قادر ئه‌سعه‌د بۆ گوڵان: شانازیكردن بە ڕابردووی پاکەوەسەروەری بۆ مرۆڤەکان دەگەڕێنێتەوە

قادر ئه‌سعه‌د بۆ گوڵان: شانازیكردن بە ڕابردووی پاکەوەسەروەری بۆ مرۆڤەکان دەگەڕێنێتەوە
به‌م دواییه‌ هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش قادر ئه‌سعه‌د دوایین به‌رهه‌می خۆی به‌ ناوی (شایی) بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ چه‌ند گۆرانییه‌‌كی هه‌ڵپه‌ڕكێ له‌ خۆ ده‌گرێت به‌ شێوه‌زاره‌ جیاجیاكانی زمانی كوردی، له‌ژیانی هونه‌ری خۆیدا ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ كه‌ به‌رهه‌مێكی تایبه‌ت به‌ گۆرانی هه‌ڵپه‌ڕكێ بڵاو بكاته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌م به‌رهه‌مه‌ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ قادر ئه‌سعه‌د به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایه‌وه‌.
* له‌ به‌رهه‌مه‌كانی رابردووشدا گۆرانی هه‌ڵپه‌ڕكێ هه‌بووه‌، بۆچی به‌رهه‌می ئه‌مجاره‌تان هه‌مووی تایبه‌ت بوو به‌ گۆرانی هه‌ڵپه‌ڕكێ به‌ناوه‌كه‌یشیه‌وه‌؟
- ئەم بەرهەمەم تایبەت بوو بۆ یادەکانی ڕاپەڕین و نەورۆز، هەروەکو خۆشتان ئاگادار بوون بۆ ئەو کاتە ئامادە بوو بۆ بڵاوکردنەوە، بەڵام ئەو بارە ناسەقامگیرییەی کە لەهەرێمدا ڕوویدا گونجاو نەبوو من ئەو کاتە ئەم بەرهەمە بڵاو ده‌کەمەوە، هەروەها لە سەر خواستی زۆربەی هەواداران و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی خۆم و هونەرەکەم داوایان لێکردم کە ئەلبوومێکی تایبەت با شایی و هەڵپەڕکێ ئاماده‌ بكه‌م، هەر لە سەر داواو پێشنیاری ئەوانیش بوو ناوم له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌م نا «شایی».
* تۆ زیاتر به‌ هونه‌رمه‌ندی ئاشقان ناسراوی، ئاماده‌كردنی به‌رهه‌مێكی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵپه‌ڕكێ هه‌نگاوێكی زه‌حمه‌ت نه‌بوو بۆت؟
- نەخێر چونکە ئاشقان پتر لە هەموو کاتێک پێویستیان بە لەیەکتر نزیکبوونەوە هەیە، هەڵپەرکێ و شاییش هۆکاریکە بۆ ژووانی ئاشقان و تاوێک ئاوێتە بوون و هەست گۆڕینەوەو وپشودانێک بە ڕوحیان لە زه‌ماوه‌ندا، ئەوەشمان لە یاد نەچیت من لە هەموو بەرهەمێکمدا گۆرانی شایی وهەڵپەڕکێم تۆمار کردووە شان بەشانی ئاوازی دیكه‌ش.
*فیستیڤاڵی ئاشتی به‌ كوێ گه‌یشت؟
- بانگەوازەکە هەر بەردەوامە، هیوادارم وەزارەتی ڕۆشنبیری ولاوان هەروەها ڕێکخراوی هونەرمەندانیش بەدەم ئەم بانگەوازەوە بێن و هه‌ست به‌و به‌رپرسیارێتییه‌، مێژووییە بکەن، فیستیڤاڵەکە ئەنجام بدرێت، دەنا زۆر ئەڵتەرناتیفی تر هەیە بەڵام با جارێ چاوەڕوانی ئەم بەڕێزانە بین.
