تارا جاف لە تاران وانەبێژە

تارا جاف لە تاران وانەبێژە
خاتوو "تارا جاف" هونەرمەندی ناوداری كورد كە ژەنیاری چەنگ و دانیشتووی شاری لەندەنە، وۆركشۆپێكی فێركاریی ئامێری چەنگ بە ناونیشانی "پێگەی چەنگ لە موزیكی كوردی و ئێرانیدا" لە ماڵی موزیكی ئێران بەڕێوەدەبات.
وۆركشۆپی فێركاریی یا ماستەر كلاسی "تارا جاف" ژەنیاری بەئەزموونی ئامێری چەنگ، بە ناونیشانی "پێگەی چەنگ لە موزیكی كوردی و ئێرانیدا" هاوڕێ لەگەڵ پەردەلادان لە چەنگەكانی "عەبدوڵڵا عەباسی" رۆژی چوارشەممە 27ی جولای كاتژمێر 4ی عەسر لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ماڵی موزیكی ئێران بەڕێوەچوو.
لەم وۆركشۆپەدا "تارا جاف" سەبارەت بە تەكنیكەكانی ژەنینی ئامێری چەنگ، شێوازە جۆراوجۆرەكانی ژەنینی ئەم ئامێرە و چەنگ لە مێژووی شیعر و موزیكی كوردی و ئێرانیدا ئاخاوت. ئامادەبوون و كەڵك وەرگرتن لەم وۆركشۆپە بۆ ئەندامانی ماڵی موزیكی ئێران ئازادە. هۆگران بۆ ناونووسین و وەرگرتنی زانیاریی پێوست سەبارەت بەم وۆركشۆپە، دەتوانن لەگەڵ ماڵی موزیك لە شەقامی فاتمی پەیوەندی بگرن.
خاتوو "تارا جاف" كە لە وڵاتە جۆراوجۆرەكانی جیهان، لەوانە: ئەڵمانیا، فەرەنسا، توركیا، ئینگلتەرا، دانیمارك، هۆڵەندا و هەرێمی كوردستان كۆنسێرتی موزیك و گۆرانی پێشكەش كردووە، ئێستاكە سەردانی تارانی كردووە و ئەم رۆژانە بە هاوڕێیەتی لەگەڵ ژەنیاری لاوی كورد و ئامێرژەنی بەتوانای نەی "فەردین لاهورپور" و خاتوو "سومەیە عەباسی" ژەنیاری زەرب، سەرقاڵی تۆماركردنی ئەلبوومێكی نوێ ئامێرەكانی چەنگ و نەی و زەربن كە تیایدا چەندین پارچە موزیكی كوردی پێشكەش بە هۆگرانی موزیك دەكەن.
Top