هونەرمەندی لاو دەشتی كەلهوڕی لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی جیاوازی نێوان هونەرمەندان بەتایبەتی ئەوانە لە بۆنە و ئاهەنگەكان گۆرانی دەڵێن گوتی: نازانم هونەرمەند چ جیاوازییەكیان هەیە، بەڕای من تاكە پێوەری هونەرمەندان بریتییە لە توانا و بەهرە هونەرییەكانیان و چۆنیەتی ئەدا كردنی كارەكانیان، ئەمەش پێویستی بەوەیە هونەرمەند هەست بە لێپرسراویەتی بكات بەرامبەر هەر كارێك كە ئەنجامی دەدات، هەروەها ئاستی رۆشنبیری و هونەری هونەرمەند و رادەی غەمخۆرییان بۆ هونەر و كلتووری نەتەوەكەمان، بۆیە پێموایە ئەمانە تاكە پێوەرە بۆ جیاكردنەوەی هونەرمەندان نەك بەشداری كردنیان لە ئاهەنگ و بۆنە تایبەتیەكان و گۆرانی گوتن لە ستۆدیۆكاندا.
دەشتی كەلهوری هەروەها سەبارەت بەم بابەتە وتی: هەرچەندە من گۆرانی لە ئاهەنگە تایبەتییەكاندا ناڵێم، بەڵام زۆر لە هونەرمەندە ناودارەكانی كورد لەم جۆرە ئاهەنگانەدا گۆرانییا گوتووە وەك حەسەن زیرەك و مشكۆ و ماملێ و رەزازی و زۆرانی دیكەش كە جێگای شانازیمانن بۆیە ناكرێ ئەمانە چۆن پۆلین بكەین.