به‌یان زه‌ریفی: له‌درامای كه‌ركوك 4 ڕۆڵی دایكی كوڕه‌ ئه‌نفال ده‌بینم

به‌یان زه‌ریفی: له‌درامای كه‌ركوك 4  ڕۆڵی دایكی كوڕه‌ ئه‌نفال ده‌بینم
به‌یان زه‌ریفی چالاكوانی بواری منداڵان‌و پێشكه‌شكار‌و ئاماده‌كاری ناسراوی به‌رنامه‌ی منداڵانە، له‌ساڵی 1986 په‌یمانگای‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی به‌شی‌ شانۆی‌ ته‌واو كردووه‌‌ و به‌رده‌وام بووە لە كاری‌ شانۆیی كردووه‌ تا ساڵانی‌ نه‌وده‌كان، دوای ئه‌وه‌ رووی لە بواری منداڵان و پەروەردە كردنیان كردووە، دواتر‌ لە باخچه‌ی‌ ساوایانی‌ سلێمانی‌‌و وه‌ك مامۆستای‌ شانۆ‌و مۆسیقا درێژه‌ی‌ به‌كاره‌كانی‌ داوه‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیش به‌شداری له‌كاری شانۆ دراما كردووه‌ تاكو ئێستا، له‌دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ گۆڤاری گوڵاندا باس له‌دوایين كاری هونه‌ری خۆی ده‌كات و هه‌روه‌ها كه‌می دراماش له‌شاشه‌كان بۆ كه‌می بوودجه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ .
* دواین پڕۆژه‌ی هونه‌ریت چیيه‌ ؟
- من هیچ كاتێك له‌كاری هونه‌ری دانه‌بڕاوم ئه‌وة نزیكه‌ی مانگێك ده‌بێت وێنه‌گرتنی درامایی كه‌ركوك فۆرم ته‌واوكردووه‌ . لەگەڵ هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زاني پیرۆزيش خه‌ریكی ئه‌م درامایانه‌ین كه‌ له‌دوای به‌ربانگ نمايش دەكرێن.‌ له‌گه‌ڵ تیپی ڕه‌نگاڵه‌یه، دوای جه‌ژنیش به‌نیازم له‌درامایه‌كی تر به‌شداری بكه‌م .
* له‌درامای كه‌ركوك4 چ ڕۆڵێك ده‌بینی ؟
- رۆڵی ئافره‌تێك ده‌بینم كه‌ خه‌ڵكی گه‌رمیانه‌ وه‌كو ئه‌م خه‌ڵكه‌ به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وتووه‌ ده‌ربه‌ده‌ر ده‌كرێت، كوره‌كانی دوور ده‌خرێته‌وه‌ لێی بێ سه‌روشوێن ده‌بن و ده‌چنه‌ شاخ له‌به‌ر زەبر وزەنگی ڕژێمی به‌عس .
* كه‌می دراما له‌شاشه‌كان بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌ ؟
- كاریزۆر ده‌كرێت، به‌ڵام كاره‌كان زۆریان پێده‌چێت تاكو ته‌واو ده‌بن بۆنموونه‌ «گه‌رده‌لوول ئه‌وه‌ نزیكه‌ی ساڵێكه‌، كه‌ركوك 4 ئه‌وه‌ دوو ساڵه‌ خه‌ریكن ، كاری دراما كاتی زۆری ده‌وێت بۆته‌واو كردنی، جگه‌ له‌وەیش بودجه‌ زۆر گرینگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كان زۆر به‌زووی ته‌واو بكرێت و به‌باشی ئه‌نجام بدرێت . گه‌ر سه‌یری ووڵاتان بكه‌یت ده‌بینیت درامای زۆر بەرهەم دەهێنرێت ئه‌مهش‌ هه‌مووی به‌بودجه‌ی باش ده‌كرێت.
