كامەران حەسەن: ئێستا بە پۆپ و راپ و رۆك دەڵێن موزیكی كوردی
* بیرۆكەی دامەزراندنی گرووپی بێسارانی چۆن گەڵاڵە بوو؟
- بیرۆكەی دامەزراندنی گرووپێكی موزیكی تەموورەم هەر لەوكاتەوە بۆ هاتەپێش كە لە ئێران ئاوارە بووین و بەو ئۆمێدە كارم دەكرد، رۆژێك لە وڵاتی خۆم كار بۆ موزیكی ڕەسەنی كوردی بكەم. لە دوای گەڕانەوەم بۆ كوردستان سەرەتا ئەو هەلومەرجە نەڕەخسا كە من بەردەوام بم لە كاری موزیك، بە تایبەت كە بینیم هیچ كەس شارەزاییەكی لە بارەی ئامێری تەموورە نییە و هەروەها بابەتێك كە زۆر بیرم لی دەكرد ئاوازەكانی موزیكی تەموورە بوو تایبەت بە باشووری كوردستان وەك ناوچەكانی « كرماشان و هەورامان و كەركووك»، بۆیە لە ڕووی دیالێكتەوە ئەم ئامێرە تایبەت بە زاراوەی گۆران بووە و شیعری گۆران و تەموورە وەك بڵێی ئاوێتەی یەكتر بووبن وایە، هەستم بە بۆشاییەك لە ڕووی دیالێكتەوە دەكرد و بە راستیش پێویست بوو كار لە سەر شیعری زاراوەی سۆرانی و تەنانەت زاراوەكانی تریش بكرێت .
* دەتانەوێ بەو كارەتان چ پەیامێك بگەیەنن؟
-یەكەمین پەیام ئەمەیە بە دوای ئەو شتەی بڕۆین كە ساڵەهایە یان قەدەغە بووە یان بەناوی نەتەوەیەكی تر لە قەلەم دراوە. ئێمە وەك گروپی بێسارانی هەوڵ بۆ كاری واتادار و واتابەخش دەكەین، پاراستن و پەرەپێدان بە موزیكی كوردی بەشێكە لە كاری ئێمە، هەروەها ئاشنا كردنی خەڵكی كوردستان بە دەنگی رەسەنی موزیكی كوردی.
* ئایا موزیكی ڕەسەنی كوردی بەرەو دووبارە بونیادنانەوە یان بەرەو نەمان هەنگاو دەنێت؟
- كاتێك زانیارییەكان لە نەوەیەك بۆ نەوەیەكی تر ناگوازرێنەوە چۆن ئومێدت هەبێت كە موزیكەكەت پارێزراوە. كێمان هەیە بڵێ من قوتابی» عەلی مەردان» بوومە و وانەم لێی وەرگرتووە؟ هەروەها لە ژەنیارەكان كاتێك دەڵێی بنیادنانەوە، لە سەر چ بنەمایەك بنیادی بنێین و كێ دەیەوێ بنیادی بنێ؟ ناڵێم كەسمان نییە بەڵكو دەمەوی بڵێم كەسە شارەزاكان فەرامۆش كراون و هیچ لایەنێكیش خۆی بە خاوەنی موزیكی كوردی نازانێ. ئێمە تەنانەت یەك فیستیڤاڵی موزیكمان نییە. چوار سینەمامان نییە كەچی دە جۆر فیستیڤاڵی سینەمایی هەیە. من دژی سینەما نیم ئەویش پێویستە و گرنگە بەڵام ڕەوایە خاوەنی گەورەترین موزیكی جیهان بین و پەراوێزی بخەین؟ ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات مەبەستم لەم بەشەی كوردستانە دەبینە خاوەن موزیكێكی نامۆ كە پێی دەڵێن موزیكی كوردی و هیچ ناسنامەیەكی نییە.
