دانا غەنی:بەرهەمی نوێم هەبوو بەڵام تۆزی لەسەر نیشت

دانا غەنی:بەرهەمی نوێم هەبوو  بەڵام تۆزی لەسەر نیشت
كەسمان نییە گوێی لە گۆرانییەكەی (ئەرێ هۆ حاجی مەریەم) نەبوبێ و تاوێك لەگەڵ دەنگە بە سۆزەكەی داناغەنی نوقمی خەیاڵ نەبوبێت و ئەم هونەرمەندە بەتوانایەی نەناسیبێت، بەڵام ماوەیەكە لە مەیدانی هونەری دووركەوتۆتەوە بە دڵێكی پڕ لە حەسرەت و خەم و پڕ لە ژانەوە خۆی حەشارداوە، نەك لە مەیدانی هونەری بەڵكو لە مەیدانی ڕاگەیاندنیش دوور كەوتۆتەوە، هیچ چاوپێكەوتنێك ناكات خۆی بەتەواوی دوور خستۆتەوە، بەڵام لە دەرفەتێكدا ئێمە هێنامانە ئاخافتن و ئەو دیمانەیەمان لەگەڵ سازدا.

زیاتر حەزم لە خوێندنە
سەبارەت بە كارە هونەرییە نوێیەكانی خۆی بەگوڵانی ڕاگەیاند: كاری نوێم هەبوو بەس كۆن بوو تۆز لێی نیشت، هەرچەندە لای خۆم هەر تازە دەمێنێتەوە، بەڵام بۆبڵاوكردنەوەی كۆن بووە، بۆیە بڵاویشی ناكەمەوە، ئازاری زۆرم چەشت بەدەستییانەوە، سەرەڕای ئەمەش هیوادارم كە ڕەشبین نەبم. من مرۆڤێكی هەمیشە گەشبینم، بەڵام هەمیشە غەدر دەبینم بەداخەوە كە لێرە باسی غەدر دەكەیت یەكسەر خەڵك خەیاڵی دەڕوات بۆ وەرگرتنی زەوی و پارەو خانوو، من باسی غەدری هونەری دەكەم، باسی ئەو غەدرە دەكەم كە وەك هونەرمەند مامەڵەت لەگەڵ ناكرێت، حەزیشم دەكرد كە بەدەر لە كاری هونەری كاسبییە باش بومایە، بەڵام سەرەڕای ئەمانە هەمووی لە هونەرمەندی خۆم پەشیمان نیم لە نێوان كاسبی و خوێندنیش زیاتر حەزم لە خوێندنە.
كەسایەتی هونەرمەند جیاوازە
بەڕای دانا غەنی كەسایەتی هونەرمەند زۆر جیاوازە مەبەستم ئەوە نییە بڵیم لە كەسانی تر زۆرترە یا بەرزترە، بەو شێوەیە دەڵێم كە زۆر هەستی ناسك و جوانە. ئەم ڕەشبینیەی ئێستاشم دەی گەڕێنمەوە بو داماوی میللەتەكەم، داماویمان لە هەموو شتێكە، منیش خۆم كوڕی ئەم وڵاتەم، مافی ئەوەم نییە خۆم بە زیاتر بزانم یا ئامۆژگاری خەڵك بكەم، بەڵام هیوادارم كە ڕادەی هۆشیاری خەڵك و ئاستی ڕۆشنبیرییان بەرز بێتەوە، شتەكان بە چاو ببینن نەهێڵن بە دڵیاندا بڕوات بەڵكو بە ئەقڵ بیپاڵێون.
تا ئێستا كەس یارمەتی نەداوم
سەبارەت بە بڵاونەبوونەوەی كارە هونەرییەكانی وتی: من كارەكانم بڵاونەبۆتەوە، چونكە تا ئێستا كەس یارمەتی نەداوم داوای یارمەتیشم لەكەس نەكردووە داواش لە كەس ناكەم یارمەتیم بدات، بەڵام داوایەكم هەیە ئەوەیە كە من كار دەدەم بە كەناڵەكان بەخۆڕایی و بێ بەرامبەر ئەوان فڕێی نەدەنە تەنەكەی خۆڵەوە، ڕێزی بگرن تائیستاش ڕێزم لێ نەنراوە، بەڵام گەورەترین ڕیز بۆ من ڕێزی خەڵك بوو. سەبارەت بە فەیسبوكەكەشی وتی : خۆم دام ناوە ئەو گۆرانیانەی كە دەبینن و دای دەبەزێنم كوڕەكەم بۆم چاك دەكات.
مناڵەكانم بەهرەی هونەریان هەیە
دانا غەنی مناڵەكانم بەهرەی هونەریان هەیە من وەكو هونەرمەند حەز ناكەم بێنە ناو بوارەكەوە و هانیشیان نادەم، بەڵام لە هەمانكاتیشدا ڕێیان لێناگرم با بە دڵی خۆیان بكەن، تەنیا وەك باوك یارمەتیان دەدەم. تاكە تكاشم بۆ هەموو كوردەكان ئەوەیە كە واز لە حیزبایەتی بهێنن و بۆ كوردستان كار بكەن، وڵاتەكەمان چوار پارچە كراوە با هەوڵ بدەین یەك بگرێتەوە.
Top