شانۆگەریی شـەوی لە دایك بوون : خۆراگری ئافرەت لە سیستەمی باوكسالاریدا

شانۆگەریی شـەوی لە دایك بوون : خۆراگری ئافرەت لە سیستەمی باوكسالاریدا
ئافرەت هەمیشە قوربانییەكەیە،خۆشەویستی و خۆراگری هیوایەكە بۆ رزگاربوون لەو قەدەرەی سیستەمی باوكسالاریدا، ئەمە بوو پەیامی شانۆگەریی(شەوی لەدایك بوون)كەبۆ ماوەی دوو ئێوارە، پتر لەهەزار بینەر بەشداری لە ئاهەنگی لە دایك بوونی ئەو پیاوەكرد كە لەسەر شانۆدابوونی نەبوو، ئەوەی دەبینرا نمایشی چوار ئەكتەری ئافرەت بوو، سەربردەی ئافرەتی كڵۆڵیان دەگێرایەوە، پیاو لەو شانۆگەرییەدا بەڕووی راستەقینە بە دیار نەدەكەوت، ئەوان دوو پیاو بوون لەو ململانێیەدا ماسكیان لەسەر بوو، ئەو شانۆگەرییە لەسەر سێ كۆڵەگە بنیات نرابوو، كردار- گێرانەوە- گوزارشتی شیعری، مەهتابی مەلا عوسمانی نووسەر، پتر لە بیست ساڵە دەنووسێ. پاش شانۆگەریی (چی شێتی كردوون) (وێستگەی چاوەڕوانی) ئەمە سێیەمین شانۆگەریە نمایش دەكرێ. ئومێد تەحسین شەعبانی دەرهێنەر وەكو كاری هونەری ئەمە سەخترین دەرهێنانی ئەو بووە. پاش شانۆگەری كوشتنی خەونە پەمەییەكان، رووپاك عەبدولقادری ئەكتەر جارێكی دیكە توانای هونەری خۆی زیندوو كردەوە لەنمایشكردنی كارەكتەری پیرەژن هێرۆ مەولودی هەنگاوێكی سەختی بڕی و توانی جۆرێك لە گۆڕانكاری بەسەر شێوازی نواندنەكەیدا بێنێت، شیلان مستەفا دوای بێدەنگییەكی زۆر دووبارە بەگوڕوتینێكی بوێرانە لە كارەكتەری بووكەكە خۆی نوێ كردەوە، دلڤین موحسین بەسەختترین تاقیكردنەوەدا تێپەڕی توانی لەماوەی یەك سەعاتدا لەسەر شانۆ رۆڵی چەندین كارەكتەری ئافرەت و پیاو ببینێ، لەرۆڵی پیاوە سەر خۆشەكەیدا ئەو گەیشتە بەرزترین ئاستی نواندن تیپی نواندنی هەولێر وەك لە پرۆگرامەكەیدا هاتبوو، بەڵێنی داوە هەمیشە لەسەر بەخشینی مانگانەی خۆی بەرهەمە هونەرییەكانی نمایش دەكا، ئێستاش تیپەكە سەرقاڵی پرۆژەی زنجیرەیەكی تەلەفزیۆنییە رەنگە زیاتر لەسێ ئەڵقە بخایەنێ.
Top