زۆر نووستنی هونه‌رمه‌ندان بۆ نه‌بوونی شوێن ده‌گه‌ڕێنته‌وه‌

زۆر نووستنی هونه‌رمه‌ندان بۆ نه‌بوونی شوێن ده‌گه‌ڕێنته‌وه‌
نوژدار یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ لاو و به‌ تواناكانی ده‌ڤه‌ری دهۆك، كه‌ توانیویه‌تی به‌ لێهاتوویی خۆی جۆرێك له‌ تێكه‌ڵاوی له‌نێوان ره‌سه‌نایه‌تی و نوێگه‌رایی بهێنێته‌ ئاراوه‌ و به‌شێوه‌یه‌ك پێك به‌ستنێك بكات كه‌ هیچیان له‌سه‌ر حیسابی ئه‌ویتر نه‌بێت و مافی هه‌ریه‌كه‌یان وه‌كو خۆی پێبدا.
نوژدار له‌ پێوه‌ندیه‌كدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری گوڵان باسی له‌ هۆكاره‌كانی نه‌گوتنی سروودی ئایینی كرد له‌ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز و گوتی: ئایین و دینداری ئه‌وه‌ نییه‌ مرۆڤ سروودێك بڵێت و خوای گه‌وره‌ له‌ خۆی رازی بكات، به‌ڵكو ئه‌مه‌ زیاتر به‌ستراوه‌ به‌ پێوه‌ندی نێوان من و خودا وه‌ك خودا په‌رستی و نوێژ كردن و ڕۆژوو گرتن كه‌ پێویسته‌ ئه‌مانه‌ پێشكه‌ش به‌ خوا بكه‌م و حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌مە لە نێوان من و خوای گه‌وره‌ بێت، وه‌كو ستران و سروودیش له‌وانه‌یه‌ پڕۆژه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ هه‌بووبێت، به‌ڵام من پێموایه‌ مه‌سه‌له‌ی گوتنی سروودی ئایینی پێویستە بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ بەجێ بهێڵرێت بێت كه‌ ته‌نیا سروودی ئاینی ده‌ڵێن و وه‌ك تایبه‌تمه‌ندییه‌ك پێویسته‌ بۆ ئه‌مانه‌ بێت، نوژدار هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: سروودی ئایینیش خزمه‌ت كردنێكی هونه‌ری كوردییه‌، به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ سروودێكی ئایینی توانیم وا له‌كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌م خێرێك پێشكه‌ش به‌ هه‌ژارێكی وڵاته‌كه‌م بكات یان سروودەكەم ببێته‌ هۆی ئاشتبوونه‌وه‌ی دوو كه‌س، ئه‌مه خۆی له‌ خۆیدا خزمه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ پێشكه‌شي ده‌كه‌م، چونكه‌ په‌یامی هونه‌رمەند بریتییه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی.
سه‌باره‌ت به‌ دیارده‌ی زۆر نووستنی هونه‌رمه‌نده‌ گه‌نجه‌كانیش، نوژدار ده‌ڵێ: پێموایه‌ ئه‌مه‌ دەگەڕێتەوە بۆ نه‌بوونی شوێنێكی تایبه‌ت به‌ هونه‌رمه‌ندان، چونكه‌ له‌ هه‌موو جیهان شوێنی تایبه‌ت هه‌یه‌ بۆ دانیشتن و كۆبوونه‌وه ، من خۆم یه‌كێكم له‌و كه‌سانه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ رۆژ زۆر ده‌نوم به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئاهه‌نگ یان ئیلتیزامێكی هونه‌ریم نه‌بێت بۆ خۆم ده‌نووم، بۆیه‌ ده‌ڵێم پێویستە هونه‌رمه‌ندان به‌رده‌وام كۆنسێرتیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رقاڵی بیركردنه‌وه‌ بن له‌ چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی كۆنسێرت و ئاهه‌نگه‌كان و ئه‌نجامدانیان به‌ باشترین شێوه‌ نه‌ك زۆربه‌ی كاتی خۆیان به‌ نووستن به‌سه‌ر به‌رن.
هه‌میشه‌ هونه‌رمه‌ند بیر له‌ به‌رهه‌می داهاتووی ده‌كاته‌وه‌ له‌ مباره‌یه‌وه‌ش نوژدار گوتی: من ئێستا له‌ قۆناغی كۆكردنه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی تێكست و ئاواز و تا ئێستا نزیكه‌ی 5 گۆرانیم هه‌ڵبژاردووه‌ و 5 تریش ماوه‌، به‌ڵام دوای سه‌ركه‌وتنی گۆرانییه‌كه‌م به‌ شێوه‌زاری سۆرانی، ئه‌ركم زۆر زه‌حمه‌تتر بووه‌ و ئێستاش به‌ دوای تێكستی سۆرانی نوێ ده‌گه‌ڕێم بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاستێكی زۆر باش پێشكه‌ش به‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌می بكه‌م.
Top