رۆلا سەعد: صباح ئامۆژگاریم دەكات هەمیشە سادەبم

رۆلا سەعد: صباح ئامۆژگاریم دەكات هەمیشە سادەبم
بە چاوە سیحراوییەكانی سەرنجی سەدان كەسی بۆ خۆی راكێشاوە، هیچ كاتێك لەخۆبایی بوون لە ژیانیدا هەستی پێنەكراوە و ناوبانگیش نەبۆتە هۆی ئەوەی كاری نابەجێ و سلبی لە هەڵسوكەوتیدا بەدی بكرێت، رۆلا سەعد كە جوانیی روخسار و دەنگ دوو تایبەتمەندین لەم كچە هونەرمەندەدا، توانیویەتی بوونی خۆی بسەلمێنێت لەنێوان ئەم هەموو دیاردانەی كە لەنێو هونەردا هەستیان پێدەكرێت، سادە و هێمنە، بەڵام لەكاتی پێویستیشدا زۆر بە توندی بەرگری لەخۆی دەكات، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بیناسین و بیدوێنین، گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵیدا ساز كرد.
*سەرەتا پیرۆزبایی ئەوەت لێدەكەین كە بڕیاری قەدەغەكردنی گۆرانی گوتنت لەسەر هەڵگیرا لە میسر؟
-زۆر سوپاس بۆ ئێوە، هەرچەندە من لەم كێشەیەدا دڵنیا بووم سەردەكەوم، چونكە ئەو بڕیارە ستەمكارانە بوو دژی من، بەڵام لە كۆتاییدا خوای گەورە هەموو زوڵم لێكراوێك سەر دەخات، هەروەها توانیم داواكەم دژی (هەیفا وەهبی) لەسەر گۆرانی (ایە دە ایە دە)ش ببەمەوە.
*بەڵام ئێمە ئەو هەواڵەمان نەبیستووە؟
-هۆیەكەی ئەوەیە كە زۆر شتی خۆش هەیە پێوەندی بە منەوە هەیە تیشكی ناخرێتە سەر لەلایەن میدیاكانەوە، بەڵام ئەگەر شتەكە لە بەرژەوەندی من نەبوایە، ئەوا هەواڵەكە بروسك ئاسا بڵاو دەبۆوە.
*تۆ بە دزینی گۆرانییەكە تاوانبار كرای، ئەمەش تاوانێكی ناشرین و قێزەونە، بۆچی هەڵمەتێكت دەست پێنەكرد بۆ روونكردنەوەی راستیەكان؟
-زۆر جار لێدوانم دا دەربارەی ئەم بابەتە وابزانم ئەوەندەش بەس بوو.
* گێڕانەوەی گۆرانییەكە بۆ تۆ نیشانەی ئەوەیە كە پێوەندیت لەگەڵ هەیفا وەهبی ئاسایی دەبێتەوە؟
- هێشتا مەسەلەی قەرەبوو كردنەوەی مەعنەوی ماوە و گێڕانەوەی ئیعتیبار ماوە، ئینجا دەزانین پێوەندی نێوانمان بەچی دەگات.
*دەڵێن (رۆتانا) زۆر نازی تۆ هەڵدەگرێ ئەمە راستە؟
- بەپێچەوانەوە، بەڵام ئەو كۆمپانیایەم زۆر خۆشدەوێ و ئەویش گشت مافەكانم پێدەبەخشێت، چونكە رۆڵی بڵاوكردنەوە دەبینێت نەك بەرهەمهێنان.
* واتە سوودیان بۆ تۆ هەیە؟
- بێگومان، چونكە لەسەرەتاوە پابەند بوون بە رێككەوتننامەكەی نێوانمان، پێویستە مرۆڤ بەوەی لەبەر دەستیەتی تێر بێت و چاوی لەوەش نەبێ كە لە دەستی خەڵكدایە، چونكە ئەگەر وا بیر بكاتەوە سەرناكەوێ و هەموو شتێك دەدۆڕێنێت.
