نازك سەلیم: ئاساییە ئافرەت لە ئاهەنگی خێزانی تایبەت گۆرانی بڵێت

نازك سەلیم: ئاساییە ئافرەت لە ئاهەنگی خێزانی تایبەت گۆرانی بڵێت
نازك سەلیم كچێكی دەنگخۆش و بوێری دەڤەری بادینانە، زۆر بە جورئەتەوە گۆرانی دەڵێ و تا رادەیەك ئەو رێچكەیەی شكاندووە كە ئافرەت تەنیا گۆرانی بڵێ، بەڵكو بە راشكاوانە گۆرانی بۆ رەگەزی بەرامبەر دەڵێ لە روانگەی عەشقێكی پاكەوە، تا ئێستا خاوەن چەندین بەرهەمی جیاجیا كە دوایینیان كۆكتێلێكی هاوبەشی چەند هونەرمەندێكی نەمری كورد بوو، ئێستاش بەردەوامە لە كاری خۆی.
نوێ كردنەوەی بەرهەمە كۆنەكان و گۆرانییەك بە سۆرانی
نازك پێی وایە دووبارە دابەشكردن و نوێكردنەوەی بەرهەمی هونەرمەندە نەمرەكان كارێكی پیرۆز و گرنگە، لەم بارەیەوە دەڵێ: كارێكی زۆر پێویستە كە ئێمە رێگا نەدەین دەنگی هونەرمەندە كۆن و رەسەنەكان لەناوبچن، بەڵكو دەبێ دەنگیان هەمیشە بە زیندوویی لە دڵ و دەروونی ئێمەدا بمینێتەوە، بۆیە بیرم لە ئەنجامدانی كلیپێكی هونەرمەندە نەمرەكان كردەوە، بۆیە گۆرانی (سۆز و ئەڤین) بە كارێكی زۆر گەورە و پێویستی دەزانم و لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی كاك بورهان زێباری بكەم كە بیرۆكەی گۆرانییەكە هی ئەو بوو و زۆریش یارمەتیدام، بەگشتی پێموایە ئەم كارانە زۆر باشن، چونكە هونەرمەندە نەمرەكان وەك قوتابخانە وان بۆ ئێمە، مایەی شانازییە كە كارەكانی ئەوان زیندوو بكەینەوە، سەرەڕای ئەوەی كاری نوێ و جوان هەیە كە دەتوانین پێشكەشی بكەین.
سەبارەت بەو گۆرانییەی كە بە زاراوەی سۆرانییە، نازك دان بەوە دادەنێت كە كارێكی ئاسان نەبوو، هەرچۆنێك بێت تۆماریان كرد دواتر كلیپیشیان بۆ گۆرانییەكە كرد، بەڵام لە بەرنامەیدا هەیە لە داهاتووشدا گۆرانییەكی دیكە بە سۆرانی بڵێت.
روو لە كلاسیك دەكات
نازك گوێ لە زۆربەی گۆرانیبێژە كوردەكان دەگرێت لە كۆن و نوێیەكان، وەك خۆی دەڵێت بەردەوام گوێ لە گۆرانییەكانی بەیتۆ جان، جوان حاجۆ، شەهریڤانا كوردی، فاتێ، حەسەن شەریف، هەروەها بە نیازە هەندێك لە شیعرە كلاسیكییەكانی بكات بە گۆرانی لە ئەلبوومەی داهاتوویدا، نازك شانازی دەكات لەگەڵ هەر هونەرمەندێك گۆرانی بڵێت، بەڵام تا ئێستا بیری لەوە نەكردۆتەوە، هەروەها حەز ناكا بە دۆیتۆ گۆرانی بڵێ بەتایبەتی لەو كاتەدا.
نازك پێی ئاساییە ئافرەت لە ئاهەنگە تایبەتییەكان گۆرانی بڵێ گرنگ ئەوەیە بتوانێت خزمەت بە هونەری خۆی بكات، بە مەرجێك ئاهەنگی خێزانی و جێگای رێز بێت.
