تارا جاف: وۆرك شۆپێك چه‌نگ له تاران به‌ڕێوه ده‌بات
وۆركشۆپی فێركاریی یا ماسته‌ر كلاسی "تارا جاف" ژه‌نیاری به‌ئه‌زموونی ئامێری چه‌نگ، به ناونیشانی "پێگه‌ی چه‌نگ له موزیكی كوردی و ئێرانی‌دا" هاوڕێ له‌گه‌ڵ په‌رده لادان لهچهنگهكانی "عه‌بدوڵلا عه‌باسی" رۆژی چوارشه‌ممه 27ی جولای كاتژمێر 4ی عه‌سر له هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی ماڵی موزیكی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چوو.
له‌م وۆركشۆپه‌دا "تارا جاف" سه‌باره‌ت به ته‌كنیكه‌كانی ژه‌نینی ئامێری چه‌نگ، شێوازه جۆراوجۆره‌كانی ژه‌نینی ئه‌م ئامێره وچهنگ له مێژووی شیعر و موزیكی كوردی و ئێرانی‌دا دێته ئاخاوتن. ئاماده‌بوون و كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌م وۆركشۆپه بۆ ئه‌ندامانی ماڵی موزیكی ئێران ئازاده. هۆگران بۆ ناو نووسین و وه‌رگرتنی زانیاریی پێویست سه‌باره‌ت به‌م وۆركشۆپه، ده‌توانن له‌گه‌ڵ ماڵی موزیك له شه‌قامی فاتمی په‌یوه‌ندی بگرن.
ئامێری هارپ له زمانی كوردی و فارسی‌دا به ناوی چه‌نگ ده‌ناسرێت و یه‌كێكه له ئامێره كۆنه‌كان له موزیكی ئێران‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌ی شاعیرانی كۆنی ئێران، له‌وانه: حافز و مه‌ولانا له شیعره‌كانی خۆیاندا ناوی چه‌نگیان به‌كار هێناوه، به‌لام له سه‌رده‌می ئێستادا به ده‌گمه‌ن له گروپه‌كانی موزیكی ئێران‌دا كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گیرێت و به‌ره‌و فه‌رامۆشی ده‌چێت.
خاتوو "تارا جاف" كه له ولاته جۆراوجۆره‌كانی جیهان، له‌وانه:ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا، توركیا، ئینگلته‌را، دانیمارك، هۆڵه‌ندا و هه‌رێمی كوردستان كۆنسێرتی موزیك و گۆرانی پێشكه‌ش كردووه، ئێستاكه سه‌ردانی تارانی كردووه و ئه‌م رۆژانه به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ ژه‌نیاری لاوی كورد و ئامێرژه‌نی به‌توانای نه‌ی "فه‌ردین لاهور پور" و خاتوو "سومه‌یه عه‌باسی" ژه‌نیاری زه‌رب، سه‌رقاڵی تۆماركردنی ئه‌لبوومێكی نوێ ئامێره‌كانی چه‌نگ و نه‌ی و زهربن كه تیایداچهندین پارچه موزیكی كوردی پێشكه‌ش به هۆگرانی موزیك ده‌كه‌ن.