عەدنان كەریم یەكێك لە گۆرانیەكانی ئەلبومە نوێیەكەی كلیپ كردوە و ئامادەیە بۆ بڵاو كردنەوە
عەدنان كەریم لە سەرەتاى كۆنگرەكەیدا گوتى، نوێترین ئەلبوومی گۆرانیم (خاتوون) لە 7 تراك پێك هاتووە و هۆنراوەى گۆرانییەكان لەلایەن شاعیرى گەورە "عەبدوڵا پەشێو"دانراوە و مامۆستا هۆشەنگ كامكار ئاوازی بۆ گۆرانییەكان داناوە، هەروەها گۆرانییەكان بەدوو دەنگ كراون كە ئەویش دەنگى من و سەباى كچى مامۆستا هۆشەنگ كامكارە.
كەریم ئاماژەی دا، گۆرانییەكانى ناو ئەلبومە نوێیەكەم لە ستۆدیۆیەكى پێشكەوتووى تاران تۆمار كراون و هیوادارم بەدڵى گوێگران بێت، جیاوازیى ئەم ئەلبومە لەگەڵ ئەلبومەكانى ترم ئەوەیە ئاوازى گۆرانییەكان هیچى خۆم دام نەناوە.
لە وەڵامى پرسیارى ڕۆژنامەواناندا لەبارەى زاڵبوونى ئاوازى فارسى بەسەر گۆرانییەكانیدا و توانەوەى ئەو لەناو گرووپی كامكاران، عەدنان كەریم رای گەیاند، ئەوە دوورە لە راستییەوە و بەهیچ شێوەیەك من لەناو گرووپى كامكاران نەتواومەتەوە، بگرە كامكارەكان لە ڕۆحى ئاوازەكانى منەوە ئاوازییان بۆ گۆرانییەكانم داناوە.
كەریم ئەوەیشی ئاشكرا كرد، ڕۆژى ڕابردوو لەگەڵ كۆمپانیاى ئاڤاگرووپ گرێبەستێكمان ئیمزا كرد و دواى چاپكردنى سیدییەكان لە مانگى داهاتووەوە سیدییەكەم بڵاو دەبێتەوە، هیوادارم حكوومەت ڕێگە لەو كەسانە بگرێت وەك مافیا سیدییەكان لە دەرەوە كۆپى دەكەن و دەیهێننەوە كوردستان دەیفرۆشنەوە".
"لەم ڕۆژانەى ڕابردوو بەرهەمێكى نوێم لە چیاى سارا كلیپ كرد كە شیعرى مامۆستا عەبدوڵا پەشێوە و گرووپێكى ئۆكستراى پۆلۆنى كارى موزیكییان بۆ كردووە" كەریم واى گوت.
-ئاكا نیوز