نۆبەرەی نەوای هەولێر بڵاودەكرێتەوە

نۆبەرەی نەوای هەولێر بڵاودەكرێتەوە
گروپی میوزیكی نەوای هەولێر دوای بەشداریكردنیان لە چەند فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی روسیاو یۆنان لە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز یەكەم ئەلبوومی گۆرانی و میوزیكی خۆیان بڵاودەكەنەوە، كە جیاوازە لەزۆربەی ئەلبوومەكانی ئەو سەردەمە.
نەوای هەولێر وەك گروپێكی دیار و بەرچاو لە بواری گۆرانی و موزیكی ڕەسەنی كوردی تا ئیستا چەندین چالاكی هونەری ئەنجام داوە بەتایبەت لە زۆربەی بۆنە و فێستیڤاڵەكان رۆلێكی دیاری هەبووە بەوپێیەی زیاتر بایەخ بەو میلۆدی و ئاوازە كوردییە ڕەسەنانە دەدات كە وەك مێژوویەك بۆ هونەری كوردی ماونەتەوە، دوای بەشداری كردنی گروپی موزیكی نەوای هەولێر لە دوو فێستیڤاڵی جیاوازدا لە هەریەك لە وڵاتانی رووسیا و یۆنان،بە سەرپەرشتی هونەرمەند ( فەرهەنگ غەفوور) نۆبەرە كلیپ و CD دەنگی خۆیان بڵاو دەكەنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی گروپی میوزیكی نەوای هەولێر ئەم بەرهەمە پێكهاتووە لە گەشتیێك بە نێو میلۆدییە ڕەسەنەكانی كوردی كە گۆرانی سەرجەم ناوچەكانی كوردستانی لە خۆ گرتووە، سۆڵۆی گۆرانیەكانیش لەلایەن (فەرهەنگ غەفور و ئاڤان عوسمان) گوتراوە بە هاوكاری ئەندامانی ئەو گروپە كە پێهاتووە لە موزیكژەنان ( هۆشیار مەرجان، هەڤاڵ حەمەد، ساكار عەبدوڵڵا، شیاو كەمال، ڕێبوار عەبدوڵڵا، هۆگر عەزیز، مێڤان چیچۆ، ئەلەند خەیری).
شایەنی باسە ئەم بەرهەمە بۆ جەژنی رەمەزان لەسەرجەم كوردستان بە شێوازی cd ئۆرجینال بڵاو دەكرێتەوە، كاری ڤیدیۆ كلیپیشی لە وڵاتانی یۆنان و ئیتاڵیا و كوردستان بۆ ئەنجام دراوە كە لە كامێرا و دەرهێنانی هەڤاڵ حەمەد و مۆنتاژی ئەژین ئەحمەدە، بڕیارە لە سەرجەم كەناڵە لۆكاڵی و ئاسمانییەكان پەخش بكرێت.
Top