* ئێستای گۆرانی و موزیكی كوردی چۆن دەبینن؟
- بارودۆخەكە دەبێ چۆن بێت؟ كار بۆ ئەوەی نەكراوە موزیك و هونەری كوردی ببێتە بەشێك لە ژیانی خەڵك وكار بۆ ئەوەی نەكراوە ئەو شتانەی لە كاتی ژێردەستی و بێ دەسەڵاتی خەریك بوو دیسان زیندوو بكرێت. ئایا لە دوای ئەم هەموو ساڵە و ئەم هەموو خەباتە و ئەو هەموو نەهامەتییە ئێستا هاتووین موزیكی توركی و عەرەبی و موزیك بە شێوەیەكی ناڕێك كۆپی كراو بە ناوی موزیكی كوردی دەرخواردی خەڵك بدەین؟ پێشتر ئەوە دووبارە دەكراوە كە:
«چەك هەڵگری خاكێكم دوژمن بە سەری زاڵە من بوومەتە بێگانەوە بێگانە خاوەن ماڵە»
ئێستا لە كوردستان موزیكی بیانی بۆتە موزیكی كوردی و موزیكی كوردیش بێگانە بووە. بارودۆخەكە ئەوەندە خراپە بە موزیكی( پۆپ و رەپ و ڕۆك) بە مانە دەوترێت موزیكی كوردی!!تاكو نەڵێیت موزیكی ڕەسەنی كوردی كەس لە مەبەستت ناگات! چونكە موزیكی كوردی پێناسەیەكی تری پەیدا كردووە ئەمەش كارەساتە.
* هونەرمەندان (عەدنان كەریم، بەهجەت یەحیا، خالید رەشید) تا چەند هاوكاری گروپەكەتان بوون؟
- لە گەڵ زۆرێك لە هونەرمەندان پەیوەندیم هەیە و خۆشحاڵم بەم پەیوەندیانە و بە سودی دەزانم. وەك باسم كرد كاری موزیكی تەموورە كارێكی تازەیە بۆ كوردستان و بۆ كارێكی هاوبەشیش پێویستی بە ئاڵۆگۆرێكی زۆری هەیە، چونكە دەنگ و موزیكی تەموورە خاوەن تایبەتمەندییەكە كە پێویستی بە شارەزایی هەیە.
*هەماهەنگی و هاریكاریتان لەگەڵ گروپەكانی وەك كامگاران و عەندەلیبەكان و گروپی شەمس چۆنە؟
-لە گەڵ چەند كەسێك لە خانەوادەی كامكاران دۆستایەتییم هەیە، بەڵام زۆرترین پێیوەندیم لە گەڵ گروپی(شەمس)ە. لەبەرئەوەی قوتابی مامۆستا كێخسرۆ پوورنازری و ئەندامی گرووپی شەمس بووم و پەیوەندییەكی باشیشم لەگەل مامۆستا پوورنازری و كوڕەكانی هەیە.
* بە نیازنین بەشداری لە چەند چالاكییەكی هونەریدا بكەن لە دەرەوەی وڵات و، چەند گروپێكی هونەری بیانی بێنن بۆ كوردستان، دەكرێ ئەوەمان بۆ باس بكەی؟
- رەنگە هێشتا زۆر زووە باسی ئەوە بكەین، بە شێوەیەكی گشتی ئێستا پرۆژەیەكمان لە بەر دەستە كار لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی دەرەوەی وڵات بكەین، هەندێكیان كورد نین و ئەمەش كارێكی جیاواز دەبێ و پێویستی بە كارێكی زۆریش هەیە.
*بوونی ئافرەت لە گروپەكەی ئێوە و لە نێو هونەری كلاسیكی و ئاشنا بوونیان بە موزیكی ڕەسەنی كوردی چۆن دەبینی؟
- هەر لە سەرەتادا هیچ كێشەكەم لە گەڵ بوونی ئافرەت لە گروپەكەم نەبوومە و هیچ جیاوازییەكیش نابینم، گرنگترین شت حەز و ئارەزووی ئەو كەسانەیە كە دەیانەوێ كاری موزیك بكەن و بە دڵنیاییەوە ئەو كەسەی بە بەرنامە كار دەكات سەركەوتوو دەبێت. بە دڵنیاییەوە هاتنی ئافرەت بۆ كاری موزیك جگە لە دەوڵەمەندكردنی شتێكی تر نییە، بۆ نمونە» لە ئێران دەنگی ئافرەت بە تەنیا لە گروپەكان قەدەغەیە ئەمەش وا دەكات موزیكی ئێرانی بێبەش بێ لە هەندێك داهێنان و دروست بوونی هونەرمەندی گەورە، ئەمڕۆ لە هەموو بوارەكان وایە كەسانێك سەردەكەون كە لە هەموو تواناكانیان سوود وەربگرن نەك بەشێكی پەراوێز بخەن.