*هیچ كاتێك هەستت بە بێزاری و بیرت لە وازهێنان كردۆتەوە؟
-هەموو مرۆڤێك هەندێك جار هەست بە ماندوو بوون دەكات و پێویستی بە حەسانەوە و وازهێنان لە هەموو ئەو شتانە هەیە كە بێزاری دەكەن بۆ ئەوەی بە دڵنیاییەوە بژیت، بەڵام لە كۆتاییدا خوای گەورە هەر جارێك هەستم بە ماندوو بوون كردبێت هێز و ورەی پێ بەخشیوم بۆ ئەوی بەردەوام بم لە گۆڕەپانی هونەریدا.
*كاركردنت لەگەڵ SkinCeuticals لە لۆریال چۆن بوو و چی پێ بەخشی؟
- زۆر دڵخۆشم، چونكە ماركەیەكی بەناوبانگی جیهانییە و دوای ركابەرییەكی زۆر لەگەڵ چەند كچە هونەرمەندێكی دیكە بە دەنگدان من هەڵبژێردرام، ئەوەی زۆر دڵخۆشم دەكات و پاڵنەرێكی بەهێزە بۆ من، وێنەكانی من لە تەنیشت وێنەی هونەرمەندە جیهانییە گەورەكان دانراوە كە پێگەیەكی تایبەتییان هەیە.
* دەڵێن كەناڵێكی تایبەتت لەسەر YouTubeكردۆتەوە؟
-من یەكەمجار ئەم پێشنیارەم خستەوە، ئەم كەناڵە تایبەتە بەناوی Rola Saad Channel كە تێیدا جەماوەر دەتوانێت هەموو ڤیدیۆییەكانی تایبەتی من ببینێت، دیمەنی ئاهەنگ، ڤیدیۆكلیپەكان، یانە دیمانە تەلەفزیۆنەكانی من ئەویش لە رێگەی تیمێكی تایبەتەوە.
* پێتوایە میدیاكان پشتگوێیان خستبووی بۆیە ئەم كەناڵەت كردەوە؟
-نەخێر، بەڵام ئەمەم پێ باشترە، هەروەها لەم حاڵەتەدا متمانە زیاتر دەبێت.
* وەك ئافرەتێك ئێستا خۆت چۆن دێتە بەرچاو؟
- كۆڵنەدەر، بەهێز، خەباتگێڕ.
*هەندێك كەس دەڵێن خەڵك وەك جاران خرۆشی بۆ هونەر نەماوە، ئەمە راستە؟
-لەم رۆژگارەدا هونەر پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوونێكی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بگەی بە شوێنێكی بەرز، من خۆم دوای چەندین ساڵ هێشتا بە هەموو توانای خۆمەوە كار دەكەم بۆ ئەوەی بگەم بە ئاواتەكانم و شتێك پێشكەش بكەم كە جەماوەری خۆشەویستم لێی رازی بێت.
* صەباح چ ئامۆژگارییەكی پێشكەش كردی؟
- قاچەكانم لەسەر زەوی بن و سادەیی خۆم بپارێزم، چونكە من مرۆڤم و لە مرۆڤم.
* چەندین جار كاری نواندنت ئەنجامداوە، سەرەڕای ئەوەش رازی نەبووی رۆڵی صەباح ببینی، ئایا لە سەرنەكەوتن دەترسای؟
-سوپاس بۆ خوا لە ئەزموونەكانی نواندندا زۆر سەركەوتوو بووم، بەڵام ترسی ئەم جارەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە رۆڵی ئافرەتێكی زۆر گەورە دەبینم و زۆریش زەحمەتە بتوانم ئەو رۆڵە وەكو خۆی بە وردی ببینم.
* كاری نوێت چییە؟
-بەم نزیكانە گۆرانییەك سینگڵ بڵاودەكەمەوە كە تێكەڵێكە لە سێ گۆرانی ئەوانیش (رقصنی دخلك یا حبیبی و یا زین و حبیب القلب) ئەمەش بەشێكە لە ئەلبوومە نوێیەكەم كە بەناوی (رولا تغنی صباح) دەبێت.
*چ پەیامێكت هەیە بۆ گەلی كورد؟
-پێیان دەڵێم ئێوە هەنگاوی زۆرتان ناوە، چونكە میللەتێكی خەباتگێڕن و ژیانتان خۆشدەوێ و پەنا بەخوا سەردەكەون بەسەر هەموو ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووتان دەبنەوە، هیوادارم لە كوردستانیش ئاهەنگ ساز بكەم.
Top