بێوار: تا ئێستا هیچ كارێكی وام نەكردووە جێگای رەخنە بێت
ئا/بەهرە سدیق
* چۆن بوو هونەری گۆرانیبێژیت وەك رێچكەیەك لە ژیانتدا هەڵبژارد؟
- لەمنداڵییەوە حەز و ئاواتی گۆرانی گوتنم هەبووە، ئەوكاتەی لەسەرەتاییش بووم مامۆستاكان گۆرانییان پێ دەگوتم و لەریزدا دەریان دەهێنام، مامۆستا سەباح بابێ زینێ زۆر هاندەرم بووە و لە سەرەتای ساڵی 2000 گرووپێكی هونەریمان بەناوی (ئاریانا) دانا.
*وەكو هونەرمەندێكی گەنج، لەلایەن هونەرمەندە گەورەكانەوە رەخنەت لێگیراوە؟
- باوەڕ ناكەم هیچ كارێكی وام كردبێت كە رەخنەم لێ بگیرێ، هەرچەندە من رەخنەم پێخۆشە، بەڵام رەخنەیەكی رووخێنەر نەبێ بەڵكو بونیادنەر بێت.
* ستایلەكەت زیاتر بەلای گۆرانی ئیقاعی و خێرایی دەڕوات یان گۆرانی هێمن؟
- پێویستە هونەرمەند شارەزایی لە هەموو ستایلەكان هەبێت، من حەز لە گۆرانی هێمن و گۆرانی ئیقاعی و خێراش دەكەم.
*هونەرمەندە بەتەمەنەكان هاندەرن بۆ ئێوە یان بە پێچەوانەوە؟
- ناڵێم هەموویان، بەڵام هەندێكیان هاندەری باش بوون بۆ ئەوەی ئێمەی بەردەوام بین لەسەر كاری هونەری و خۆمان پێش بخەین لەو بوارەدا.
*لەدوای گۆرانی مەرجانە بۆ ماوەیەك ون بووی هۆكاری ون بوونت چیبوو؟
-كاتێك لە ساڵی 2004 (مەرجانە)م پێشكەش كرد رووم لە ئەوروپا كرد بە نیازی ئەوەی خزمەتی هونەری كوردی بكەم، دوای ساڵێك یان دوو ساڵ كلیپێكم كرد لە ئەستەمبۆڵ بەناوی (یارامن) و لەدوایی ئەویش گۆرانی (پەشیمانم)م پێشكەش كرد.
* گۆرانی(یارامن) ئاوازو پەیڤی كێیە؟ وچۆن بوو بیرت كردەوە گۆرانی بە زمانی توركی بڵێی؟
- یارا من لە پەیڤی مامۆستا(حوسێن كەمانچە)و ئاوازی مامۆستا(سەباح)ە، سەبارەت بە گۆرانی گوتن بە زمانی توركی پێم باش بوو هونەرمەند بە زیاتر لە زمان و زاراوەیەك گۆرانی بڵێ، چونكە زۆر كەس هەن هەواداری گۆرانی توركین و گوێی لێ دەگرن كەواتە گرنگە بۆ هونەرمەند بتوانێ كارێكی وابكات، ئێمەش بۆ كارێكی وانەكەین وەك هونەرمەندانی جیهان كە هیچمان لەوان كەمتر نییەـ تا بتوانین هونەری خۆمان پێش بخەین وبە جیهانی بناسێنین.
*ئەلبوومی ئێستات لە كوێ كردووە؟
-لەتوركیام كردووە لە ئەستەمبۆڵ لەستۆدیۆ هەرە باشەكانی توركیا.
*زیاتر گۆرانیت بۆچی وتووە؟
-زیاتر گۆرانییەكانم بۆ خۆشەویستی بووە، بۆئەو كەسانە گۆرانی دەڵێم كە عاشقن.
* ماوەیەك دەنگۆی ئەوە هەبوو كە جەنابتان مردوون؟
-هەمووی پروپاگەندە بوون لەدوایی گۆرانی مەرجان كە چووم بۆ ئەوروپا و دوایی هاتمەوە برادەران منیان بینی گوتیان وامان زانیوە كە مردبی، ئیتر هونەرمەند كە ماوەیەك دیار نەما دەكەوێتە بەر قسەو قسەڵۆك، تۆ ناتوانی دەمی خەڵك بگری ئەوانیش ئازادن چ دەڵێن بابیڵێن.
*دوایین كاری هونەریت چییە؟
-ئەلبوومێكە پێك دێت لە 13 تراك، كە 6 تراكی بەزاراوەی سۆرانی و6 بەزاراوەی بادینی یەكێكیشیان توركیە، پەیڤ و ئاوازی مامۆستا سەباحە دوو تا سێ گۆرانی نەبێ ئاوازی خۆمن .