بەرهەمەكانی پارەی خۆیان ناكەنەوە
نازك راشكاوانە دەڵێ ئەو بەرهەم و گۆرانیانەی كە تۆمار وبڵاوی دەكاتەوە قازانجی نییە، چونكە هەرچەند خەرجی و ماندوو بوون لەكارێكدا بكات ئەو كارە كۆپی دەكرێت و ئەركەكە بەخۆڕایی دەڕوات و پارەی خۆیان ناكەنەوە، لەوانە سیدییەكەی من هی ساڵی 2010 ژمارەیەكی بێ ئەندازەی لێ كۆپی كرا، دیاردەی كۆپی كردنیش كاریگەری راستەوخۆی بەسەر هونەرمەندانی كوردەوە هەیە، نازك هەروەها بە سوپاسەوە حەز دەكات ئاهەنگی خێرخوازی ئەنجام بدات و ئامادەیە هەر كات و بۆ هەر مەبەستێكی خێرخوازی ئاهەنگ و كۆنسێرت ساز بكات.
دژی ركابەرێتی هونەرمەندانە
پێوەندیم لەگەڵ هەموو هونەرمەندان زۆر ئاساییە و بە خوشك وبرای خۆمیان دەزانم بەبێ جیاوازی، هەموومان بە یەكەوە هاریكاری یەكتر دەكەین، نازك ئەمەی دەربارەی پێوەندیی لەگەڵ هونەرمەندان گوت، بوونی ناكۆكی یان پێوەندی ناسروشتی نێوان هونەرمەندانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی رۆشنبیر كە هەندێكیان ئاستیان زۆر بەرزە و هەندێكی دیكەش لە ئاستێكی جیاوازترن، هەرچەندە مافی ئەوە بەخۆی نادات كە دیارییان بكات یان لێكیان جیا بكاتەوە، سەرەڕای ئەوەش پێی وایە هەموو كەسێك شایەنی ئەوە نییە مرۆڤ هەموو شتێكی لەلا بدركێنی.
دەربارەی ركابەرێتی نێوان هونەرمەندانیش نازك دەڵێ: ركابەرێتی دەبێ لەسەر بنەمای پێشكەش كردنی هونەرێكی رەسەن و خاوێن بێت نەك تەنیا لەپێناو ركابەرێتی بێت، بەداخەوە دەبینم ئێستا هەندێك هونەرمەند هەن دژی یەكترن، ئەمە دیاردەیەكی ناشیرینە، چونكە هەر هونەرمەندێك جەماوەر ودەنگ و شێوازی خۆی هەیە، من دژی ئەوەم هونەرمەندان دژایەتی یەكتری بكەن، هەر هونەرمەندێك دەتوانێت بە دەنگ و رۆشنبیری خۆی دەتوانێت خزمەت بكات.
هەندێك ئافرەت تەنیا خۆیان نمایش دەكەن
نازك داخبارە بەوەی هەندێك ئافرەت هەن بەناوی هونەرەوە خۆیان نمایش دەكەن و گۆرانی دەڵێن، خۆزگە دەخوازی ئەوانیش وەك هونەرمەندانی دیكەی كورد بە جلوبەرگی كوردی و بە رۆحیەتێكی كوردییەوە دەربكەون، جلوبەرگی كوردی جوانییەكی زیاتر بەو ئافرەتە هونەرمەندانە دەبەخشێت، هەروەها زیاتر لەلایەن خەڵكەوە دەناسرێن مخابن هەندێكیان كاری نەشیاو دەكەن و دوور لە هونەر و كلتووری میللەتەكەمان، هەروەها بۆ ئەو كەناڵانەی كە ئەم جۆرە كارانەش پێشكەش دەكەن، بەڵام ئەو كەسانە كە پاڵپشتی زۆر دەكرێن كاریگەرییان لەسەر نازك نییە و پێیوایە ئەویش دەتوانێت ساڵانە بەرهەمێكی هونەری بڵاوبكاتەوە و مانگانەش دەتوانێت دە كلیپ دابەزێنێت، بەڵام ئەگەر 3-4 ساڵ بەرهەمێكی هەبێت پێی باشترە لەوەی كە ساڵانە بەرهەمی هەبێت.
Top