كارۆخ ئیبراهیم حەكیم:لە كاری داهاتووم سەباح عەبدولڕەحمان و ژیان ئیبراهیم خەیات بەشدارن
*ئێوە بە داهێنانی نوێ ناسراون، هەست دەكەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا گۆڕانكارییەكت كردبێت لە رەوتی شانۆی كوردیدا؟
-بەر لەوەی كارۆخ بە كاری داهێنەرانەو شتی نوێ ناسراو بێت، گروپی گەنج بۆ شانۆ بە یەك ئامانج و بیركردنەوە خاوەنی ئەم وەسفەیە، چونكە ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە كارەكان لە ئاستێك بن ئیتر بینەر و وەرگری ئێمە ویژدانی بجووڵێت و پێوانەی بۆ بكات، كەواتە هەوڵدانی ئێمە بۆ نیشاندانی بەرهەمێكی هونەری باڵا و دواتر دروست كردنی جەدەلێك لە نێوان ئێمە و ئەوانەی بەرامبەر، هەمیشە وایكردووە دەرئەنجامەكان بە دڵی هەمووان بێت، بە شێوەیەكی مەنتیقی و عەقڵانییەوە، كەواتە هەوڵدراوە گۆڕانكارییەكان بە پێی تێپەڕبوونی كات بە دیار بكەون، لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم گۆڕانكارییانە روون و ئاشكرا دەبن، كاتێك زۆرێك لە كەسانی تر هەوڵ دەدەن بە نەهجی ئێمە یان هەر نەبێ نزیك لە شێوازی كار كردنی ئێمە پەیامەكانیان چر بكەنەوە.
* ئێستا چی نوێت لەبەر دەستە؟
- لە ئێستادا ئێمە خەریكی ئەنجامدانی بەرهەمی ساڵی گرووپین بە شانۆگەری (040) لە نووسین و دەرهێنانی خۆم و بە بەشداری هەریەك لە شانۆكاران( سەباح عەبدولرەحمان، ژیان ئیبراهیم خەیات، مەزهەر ئیبراهیم، سەرگوڵ حوسێن، گلێنە حەمە عەلی)، و بە بەشداری زیاتر لە 100 كادیری تەكنیكی و هونەرمەندانی موزیك و شێوەكاری و دیزاینەر و راگەیاندنكار ئەم كارە دێتە بەرهەم هێنان.
* ئەم كارە نوێیەت چی تێدایە كە مایەی راكێشانی سەرنجی بینەر بێت و تا ئێستا پێی نامۆ بێت
- ئەم كارەمان جیا لە هەموو كارەكانیتر هەڵگری خاڵێكی گرنگە، ئەویش باس كردنی تاكی كوردە لە نێوان ساڵانی (2030،2034) كەواتە ئەمجارە تاكی كورد بەرەو دواوە نابەین بە قەد ئەوەی هەوڵمانداوە لە هەموو رووێیەكەوە ئەو گۆڕانكارییانە ببینێت كە لە ساڵانی داهاتوودا دروست دەبێت، جیا لەوە بە تەكنیكێكی بەرز كاری بۆ كراوە.
* نهێنی یاخود حیكمەتی ئەم ناونیشانە(040) لە چیدایە؟
-ئەم نهێنیە تا رۆژی نمایش ئاشكرا ناكرێت، حیكمەتی ئەم ناونیشانە لەوەیە كە بینەر خۆی لێكدانەوەی بۆ بكات، نەك لێكدانەوەی من ببێتە هۆكاری بیر كردنەوەیان، ئەم ناونیشانە یان بە سفر چل دەخوینرێتەوە ئەگەر بە پێچەوانەش بێت بە سفر چوار دەخوێنرێتەوە.
* بەراشكاوی پێمان بڵێ ئایا كەسانێك هەن رێگر بن لەبەردەم كارەكانت و بۆچی؟
- زۆر جار باسی ئەوە دەكرێت كە خەڵكانێك رێگری لە ئێمە دەكەن، بەڵام بەرهەمی عەقڵی ئێمە هەمیشە وایكردووە ئێمە بێ ئاگا بكات لەو كەسانە، چونكە هەرگیز ئێمە خۆمان ناخزێنینە خوارتر بۆ ئەوان و بچینە نێو بازنەی كێشە و گرفتەكانیان، بۆیە راشكاوانە دەڵێم ئێمە هەستمان نەكردووە كێشەمان هەبێت، چونكە بەهیچ شێوەیەك خۆمان بەو مەسەلانەوە بچوك ناكەینەوە.