ئه‌لیف بیانی:فۆلكلۆری كوردی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌، پێویسته‌ زیاتر سوودی لێ وه‌ربگیرێت

ئه‌لیف بیانی:فۆلكلۆری كوردی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌، پێویسته‌ زیاتر سوودی لێ وه‌ربگیرێت
باكووری كوردستان سه‌رمایەیە‌كی له‌ بن نه‌هاتووی هونه‌ری كوردییه‌ كه‌ به‌ ده‌نگه‌ چیایی و ره‌سه‌نه‌كه‌یان بره‌و به‌ هونه‌ری كوردی ده‌ده‌ن، جا چ له‌ كوردستان ژیان به‌سه‌ر به‌رن یان له‌ ئه‌وروپا، خاتوو (ئه‌لیف بیانی)یش یه‌كێكه‌ له‌ گۆرانیبێژه‌كانی شاری وان كه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ ده‌نگه‌كه‌ی خزمه‌تی هونه‌ری كوردی ده‌كات و چوار به‌رهه‌می بڵاوكراوه‌ی هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ له‌ بۆنه‌ و ئاهه‌نگه‌كان ئاماده‌ بوونی هه‌یه‌، ماوه‌یه‌كیش به‌ر له‌ ئێستا له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای دهۆك به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا جه‌مال محه‌مه‌د گۆرانییه‌كی تۆمار كرد و له‌ به‌رنامه‌دایه‌ دووباره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان و به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی هاوبه‌ش تۆمار بكه‌ن.
هونه‌ر له‌ باشووری كوردستان پێشكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌
ئه‌لیف كه‌ پێشتر سه‌ردانی كوردستانی كردووه‌، ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی تێبینیم كردووه‌ باشووری كوردستان ئه‌م پارچه‌یه‌ی وڵات له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ پێشكه‌وتووه‌ و ئاوه‌دانی هه‌یه‌، بێگومان هونه‌ریش له‌و میانه‌یه‌دا پێشكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێم بپرسن له‌ باكوور یان باشوور هونه‌ر زیاتر پێشكه‌وتووه‌ ئه‌وا بێگومان ده‌توانم بڵێم له‌ باكوور پێشكه‌وتنی زیاتری به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، چونكه‌ كاریگه‌ری هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌، ئێمه‌ خاوه‌ن كەلتوور و گه‌نجینه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی هونه‌رین، پێویسته‌ له‌ هه‌موو سوودی زیاتریان لێ وه‌ربگیرێت نه‌ك روو بكه‌ینه‌ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌ و میلله‌تانی تر و هونه‌ره‌كه‌ی خۆمان بێ ناز و خزمه‌ت پشتگوێ بخه‌ین.
فۆلكلۆر گه‌نجینه‌یه‌كی له‌ بن نه‌هاتووه‌
ئه‌لیف خان پێی وایه‌ میلله‌تی كوردیش وه‌ك هه‌ر میلله‌تێكی دیكه‌ پێویسته‌ ئاوڕ له‌ گه‌نجینه‌ی پڕ به‌های كەلتووری كوردی بداته‌وه‌،‌ ئه‌وساكه‌ ده‌بینین كه‌ كورد به‌ كەلتووره‌كه‌یه‌وه‌ چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌نده‌، ئه‌لیف بیانی ده‌ڵێ: من له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری به‌رهه‌مه‌كانی خۆمدا گۆرانی فۆلكلۆریم وتووه‌، له‌ ئاهه‌نگ و بۆنه‌كانیشدا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ گۆرانی فۆلكلۆری نه‌ڵێین ئه‌وا خه‌ڵك داوامان لێده‌كات به‌تایبه‌تی گۆرانی شایی، جگه‌ له‌وه‌ ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی فۆلكلۆر ده‌خوێنین بۆ ئه‌وه‌ی زیندووی بكه‌ینه‌وه،‌ له‌ هه‌مان كاتدا په‌ره‌ی پێبده‌ین، چونكه‌ فۆلكلۆریش پێویستی به‌ زیندوو كردنه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رهیچ نه‌بێت بیپارێزین، ئه‌وه‌ی زیاتر دڵخۆشمان ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ پاراستنی ئه‌و كەلتووره‌ بوونی چه‌ندین كه‌ناڵی رادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنییه‌ به‌ زمانی كوردی، ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ند به‌رهه‌مه‌كانی خۆمان له‌وانه‌ش فۆلكلۆرییه‌كان له‌ رێگای میدیاكان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین و خه‌ڵكیش گوێی لێده‌گرن، ئه‌مه‌ش ئاشنایه‌تی زیاتر په‌یدا ده‌بێت له‌لایه‌ن تاكی كورد به‌رامبه‌ر به‌ به‌رهه‌مه‌ فۆلكۆرییه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی گه‌له‌كه‌مان.
