شەهرام عەلیدی:ئاستی بینینی خەڵكی كوردستان و ئەوروپا بۆ سینەما وەكو یەكە

شەهرام عەلیدی:ئاستی بینینی خەڵكی كوردستان و ئەوروپا بۆ سینەما وەكو یەكە
شەهرام عەلیدی ئەو گەنجە سینەماكارە كوردەیە كە توانیی بە فیلمی «سرتە لەگەڵ با» فیلمی كوردی قۆناغێك بباتە پێشەوە و بیگەیەنێتە فیستیڤاڵی «كان»ی جیهانی. لە پێوەندییەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان عەلیدی دەڵێ: حەز دەكەم كارەكانمان زیاتر بۆ چاو بن نەك بۆ گوێ، واتە بەبێ دیالۆگ كاری خۆمان بكەین، بەڕای من كورد زۆر زۆر زیرەكە من ئێستا شارەزاییەكی باشم لە باشووری كوردستان هەیە و بۆم دەركەوت كە چاوی خەڵكی ئێرە باشترین چاوە بۆ بینینی سینەما، رەنگە هەندێك كەس پێیان سەیر بێت، بەڵام من بە بەڵگەوە دەڵێم خەڵكی سەر شەقام لە كوردستان بە تاقیكردنەوەیەكی زۆر ئاسان و بینینی هەندێك فیلم ئاستی بینینی دەگاتە ئاستی خەڵكی ئەوروپا. دەرهێنەری فیلمی «سرتە لەگەڵ با» هەروەها دەڵێ: ئێمە وەك دەرهێنەر دەبێ زمانی سایكۆلۆژی بینەری كوردیش بزانین هەر ستایلێك بۆ كورد بگێڕیتەوە زۆر ئاساییە، بەڵام دەبێ ئەو ستایلە وا هەڵبژێریت كە كوردانە بێت ئەویش لە زۆر رووەوە دەبێت بەتایبەتی لە چۆنیەتی گێڕانەوەی، من دڵنیام ئێمە پێویستمان بە چەند جۆرە سینەمایەك هەیە ئەو جۆرە سینەمایانە دەبێ وابن كە بیر و ویست و خواستی بینەری ئێمە پڕ بكات بینەری ئێمەش فرە چینە و هەر چینێكیش سینەمایەكی تایبەتی دەوێ، وەك درامی، رۆمانسی، ئەكشن، درامای نەرمی كۆمەڵایەتی، كەلتوور.
Top