕێزانەدا كارم كردووە كە زۆربەیان هاوڕێی باوكم بوون و لەگەڵ ئەو كاریان كردووە. بە ڕاستی ئەوان وەك كچی خۆیان مامەڵەیان لە گەڵ كردووم خوا تەمەنیان درێژ كات. بە داخیشەوە بۆ مامۆستای گەورە تەها خەلیل كە لەم كارەدا ماڵئاوایی لێ كردین خوا سەبووری هەموو لایەك بدات.
* لە (رەیحانە) چ شتێك زیاتر سەرنجی راكێشای؟
- گەڕانەوە بۆ سەردەمی پەنجاكانی سەدەی پێشوو، بۆ من ئەزموونێكی تازە بوو بە تایبەت دیكۆرو جل و بەرگ و ئەو شتانەی تر كە بە كار هێنرابوون.
* چ هەستێكت هەبوو كاتێك (شەم) و (رەیحانە) ئاوێتەی یەكتر دەبوون و چ جیاوازییەكیان هەیە؟
- من تەنها ڕۆڵی ڕەیحانەم بینیوە كە كچێكە لە سەردەمێكی تردا ژیاوەو زۆر جیاوازە لە ئێستا. لە دەرەوەی ئەم ڕۆڵە شەم دایكی دوو منداڵەو ئەرك و مافی تری هەیە لەم سەردەمەی كە بە سەردەمی خێرایی پێوەندییەكان ناسراوە.
* لوقمان غەریبی دەرهێنەر تا چەند سەركەتوو بوو لە كۆكردنەوەی ئەم هەموو هونەرمەندە؟
- كارێكی زۆر باشەو بە دڵنیاییەوە ئەم هەموو گەورە هونەرمەندانە لەم كارەدا كۆبوونەتەوە هەردەبێ ئامانجێكی باشی هەبێت.
* ئێستا لەلایەن جەماوەرەوە بەهۆی دراما دۆبلاژكراوەكان درامای كوردییان پەراوێز خراوە، ئایا (رەیحانە) دەتوانێت بینەری كوردی بۆ دراما بگەڕێنێتەوە؟
- دیارە هەموو كارێك پێویستی بە پاڵپشتی مادی و مەعنەوی هەیە بە داخەوە درامای كوردی زۆر پشتیوانی ناكرێت بۆیە بەرهمیشمان كەمە. كاری دۆبلاژ بە پارەیەكی كەمتر بەرهەم دێت و ئەم بۆشاییەی پڕكردۆتەوە. كە ڕەنگە ئەم كارانە هەندێك جار لە ئاست خواستەكانی كۆمەڵگەی ئێمەدا نەبن.
* زۆر لە كەناڵە كوردییەكان بە شانازییەوە باس لە دراما بیانییە دۆبلاژكراوەكان دەكەن، ئەمە چی دەگەیەنێت؟
- هەموو كەسێك بۆی هەیە شانازی بە بەرهەمەكانییەوە بكات. ئەگەر بەرهەمی دۆبلاژ كراویش بن. دواجار بینەرە كە چۆن ئەم بەرهەمە هەڵدەسەنگێنێت.
* ئەگەر داوات لێ بكرێ كاری دۆبلاژ ئەنجام بدەی ئامادەی ئەم كارە بكەی؟
- بەڵێ بە مەرجێك دراماكە لە ئاست خواستی كۆمەڵگەی ئێمە بێت و ڕەچاوی بەها ئاكارییەكان و كەلتوری ئێمە بێت.
* لە دوای (رەیحانە) ناوبانگت زیاتر دەبێ، چۆن خۆت لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا دەگونجێنی؟
- من كەسێكی سادەم وە هەرواش دەمێنمەوە.
* ناوبانگ و ناسراوی چی دەگەیەنن بۆ (شەم)؟
- هەرگیز لە ژیانم دا بە گرنگم نەزانیوە، ئەوەی بە لای منەوە گرنگە ئەو پەیامە مرۆڤایە‌تییەی هونەرە، كە لە ڕێی هونەرەوە دەبێت بیگەیەنم.
* ترسی ئەوەت نییە تۆش وەكوو (وەنەوشە) و زۆرانی دیكە سەیارەیەكت بەناو بكرێ.
- بە بڕوای من ئەم دیاردەیە زۆر ناشرینەو دەبێت وشیاری كۆمەڵگەكەمان بگاتە ئاستێك كە چیتر ژن وەك كاڵا سەیر نەكرێت و ئەم دیاردەیەش بنبڕ بكرێت.
Top