لەبەر نەبوونی كات هەفتانە دوو ڕۆژ وەرزش ئەنجام دەدەم

لەبەر نەبوونی كات هەفتانە دوو ڕۆژ وەرزش ئەنجام دەدەم
سەبارەت بە چەند لایەنێكی تایبەتی ژیانی خۆی نارین فەقێی هونەرمەند لە پێوەندییەكدا دەڵێ: من گۆرانی بۆ میللەتەكەم دەڵێم و حەز دەكەم موزیك و هونەری خۆم و شیعری جوان و ئاوازی خۆش پێشكەش بە میللەتەكەم بكەم، سەركەوتن و ناوبانگ دەركردن ئەو كات بۆ من گرنگە كە بزانم ئامانجەكانی خۆم پێكاوە، گرنگترین سوودیش لە هونەر بەلای منەوە ئەوەیە كە جەماوەرەكەم خۆشەویستی خۆیان بۆ هونەرەكەم دەردەبڕن، خۆشەویستی میللەت بۆ من بەسە، ئەم خۆشەویستییە هێزی زیاترم پێ دەبەخشێت وەك هونەرمەندێك. نارین هەروەها دەڵێ: وەك هەر كەسێكی ئاسایی هەفتانە بەشێوەیەكی بەردەوام دوو رۆژ وەرزش ئەنجام دەدەم، لە ماڵەوەش كاتم زۆر كەمە و زۆربەی كاتەكانم لەسەر كارەكەم بەسەر دەبەم و لە حكومەتی سوید، ئەو كاتە كەمەی كە لە ماڵەوەشم یاری وەرزشی ئەنجام دەدەم و گوێ لە موزیك دەگرم و لەگەڵ خێزانەكەم كاتەكان بەسەر دەبەین، نارین هەروەها دەڵێ: كوردستان، دایك، ئەڤین، ئەو پەیڤانەن كە زۆر خۆشەویستن لای من، هەروەها زۆر دڵتەنگ دەبم كاتێك دەبینم كە منداڵێكی كورد بەتایبەتی هەژارەكان دەبینم یان كاتێك توندوتیژی دژ بە ئافرەتانی كورد بەكار دەهێنرێت، هیوادارم رۆژێك بێت میللەتی كورد ببینم كە ئازادە و بەمافەكانی شاد بووە لە هەر چوار پارچەی كوردستان و بە ئازادی و بێ ترس و چاوسوور كردنەوە بە زمانی كوردی قسە دەكەن، بێگومان وەك هەموو كوردێك سەربەخۆیی كوردستان خەون و ئاواتی منە لە ژیان.
نارین زۆر گوێ لە گۆرانییە رەسەنەكان دەگرێت لەمبارەیەوە دەڵێت: محەمەد شێخۆ، محەمەد عارف جزیری، تەحسین تەها،مریەم خان، تاهیر تۆفیق، ئەو هونەرمەندانەن كە بەردەوام گوێ لە گۆرانییەكانیان دەگرم، چونكە دەنگی رەسەنن و قەت نامرن.
Top