ته‌نیا له‌ ئاهه‌نگه‌كاندا گۆرانی هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌كان ده‌ڵێمه‌وه‌
ئه‌لیف وه‌ك زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ی باكووری كوردستان كاریگه‌ر بووه‌ به‌ هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌كان و خاوه‌ن ئه‌زموونه‌كان، ئه‌لیف ده‌ڵێ: هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ته‌حسین ته‌ها و شڤان په‌روه‌ر به‌تایبه‌تیش هونه‌رمه‌ندی نه‌مر ته‌حسین ته‌ها، هه‌رچه‌نده‌ من تا ئێستا له‌ ئه‌لبوومه‌كاندا گۆرانییه‌كانیم دووباره‌ نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئاهه‌نگ و بۆنه‌كاندا به‌رده‌وام گۆرانییه‌كانی ده‌ڵێمه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ست به‌ ره‌سه‌نایه‌تی ده‌كه‌م له‌ ده‌نگ و گۆرانییه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌ و گۆرانییه‌كانی هه‌میشه‌ به‌ زیندوویی ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مرانه‌ به‌ مامۆستا و پێشه‌نگی هونه‌ری كوردی داده‌نرێن كه‌ بۆ ئێمه‌ رێنیشانده‌رن و پێویسته‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ سوود له‌ هونه‌ره‌كه‌یان وه‌ربگرین و به‌ نه‌وه‌كانی داهاتوویان بناسێنین، چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ لێیان قوڵ بیه‌وه‌ شتی نوێ و تازه‌ فێر ده‌بی و ده‌بنه‌ هۆكاری پێشخستنی ئاستی هونه‌ری ئێمه‌ كه‌ ئێستا به‌رده‌وامین له‌ خزمه‌ت كردنی هونه‌ری كوردی، هه‌روه‌ها له‌ هونه‌رمه‌نده‌ ئافره‌ته‌كانیش من زۆر حه‌ز له‌ ده‌نگی عایشه‌شان و گوڵبه‌هار و شه‌هریڤانا كوردی ده‌كه‌م.
كارێكی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ تیپی دهۆك ئه‌نجام ده‌ده‌م
به‌ر له‌ ماوه‌یه‌ك ئه‌لیف بیانی گۆرانییه‌كی له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای دهۆك تۆماركرد دواتریش به‌شێوه‌ی ڤیدیۆ كلیپ بڵاوكرایه‌وه‌، ده‌رباره‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی ده‌ڵێ» ماوه‌یه‌ك بوو نیازی ئه‌وه‌م هه‌بوو سه‌ردانی كوردستانی ئازاد بكه‌م بۆ به‌رهه‌مهێنانی گۆرانییه‌ك، كاتێك هاتمه‌ شاری دهۆك ئه‌م داوایه‌م له‌ مامۆستا جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب كرد، كه‌ به‌ ڕاستی جێگای خۆیه‌تی لێره‌وه‌ سوپاسێكی بێ پایانی مامۆستا جه‌مال بكەم، چونكه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاری كردم، دوای بڵاوبوونه‌وه‌یشی كلیپه‌كه‌ زۆر جوان و سه‌ركه‌وتوو بوو ئه‌وه‌ی زیاتر دڵخۆشی كردم رازی بوون و خۆشحاڵی كوردانی باكوور بوو به‌وه‌ی كه‌ له‌ باشووری ئازادكراوی كوردستان كلیپێك به‌رهه‌م بهێنم به‌و شێوه‌یه‌.
پاییز به‌به‌رهه‌مێكی نوێوه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌‌
دوای سه‌ركه‌وتنی كلیپی یه‌كه‌می ئه‌لیف به‌ نیازه‌ جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان بۆ تۆماركردنی به‌رهه‌مێكی دیكه‌، له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌لیف ده‌ڵێ(ئێستا كه‌شوهه‌وا گه‌رمه‌ بۆیه‌ بڕیارمداوه‌ له‌ پاییزی ئه‌م ساڵ جارێكی تر بگه‌ڕێمه‌وه‌ كوردستان بۆ تۆمار كردنی گۆرانییه‌كی نوێ ئینجا بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ شێوه‌ی ڤیدیۆ كلیپ، هه‌روه‌ها ئه‌لیف ئێستا خۆی ئاماده‌ ده‌كات بۆ به‌رهه‌مێكی نوێ، به‌ڵام تا ئێستا ده‌ستیپێنه‌كردووه‌ و ده‌ڵێ) كه‌ هاتمه‌ كوردستان له‌گه‌ڵ مامۆستا جه‌مال باس له‌و به‌رهه‌مه‌ ده‌كه‌م و ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ له‌بار بوو ئه‌وا له‌ زستانی داهاتوودا بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه‌.
Top