نازدار لە سەگ و پشیلە دەترسێت

نازدار لە سەگ و پشیلە دەترسێت
خانمە هونەرمەندی دەنگخۆش نازدار دوور لە كاری هونەری لە پێوەندییەكی تایبەت لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە چەند لایەنێكی تایبەتی ژیانی خۆی دەكات.
نازدار جزیری دەربارەی ئەوە كە ئامادەیە بڵێت پیر بووم یاخود لە چ تەمەنێك بەخۆی دەڵێت پیرم، ئەو پێیوایە چرچ و لوچ تەنیا لەسەر روخسار و سیمای مرۆڤەوە دەردەكەون و دڵی مرۆڤ هەمیشە گەنجە و پیر نابێت. ئەم خانمە دەنگخۆشە دەربارەی ترس یاخود زیاتر لە چ شتێك دەترسێت دەڵێ: ئەو شتەی كە زۆر زۆر لێی دەترسێم لە ژیاندا لە دەستدانی كەسانی ئازیز و خۆشەویستە وەكو تریش من زۆر لە سەگ و پشیلە دەترسێم.
سەبارەت بە خەونەكانیشی بەتایبەتی لە بواری هونەرییەوە نازدار جزیری دەڵێ: خەونی من ئەوەیە تا لە توانامدا هەبێت بەشێوەیەكی باش و سەركەوتوو خزمەت بە هونەری كوردی بكەم و حەز دەكەم شتە كۆنەكان پێشكەش بكەم، هەروەها یەكێك لە خەونەكانیشم ئەوەیە دوای ماوەیەكی زۆر هونەرەكەم بە زیندوویی و نەمری بمێننەوە و هەمیشە گوێگری خۆی هەبێ و بتوانم لەو ریگەیەوە خزمەت بە میللەتی كورد بكەم.
زۆر لە هونەرمەندەكان لە ئاهەنگی تایبەتدا گۆرانی دەڵێن، هەندێك كەس پشتگیری لەم كارە دەكەن و پێیان باشە هونەرمەند بتوانێت بژێویی ژیانی خۆی لە رێگای هونەرەوە پەیدا بكات، لە بەرامبەردا كەسانێك هەن بە هەموو شێوەیەك دژی ئەم كارە دەوەستنەوە، نازدار خان بەرامبەر بەم دیاردەیە دەڵێ» ئەمە دەوەستێتە سەر شوێن و ئەو كەسانەی لەو ئاهەنگە تایبەتەدا ئامادە دەبن بە مەرجێك نەبێتە هۆی كەم كردنەوەی ئاستی هونەری و كەسایەتی ئەو هونەرمەندە و رێزی لێبگرن و دوور نەبێت لە دابونەریتەكانی كۆمەڵگای كوردەواری، هەر هونەرمەندێكیش ئەم مەرجانە پەیڕەو بكات ئەوا لەنێو خەڵكیدا ڕێز و تەقدیری دەبێت.
نازدار جزیری سێ ساڵ لە پەروەردەكردنی منداڵی خوێندووە، بەڵام ئایا بەنیازە لەكوردستان كارێك بكەیت یاخود گۆرانی بۆمنداڵان بڵێت؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێ: بیرۆكەیەكم هەیە لەسەر منداڵان، چونكە بە راستی منداڵان ئایندەی وڵاتەكەمانن، هیوادارم لە خەم و خەفەت و شەڕ دووربن، من هەوڵ دەدەم لە پاشەڕۆژدا پڕۆژەكەم دەربارەی منداڵان بە ئەنجام بگات، نازدار دەربارەی گرنگیدان بە منداڵان لە كوردستاندا دەڵێ: لە كۆتایی خوێندنەكەمدا كە دەربارەی منداڵان بوو، گەیشتمە ئەو ئەنجامە كە پێویستە گرنگی زیاتر بە منداڵان بدرێت و دەرفەتیان بۆ فەراهەم بكرێت، كاتێك دەبینم لە وڵاتانی دیكە گرنگی زۆر بە پەروەردە كردنی منداڵان دەدەن، خەم بۆ منداڵانی كوردستان دەخۆم بەوەی بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە بە باشی بیر لەم لایەنە نەكراوەتەوە، ئەركێكی قورس دەكەوێتە ئەستۆی خێزان و كەسوكاری منداڵان لەم بوارەدا، بۆیە پێویستە رێكخراوی تایبەت بە گرنگیدان بە خوێندن و پەروەردە كردنی منداڵان دابمەزرێن و ئەو خەمە وە ئەستۆی خۆیان بگرن.
Top