باخچەكانی بەهەشت لە سویسڕا مرواری پێ بەخشرا

باخچەكانی بەهەشت لە سویسڕا مرواری پێ بەخشرا
فیلمی "باخچەكانی بەهشت" لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد مانۆ خەلیل، خەڵاتی مرواری سینەمای سویسرای لە فێستیڤاڵی سینەمایی لۆكارنۆ بەدەستهێنا.
مانۆ خەلیل رایگەیاند "لە رێكەوتی 9 ئاب 2011، لە رێورەسمێكدا خەڵاتی مرواری سینەمایی، لە رێگەی فیلمی باخچەكانی بەهشت پێشكەش بە من كرا".
گوتیشی "ئەم خەڵاتە ساڵانە لە چوارچێوەی فیستیڤاڵی سینەمایی لۆكارنۆدا دەبەخشرێتە فیلمێكی سینەمایی درێژ و فیلمێكی دۆكیۆمێنتی".
ئەوەشی خستە روو "رەخنەگرانی بواری سینەما لە سویسرا، دەنگ لەسەر پێدانی ئەو خەڵاتە بەو دوو فلیمە دەدەن".
ئەم فیلمە باس لە چیرۆكی پێنج خێزان دەكات كە لە پێنج شوێنی جیای جیهانەوە هاتوونە و روویان لە سویسرا كردووە، چیرۆكەكانیان جیاوازە، بەڵام شوێنی حەوانەوەیان یەك شوێنە، ئەویش باخچەی ماڵەكانیانە كە دەرهێنەر ناوی ناوە باخچەكانی بەهەشت.
"باخچەكانی بەهەشت" فیلمێكی دیكۆدرامییە، ماوەكەی 97 خولەكە، بەزمانەكانی كوردی، ئەڵمانی، ئیتاڵی و فەرەنسییە، بەرهەمی كەناڵە تەلەفزیونییەكانی سویسرایە، لەوانە "S F" بە زمانی ئەڵمانی، "TSR" بە زمانی فەرەنسی، "RSE" بە زمانی ئیتاڵی و "3 SAT" بە زمانی ئەڵمانییە.
مانۆ خەلیل دەرهێنەرێكی كوردی كوردستانی سوریایە، لە سویسرا ژیان بەسەر دەبات و چالاكییە سینەماییەكانی ئەنجام دەدات، خاوەنی چەند فیلمێكی سینەمایی و تەلەفزیۆنییە، فیلمەكانی بە پاڵپشتی كەناڵ’ تەلەفزیۆنییە ئەورپییەكان بەرهەم دێنێت، تا ئێستا چەند خەڵاتێكی بەدەستهێناوە، بەتایبەتیش لە سویسرا.
فیستیڤاڵی سینەمایی لۆكارنۆ كە بە یەكێك لە فیستیڤاڵە هەر گرنگەكانی هونەری حەوتەم لە جیهاندا دەژمێردرێت، لە ماوەی 3-13 ئاب/ ئۆگۆست 2011، لە شاری لۆكارنۆ لە سویسرا بەڕێوەدەچێت.
Top