سەلام كۆیی: هەندێك هەن هونەری كوردی دروێنە دەكەن
* تێبینی سەلام كۆیی جۆرێك لە ناڕازیی بوونی لە بارودۆخی ئێستای هونەری كوردی پێوە دیارە، هۆكاری ئەم ناڕازی بوونە چییە؟
- تەمەنێكی دوورو درێژی خۆم لەبواری هونەری شانۆو دراما بەسەر بردووە، كە نزیكەی 43 ساڵە، هیچ سڵم نەكردووە، ئەگەر هیچ نەبێ ساڵێ تەنیا بەرهەمێكم هەبووە كەچی سەیر دەكەی ئەوەندەی ئێمە خزمەتی هونەری كوردیمان كردووە خەڵكانێك هەن بەقەد ئەوە دژایەتی نەتەوەكەی منیان كردووە، ئێستاش لەبەر چاوی من گرنگییان پێ دەدرێ، نەك هەر من بگرە چەندین كەسمان هەیە وەك (سەباح عەبدولرەحمان، عەلی ئەحمەد، ئیبراهیم حەكیم) لە كۆنەوە لەگەڵ من كاریان كردووە، هونەرمەندمان هەیە ئێستا لەماڵەوە كەوتووە و كەس ئاوڕی لێناداتەوە، بەراستی ئەوە شوورەییە بۆ حكومەت كە نەتوانێ بژێوی ژیانی هونەرمەندێك دابین بكات كە چەندین ساڵە كاری كردووە
* هۆكاری سەركەوتن و بەزیندوویی مانەوەی(تاپۆ حەقی چییە) بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- ئەگەر سەیری ئەو بەرهەمە بكرێت تەمەنێكی دوور و درێژە كەوتە ناو تەمەنی 28 ساڵییەوە لەساڵی 1984 تۆماركراو لە هەمان ساڵیش مۆنتاژ كراو، لە كەناڵی كەركوك ئەو كات ئەو كەناڵە هەبوو هەندێك بەرهەمی كوردی پەخش بكات، تائێستاش چەندین جار پەخش كراوە وابزانم كەس لێی بێزارنەبووە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كاتی خۆی ئێمە كارێكمان دەكرد گوێمان بەهیچ نەدەدا تەنها دەمانویست خزمەت بە (خەڵكەكە و میللەتەكە و شارەكە) بكەین، زۆر بەسادەیی چۆن بڵێی هیچ گرفتێكی وای تێدانییە كە خەڵك لێی بێزار بێ، بەرهەمەكە پێشكەش كرا، لەماوەی سێ رۆژو دوو شەو بەبێ پشوودان ئەو بەرهەمە هاتە كایەوە، بەیانیان زوو حاجی لەسەر پەیژەكانی قەڵات دەهاتە خوارەوە، لەگەڵ خدر لۆبیا فرۆش قسە دەكات ئینجا كەتەواو بووین جەماعەتی كەركوكمان بەڕێ كرد و ئێمەش هاتینەوە بۆ پشوودان، لەخوا بە زیاد بێ تائێستاش هەر ماوەتەوە، ئەو بەرهەمانەی ئێستا پێشكەش دەكرێن تەنها بۆ گیرفان پڕكردنەو هیچی تر.
* دوای تێپەربوونی زیاتر لە 25ساڵ ئێستا دەتوانرێ زنجیرەیەكی هاوشێوەی (تاپۆحەقی چییە)یان(هەبوو نەبوو)بەو ئاستە بەرهەم بهێنرێ؟
-بەمەرجێك ئەگەر بێتو وەك ئەوەی بچین بۆ حەمام ئاو بە خۆمان داكەین و خۆمان خاوێن بكەینەوە، ئەو رق و كینەی لەناو دڵمان هەیە فڕێی بدەن سەر لەنوێ بەپاكی و خۆشەویستی و دڵسۆزی بێینەوە ناو گۆرەپانی كار كردن، بەڵێ دەتوانین بەرهەمێكی وا پێشكەش بكەین.
*ئەو ئاستەی ئێستا هونەری كوردی تێیكەوتووە كێ لێی بەرپرسیارە؟
-هۆكار زۆرە لەوانە نەبوونی هاوكاری یان نەبوونی پاڵپشتی، هەندێك هەن وەك دروێنە بەداس كەتوونەتە بەری، هەندێكیش هەن قەسەڵەكەشی بەرناكەوێ، ئەو جیاوازییە هەیە بۆیە سەیر دەكەی دەبینی هونەری كوردی لەلایەك لە ئاستێكە لەلایەكی تر نزمترە، بۆنموونە ساڵی پار تا ئێستا چەند شانۆگەری پێشكەش كراوە، بەڵام هیچی لەئاستێكی سەركەوتوودا نەبوون، لێرە پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری و بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هونەرو بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ لێژنەیەكی هەبێ بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو هونەرمەندانەی كە سەركەوتوون، بۆ هونەرمەندێكی گەنجی وەك كارۆخ ئیبراهیم حەكیم كە شانۆییەك دەكات بە دوو رۆژو سێ رۆژ هۆڵەكەی پڕە لەبینەر، كەواتە بەو پەڕی خۆشەویستییەوە دوور لە هیچ شتێك، مەبەستی ئەوەیە شتێك پێشكەش بكات پوخت و دیاربی، بە هەموو شانۆكانەوە نەیانتوانیوە ئەو بینەرە كۆ بكەنەوە، شانۆ هەبووە دە یان پانزە بینەری هەبووە كەواتە پێویستە بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ لێژنەیەك دابنێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو هونەرمەندانە.
* هۆكاری كەمی بینەری شانۆ چییە؟
- چونكە بەرهەمەكان كز و لاوازن، بینەر خۆی كاتێك دەبیسێت كە هونەرمەندێك شانۆیەكی هەیە دەزانێ ئاستی ئەو هونەرمەندە چەندە، كەواتە، كەمی ئامادەبوونی بینەر دەگەڕێتەوە بۆ درك كردنی بە ئاستی هونەرمەندەكە.
* پێت وایە شانۆی كوردی لەسەردەمی ئێستادا تەواو جێی بایەخەو گرنگی پێ دراوە؟
- نەخێر، كەمترخەمە جا لایەنی كەمتەرخەم كێیە ئەوا دەبێ لێی بكۆڵدرێتەوە.