سەرۆكی حكومەت پاڵپشتی هونەرمەندانە

سەرۆكی حكومەت پاڵپشتی هونەرمەندانە
لە كۆبوونەوەیەكدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەنجوومەنی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان كردو گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرۆژەیەكی سەندیكا و حكومەت كرد.
ئەم كۆبوونەوەیە كە لە ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی هەریەك لە "د. بەرهەم ساڵح" سەرۆكی حكومەت و "د. كاوە مەحمود" وەزیری رۆشنبیری و لاوان و نەقیب و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بەرێوەچوو.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی بەشی راگەیاندن و پەیوەندیییەكانی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان هاتووە، كە بۆ قسەكردن لەسەر چەند پرۆژە یاسایەك و مافی هونەرمەندانی كورد و چەند پرسێكی دیكەی گرنگ بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری و لاوان ئەنجوومەنی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەت كۆبوونەوە.
هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە كە لەو دانیشتنەدا سەرۆكی حكومەت رەزامەندی لەسەر چەند خاڵێك دەربڕی لەوانە پرۆژەیاسای سندوقی خانەنشینی هونەرمەندان و هاوكاری ساڵانەی حكومەت بۆ سندوقی هاوكاری هونەرمەندانی تایبەت بە سەندیكا، گرنگیدان بە بواری خوێندنی هونەری لە پرۆژەی تواناسازی لاوان و تەرخانكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هونەرمەندان لەرێگای پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە شارەكانی كوردستان، پێداچوونەوە بە دەرماڵەی رێزلێنان و زیادكردنی بڕەكەی.
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەی سەندیكادا هاتووە كە سەرۆكی حكومەت بڕیاریداوە كۆلیژە هونەرییەكان بەدەربكرێن لە سیستەمی فاكیۆلێتی "دمج"ی كۆلیژەكان، هەروەك باس لە یەكلاكردنەوەی كێشەی كۆشكی هونەر و گەڕاندنەوەی بۆ هونەرمەندان كراوەو سەرۆكی حكومەت پشتگیری دەربڕیوە بۆ سەرجەم ئەو پرۆژە هونەرییانەی كە لە سەندیكاوە ئاراستەی حكومەت دەكرێن و بەڵێنیشی داوە 3 ستۆدیۆی مۆدێرن لە شارەكانی كوردستان دروست دەكرێت".
Top