*ئه‌و پلانه‌ی ئێستا ڤین پرۆده‌كشن پیاده‌ی ده‌كات له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان چۆن ده‌بینی؟
- ئەگەر ڕاستیتان دەوێت زۆر باشە، گرنگ نییە کاسێت وئەلبوومی گۆرانی تەنیا لە تۆمارگاکان بفرۆشێن، بێجگە لەوەش ئەوە ڕێگرێکە لە کۆپی کردن و یاری کردن بە چارەنوووسی بەرهەمی هونەرمەندان، کە هەندێک سەنتەری بڵاوکردنەوە لە ژێر پەردەی بڵاوکرنەوەی بەرهەمە ئۆڕگیناڵەکان هەڵدەستان بە کۆپی کردنیشی، بەڵام هیوادارم ڤین زیاتر پڕۆفیشناڵتر کارەکان ئەنجام بدەن لە کاتی بڵاوکرنەوەدا، بەتایبەتی لە دەرەوە کە تاکو ئێستا نەگەیشتووە، باوەڕ بکە تاکو ئێستا ئەلبوومەکەی خۆم دەست نەکەوتووە لام نيیە.
*تۆ له‌گه‌ڵ كاك هه‌ڵكه‌وت زاهیر پێوه‌ندیتان هه‌یه‌ و هه‌ندێك كاریشتان پێكه‌وه‌ كردووه‌، هه‌ربۆیه‌ تۆش رووبه‌رووی ره‌خنه‌ نه‌بوویته‌وه‌؟
- زۆر ڕاستە پێوەندییەکی بەهێزمان هەیە دوور لە بەرژەوەندی تەسکی شەخسی لە سەر بنچینەی ڕێزگرتن لە بیرووبۆچوونی یەکتر، ئەگەرلە زۆر شتیشدا جیاوازیش بیر بکەینەوە، کارکردنی من وکاک هەڵکەوتیش زۆر ئاسایی بووە بەڕێزیان داوای چەند هۆنراوەیه‌کی لێکردووم منیش بە خۆشییەوە پێشکەشم کردوون، ئەویش کردویەتی بە ئاواز بۆ گۆرانیبێژان، زۆر ئاساییە کە دوچاری ڕەخنەش ببمه‌وه‌، بەڵام تاکو ئێستا لە دەستخۆشی زیاتر هیچیترم پێ نەوتراوە.
*ئه‌و ره‌خنانه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌ڵكه‌وت زاهیر ده‌كرێنه‌وه‌ له‌ جێی خۆیانن یان زیاده‌ڕۆیی تێدایه‌؟
-زۆر سروشتییە مرۆڤ تاکو کار نەکات دووچاری ڕەخنە نابێتەوە، ڕەخنەش زەنگێکی پێویستە بۆ ئەوەی هەرچی زووە مرۆڤ بە هۆش خۆیی بێنێتەوە کاری باشتر بکات و لە سەر هەڵەکانی بەردەوام نەبێت، کاک هەڵکەوتیش وەکو هەر مرۆڤێک بە دور نییە لە ڕەخنە، ڕەنگە بەشێکیان ڕاست بن، بەڵام بە ڕایی من زۆر زێدەڕۆیی تێدایە. خۆ هەق وایە لە بەرامبەردا دەستخۆشی لە کارە باشەکانی مرۆڤ بکرێن، بەڵام زۆر بەداخەوە لای ئێمە ئەم بەشەی دووەمیان فەرامۆش کراوە، چاوەکانمان جوانی نابینن.
*پێتوانییه‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌گه‌ر له‌ كاركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م دابڕا ئیدی له‌ هونه‌ر داده‌بڕێت و پێویست ناكات نانی رابردووی خۆی بخوات؟
-نەخێر ئەو دەستەواژەیە زۆر هەڵەیە، زۆر جاران تەنها کارێکی نایاب وپڕ لە داهێنان دەبێتە مایەی سەروەری ناوێکی گەورە تاکو ژیان ماوە، ئەوەشمان لە یاد نەچیت داری ڕۆژگار زۆر بێ ڕەحمە قەدەرێک وا لە مرۆڤ دەکات کە سنووری دووری هەڵبژێرێت و دەستەو ئەژنۆ دوور بوەستێت نەتوانێت لە کارەکەی بەردەوام بێت، بۆیە من پێموایە شانازی بە ڕابردووی پاک هەموو کاتێک سەروەری بۆ مرۆڤەکان دەگەڕێنێتەوە.
Top