نازێ مەلەزانێكی وەرزشكار بووە

نازێ مەلەزانێكی وەرزشكار بووە
خانمە هونەرمەندی رۆژهەڵاتی كوردستان نازێ عەزیزی یەكێكە لەو كەسانەی كە زۆر حەز لە خواردنی ماسی دەكات و زۆریش لەگەڵ گۆشتی سوور دۆست نییە، لەم بارەیەوە نازێ لە پێوەندییەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان گوتی: بەپێی ئەو قسانەی بیستوومە و خوێندوومەتەوە گۆشتی سپی بە گشتی و گۆشتی ئاژەڵی ئاوی بەتایبەتی هزر و بیری مرۆڤ بەهێزتر دەكات، لە هەمان كاتدا وزەی زیاتر بە لەش دەبەخشێت و وای لێدەكات هەست بە فێنكی بكات لەبەرامبەر گەرما، بۆیە من هەفتانە ماسی دەخۆم و زۆریش بە كەمی گۆشتی سوور دەخۆم.
نازێ هەروەها دەڵێ: فەیلەسوفەكان پێیانوایە گۆشتی سوور هێزی مرۆڤایەتی تاكەكان كەم دەكات و بەرەو دڕندایەتی دەیانبات و لەوانەیە مەیلی خوێنڕشتنیان زیاتر بكات، دەربارەی ئەنجامدانی وەرزش و كاری خۆی بە حوكمی ئەوەی خۆی پێشتر یاریزانی مەلە بووە و لە بواری كشتوكاڵیش پسپۆرە دەڵێ: ئێستا لەبەر نەگونجاوی كات و نەبوونی شوێن وەكو پێویست وەرزش ئەنجام نادەم، هەروەها ماوەیەكە كارە تایبەتییەكانی خۆیشم راگرتووە و دەمەوێ زۆربەی كاتەكانی ئەم ساڵم بۆ هونەر تەرخان بكەم، لێرەشەوە بە پێویستی دەزانم سوپاسی جەماوەری خۆم بكەم كە سیدییەكەی منیان كۆپی نەكرد و زیاتر ئۆرجیناڵیان كڕی بەڵگەشم ئەوەیە كە دووجار كۆپی كراوە و داهاتەكەیشیم بۆ كاری خێرخوازی تەرخان كرد.
Top