* ڕات چييە‌ به‌رامبه‌ر به‌م درامایانه‌ی ئێستا له‌زمانی بیانیه‌وه‌ دۆبلاژ دەكرێن سەر زمانی كوردی و له‌شاشه‌كان بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ ؟
- من خۆم سه‌یری ئه‌م درامایانه‌ ناكه‌م ، ناشڵێم ئه‌مه‌ كارێكی خراپه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ دۆبلاژیان كردووه‌ ده‌ستیان خۆش بێت توانیویانه‌ كاره‌كه‌ به‌جوانی دۆبلاژ بكه‌ن . به‌ڵام ئه‌م درامایانه‌ زۆر دوورن له‌كلتوری خۆمانه‌وه‌ ئیتر نازانم بۆچی ده‌كرێتن‌وه‌ كوردی ، ئایا بۆ ئه‌وه‌یه‌ بۆشایی شاشه‌كانیان پێ پڕبكه‌نه‌وه‌؟ یان بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێكی تربێت. ده‌بینم زۆر منداڵ ناوی خۆی گۆڕیوه‌ كردویه‌تیه‌ ناوی ئه‌م ئه‌كته‌رانه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێمه، كاری دوبلاژ له‌هه‌موو زه‌مانێكه‌وه ‌ هه‌بووه‌ ، به‌ڵام ئه‌م كارانه‌ سه‌رده‌مێكه‌ دێ وده‌ڕوات به‌رده‌وام نابێت .
* كار كردن لە بواری منداڵان جیاوازی چیيه‌ له‌گه‌ڵ كاری دراما ، كه‌خۆت له‌هه‌ردوو بوارەكە كارت كردووه‌ ؟
- جیاوازی زۆر زۆره‌ ،كاری منداڵانم له‌ساڵانی نەوە‌ته‌كان بوو ده‌ستم پێكرد ئه‌و كات مامۆستایی مۆسيقا بووم له‌باخچه‌ی ساوایان بۆ ماوه‌ ده‌ ساڵ . توانیم كار بۆ منداڵان بكه‌م دواتریش له‌شاشەی ‌تیڤیه‌كان كارم بۆمنداڵان كرد وه‌ك بێژه‌رو ئاماده‌كارو چیرۆك گێڕانه‌وه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامم و خه‌ریكی كارێكی ترم بۆمنداڵان . پێش سێ مانگ سیدیه‌كم بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئاوازه‌كانی هی خۆم بوو زۆربه‌ی گۆرانیه‌كانیش خۆم بۆ منداڵانم وتبوو ، كاری منداڵان كارێكی قورسه‌، به‌ڵام زۆر ئارام به‌خشه‌ . تا ڕاده‌یه‌ك توانیوومه‌ هاوسه‌نگیيه‌ك دروست بكه‌م له‌نێوان كاری منداڵان و لەبەرئەوەی خۆمه‌ ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانم به‌شی شانۆ ئەوا دراما كاری سەرەكی خۆمە .
* ئايا جوانی ده‌بێته‌ پێوه‌ر بۆسه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند؟
- نه‌خێر، چونكه‌ جوانی له‌خوڕه‌وشت و ئه‌دای ده‌وره‌كه‌یه‌ كه‌ كه‌سه‌كه‌ ده‌یبینێت .من جوانیم بۆچیيه‌ گه‌ر وروژێنه‌ر نه‌بێت بۆ جه‌ماوه‌ر ته‌نیا به‌س دیكۆڕ بێت . ئه‌وه‌ی كه‌م تاقیمكردۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌جوان بێت له‌سه‌ر شاشه‌ ساردییه‌كی پێوه دیاره‌ یاخود رۆڵەكە وەكو خۆی ئەدا ناكات ، به‌داخه‌وه‌ ده‌رهێنه‌ره‌كانمان زۆر به‌و ده‌وره‌یه‌ ڕۆشتن و تائێستاش هه‌ر به‌رده‌وامن .
* منداڵ لای به‌یان زه‌ریفی چی ده‌گه‌یه‌نێت ؟
- خۆشه‌ویستی و ڕاستگۆیی.
* چ شتێك توڕه‌ت ده‌كات ؟
- چاوه‌ڕوانی .
* چ شتێك ده‌تهێنێته‌ پێكه‌نین ؟
كاتێك یه‌كێك لاسایی من ده‌كاته‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانیشم زۆر دڵم خۆش ده‌كات .
Top