باشترە كارە هونەرییەكان لە كوردستان ئەنجام بدەین
سەبارەت بەوەی هونەرمەندانی كورد ئێستا بەشێكی زۆری كارەكانیان لە وڵاتی توركیا ئەنجام دەدەن لەبەر هەبوونی ئامێر و تەكنیك تازە و پێشكەوتوو لەو وڵاتە، هەژار دهۆكی بە خەمەوە باس لەم مەسەلەیە دەكات و هیواخوازە كە هونەرمەندانی كورد بەشێوەیەكی گشتی هەوڵ بدەن كارەكانیان لە كوردستان ئەنجام بدەن، یانیش هیچ نەبێت كارەكانیان بدەنە دەست ئەرانجۆنیكی كورد بۆ ئەوەی كارەكانیان بۆ ئەنجام بدات، لەم بارەیەوە هەژار دەڵێ: توركەكان تەنیا ئامانجیان ئەوەیە پارەی ئێمە بخۆن و بە ویست و ئارەزووی خۆیان كارمان بۆ دەكەن، هونەرمەندانی كورد لە توركیا لە كاتی تۆمار كردنی هەر بەرهەمێكدا هونەرمەندە كوردەكان هیچ دەسەڵاتێكیان بەرامبەریان نییە و تەنیا سەیریان دەكەن و پێی رازین، ئەوان چیان بوێ ئەوە دەكەن، یان لێمان تێناگەن، یان چیان بوێ لەگەڵ بەرهەمەكانی هونەرمەندە كوردەكان دەیكەن، بەڵام بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێ نەك بەپێی ویست حەزی ئێمە.
هەژار هەر سەبارەت بەم بابەتە دەڵێ: ئەوەی موزیكژەنە توركەكان بۆ ئیبراهیم تاتڵیساز و جەیلان و هونەرمەندە توركەكان دەیكەن هیچ كاتێك بۆ ئێمەی ناكەن، چونكە تەنیا لە روانگەیەكی بازرگانییەوە سەیری ئێمە دەكەن و تاكە مەبەستیان ئەوەیە پارەمان لێ وەربگرن و كارێكی ئاساییمان بۆ بكەن بێ ئەوەی گوێ بە باشی و خراپی بەرهەمەكە بدەن.