عەدنان كەریم یەكێك لە گۆرانیەكانی ئەلبومە نوێیەكەی كلیپ كردوە و ئامادەیە بۆ بڵاو كردنەوە

عەدنان كەریم یەكێك لە گۆرانیەكانی ئەلبومە نوێیەكەی كلیپ كردوە و ئامادەیە بۆ بڵاو كردنەوە
دوێنێ چوارشەم لە هۆڵى هوتێل سلێمانى پاڵاس لە سلێمانى عەدنان كەریم لەبارەى كارەكانى نوێترین ئەلبوومی گۆرانی "خاتوون" كۆنگرەیەكى ڕۆژنامەوانى ساز كرد، تێیدا ئەوەی خستە ڕوو كە ئەو ئەلبومەى كاری موزیك و دابەشكردنی لەلایەن گرووپی كامكارانەوە بۆ كراوە، هەروەها كۆمپانیاى ئاڤاگرووپ سپۆنسەرى ئەلبومەكە دەكات.

عەدنان كەریم لە سەرەتاى كۆنگرەكەیدا گوتى، نوێترین ئەلبوومی گۆرانیم (خاتوون) لە 7 تراك پێك هاتووە و هۆنراوەى گۆرانییەكان لەلایەن شاعیرى گەورە "عەبدوڵا پەشێو"دانراوە و مامۆستا هۆشەنگ كامكار ئاوازی بۆ گۆرانییەكان داناوە، هەروەها گۆرانییەكان بەدوو دەنگ كراون كە ئەویش دەنگى من و سەباى كچى مامۆستا هۆشەنگ كامكارە.

كەریم ئاماژەی دا، گۆرانییەكانى ناو ئەلبومە نوێیەكەم لە ستۆدیۆیەكى پێشكەوتووى تاران تۆمار كراون و هیوادارم بەدڵى گوێگران بێت، جیاوازیى ئەم ئەلبومە لەگەڵ ئەلبومەكانى ترم ئەوەیە ئاوازى گۆرانییەكان هیچى خۆم دام نەناوە.

لە وەڵامى پرسیارى ڕۆژنامەواناندا لەبارەى زاڵبوونى ئاوازى فارسى بەسەر گۆرانییەكانیدا و توانەوەى ئەو لەناو گرووپی كامكاران، عەدنان كەریم رای گەیاند، ئەوە دوورە لە راستییەوە و بەهیچ شێوەیەك من لەناو گرووپى كامكاران نەتواومەتەوە، بگرە كامكارەكان لە ڕۆحى ئاوازەكانى منەوە ئاوازییان بۆ گۆرانییەكانم داناوە.

كەریم ئەوەیشی ئاشكرا كرد، ڕۆژى ڕابردوو لەگەڵ كۆمپانیاى ئاڤاگرووپ گرێبەستێكمان ئیمزا كرد و دواى چاپكردنى سیدییەكان لە مانگى داهاتووەوە سیدییەكەم بڵاو دەبێتەوە، هیوادارم حكوومەت ڕێگە لەو كەسانە بگرێت وەك مافیا سیدییەكان لە دەرەوە كۆپى دەكەن و دەیهێننەوە كوردستان دەیفرۆشنەوە".

"لەم ڕۆژانەى ڕابردوو بەرهەمێكى نوێم لە چیاى سارا كلیپ كرد كە شیعرى مامۆستا عەبدوڵا پەشێوە و گرووپێكى ئۆكستراى پۆلۆنى كارى موزیكییان بۆ كردووە" كەریم واى گوت.

-ئاكا نیوز
Top