ئەحمەد سالار نیگەرانە

ئەحمەد سالار نیگەرانە
لە پێوەندییەكدا هونەرمەندی گەورە ئەحمەد سالار پێی راگەیاندین ماوەیەكە خەریكە پڕۆڤەیە لەسەر كارێكی شانۆیی نوێ كە لە سیناریۆ و دەرهێنانی خۆیەتی و، كۆمەڵێك هونەرمەندی شانۆكار بەشداری تێدا دەكەن، لەمبارەیەوە هونەرمەند ئەحمەد سالار رایگەیاند: ماوەیەكە شانۆی سالاربەكۆمەك و پشتگیری بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ لە هەولێر خەریكی خۆ ئامادە كردن بووین بۆ شانۆیی(چیرۆكە بەردەوامەكە)یە لەنووسین و دەرهێنانی خۆمە، ئەم بەرهەمە باسی رووداوە مێژووییەكان دەكات هاوتەریب لەگەڵیدا داستانێكی لوڕی لەنواندندا هەبێت، ویستومە راستی ئەوە بڵێم چۆن سەركەوتنەكانمان گڕوتینمان پێدەبەخشی، پێویستە سەرنەكەوتنەكانیش بە هەمانشێوە ببێتە هۆی هێزو وەك ئەزموونێك، بڕوام بەوە هەیە ژیان لە هەڵە كردن و راست كردنەوە فێر دەبین لە هەڵەكردن دەرسی گەورە وەردەگرین.
مامۆستا ئەحمەد سالار هەروەها گوتی: لەم شانۆییە هەشت ئەكتەر كاردەكەن كە بەشێوازێكی ئاهەنگسازییە وبەیت ئامێزە سەما و گۆرانی بە كۆمەڵ تێیدا بەشداری دەبێ، بەهاوبەشی مۆسیقا لەسەر شانۆ بەشداری دەكات، مامۆستا سالار لە بەشێكی دیكەی پێوەندییەكەیەدا ئاشكرای كرد كە ئەمە دوا كاری دەبێت وەك دەرهێنان و زیاتر گوتی: بریارمداوە ئەمە دوایین كارم بێ وەك دەرهێنان، چونكە زۆر ئازارم دیت بۆ هۆڵ سازكردن و كار ڕاییكردن و یەك لەدوای یەك تەگەرە دێتە بەردەمم، بۆیە بەو تەمەنەوە دوای پەنجا ساڵ لە هەوڵ و كۆشش لە بواری هونەری شانۆ ناچار بووم بڕیار بدەم، ئەمە دوایین كارم بێت و جارێكی دیكە من هیچ داوایەك پێشكەش ناكات، مەگەر رۆژێ لەرۆژان قەدر گرانی وئاستی شانۆ لەو وڵاتە بگاتە ئەو ئاستەی ئەوانەی بەرپرسی هونەر و رۆشنبیری بێن داوام لێ بكەن، بۆ زانیاری ئێوەی بەڕێزیش هەر لەم هاوینە لەچوار فیستیڤاڵی جیهانی لە تاران و ئەوروپاو فەرەنسا بانگهێشت كرا بووم، بەڵام نەمتوانی بچم، ئەمە چۆن رەوایە ئەوان لەدوورەوە قەدرمان بگرن، كەچی لێرە شەڕم لەگەڵ دەكەن لەسەر هۆڵێك كە هیچ مەرجێكی شانۆیی تێدا نییە، هەر رۆژێك كۆمەڵێك دەنێرن و بیانوویەكت پێ دەگرن، بەراستی ئەمانە دژایەتی كردنە و هەندێك كاریش هەن كە عیززەتی نەفسی خۆت زۆر گەورەترە لەوەی بكەویتە ژێر بارێكی لەو شێوەیە یان رووبەروبوونەوەی كەسانێك دەبینەوە كە لە ئاستی قەدری تۆدا نەبن، بۆیە من بەڕاستی نیگەرانم لەو بارودۆخەی ئێستاكە هەیە.
Top