كەژاڵ ئادەمی بۆ گوڵان: هەمیشە وەك هونەرمەندێكی سەربەخۆ كارم كردووە

كەژاڵ ئادەمی بۆ گوڵان: هەمیشە وەك هونەرمەندێكی سەربەخۆ كارم كردووە
لەم دیمانەیەدا خانمە هونەرمەند كەژاڵ ئادەمی وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە، كە تایبەت بوون بە دوایین كارە هونەریەكانی خۆی لەگەڵ چەند پرسێكی تایبەت بە هونەری كوردی بە گشتی و ڕۆڵی باوكی لە سەركەوتن و دەركەوتنی و بۆ وەك پێویستیش بەرهەمی نییە.
* ئایا هونەری کوردی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هونەرمەند بتوانێت تەواوی کاتی خۆی بۆ تەرخان بکات؟
- تا گەیشتن بەو ڕۆژە ڕێگەیەکی دوور و درێژمان لە پێشه. لە سەردەمێکدا کە کەلتووری کۆنسێرت بە شێوەی ئەوتۆ لە ناوماندا جێ نەکەوتووه، کاتێک وڵاتەکەمان شتێک بە ناوی یاسای کۆپیرایتی نییه، کاتێک ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەمان ئەو جۆرەی پێویستە بەهێز نییە و مێشک و ڕەوانی کۆمەڵگە ئەو ئۆقرە و ئاسایشەی کە پێویستە نییەتی و ئیستانداری ژیانی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەکەمان لە ئاستێکی بەرزدا نییه، ناتوانین چاودێری ئەوە بکەین کە هونەرمەند بتوانێت هەموو کاتی خۆی تەرخانی هونەرەکەی بکات و بتوانێت پێی بژی.
* جاران گلەیی ئەوە هەبوو کە ئافرەتی هونەرمەند کەمه، کەچی ئێستا گلەیی لە زۆربوونیان دەکرێت هۆکارەکان چین؟
- بە بۆچوونی من ژمارەی گۆرانیبێژانی ئافرەت بە بەراو‌‌‌رد لەگەڵ گۆرانیبێژانی پیاودا زۆر کەمە و بۆ ئەوە نابێت گلەیی لە زۆربوونیان بکرێت. ئەگەر گلەییەک هەبێت لەوانە لە شێوازی دەرکەوتنی ئافرەتەکان بێت. لەم ساڵانەی دواییدا چەند خانمێكی هونەرمەند هەنگاویان ناوەتە ناو دنیای گۆرانی و شێوازێکی جیاواز لە شێوازەکانی ڕابردوویان بۆ پێشکەش کردنی هونەرەکەیان هەڵبژاردووه. هەندێک لە سەر ئەو بڕوایەن کە ئەم خانمانە نەریتە کۆنەکان دەخەنە ژێر مەترسییەوە. تا چەند ئەمە جێگەی ڕەخنەیه؟ ئەمە باسێکی جیاوازە و هەرکەس بیەوێ بۆچوون و بڕوا و ئایدۆلۆژیای خۆی لێکدانەوەی بۆ دەكات.
* زۆر جار لە نێوان هونەرمەنداندا کێشە و ناکۆکی هەستی پێدەکرێت، ئەم دیاردەیە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
- لە ڕاستیدا خۆم زۆر تێکەڵی ئەو فەوزایە نەکردووە و زۆر ئاگاداری نیم، بەڵام دڵنیام هەر هونەرمەندێک دڵسۆزی هونەر بێت پشتیوانی لە هونەرمەندە ڕاستەقینەکانیش دەکات و بە گەشەیان دەگەشێتەوه. هەرگیز نابێت بترسین لە درەوشانەوەی چراکان، چونکە دنیای ئێمە پێویستی بە هەزاران چرایه.
* لە هەڵبژاردنی تێکست بۆ گۆرانیەکانت ڕاوێژ بە کەس دەکەی، یان ئەو تێکستەی بە دڵت بێت دەیکەی بە گۆرانی؟
- کاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا لە دایک دەبیت کە وەک تاکێک و وەک ژنێک ناچاری خەم و دڵەڕاوکێکانت، هەست و ئامانجەکانت سانسۆر بکەی و نەتوانی بە شێوەیەک کە خولیا و حەزی خۆتە ژیان بەسەر بەریت، کاتێک جیهانی دەوروبەر بە شێوەی ئە‌وتۆ لە جنس و شێوازی دڵەڕاوکێکانت تێناگات، تێکستی گۆرانییەکانم ناتوانن کەمتەرخەم بن و هاواری ژنانی کۆمەڵگەکەم نەبن. هەردەم ڕەخنەم لە تابۆ و داب و نەریتە ڕزیوەکانی کۆمەڵگەکەم بووە و هەیە و نێوەڕۆکی شیعرەکان ڕەخنە لەو تابۆ و لەو بڤانە دەکا کە ئەمڕۆ منی کورد چ وەک تاکێک و چ وەک ژنێک لە گەڵی کێشەی ئەساسی و بنەڕەتیم هەیە. ئەم خاڵانە لە هەڵبژاردنی تێکستی گۆرانیەکانمدا گرنگی زۆریان هەیە. زۆربەی گۆرانییەکانم هۆنراوەکانی خۆمن و پاش بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانیش ڕێز دەگرم لەو ڕەخنە و تێبینیە زانستیانەی کە سەبارەت بە بەرهەمەکانم دەبێت و هە‌وڵ دەدەم بیانکەمە هەوێنی بەرهەمەکانی داهاتووم.
* ژیانی باوکت چۆن لە سەر تۆ و هونەری تۆ ڕەنگی داوەتەوه؟
- من لە ئامێزی دایک و باوکێکی شۆڕشگێڕدا چاوم بە ڕووی دنیا هەڵێناوه. باوکم دڵێکی هەیە بە ڕووناکی ئاوێنه، بە گەورەیی دەریاو بە پاکی عەشق. ساڵانێکی زۆری تەمەنی خۆی لە پێناو شۆڕش و خەباتدا دانا و پیرۆزترین ئاوات و ئامانجی گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکرات و بەرابەره. هەموو هەست و بۆچوون و بیرکردنەوەی لەسەر بنەمای خۆشەویستی و بڕوا بە ئینسان و ئینسانییەته. نێوانمان زۆر خۆشە و باوکم هەمیشە کۆڵەگە و پشتیوانی من بووه. هەمیشە وەک شێرەژنێک چاوی لێم کردووە ‌و ڕێزی لێ گرتووم. ئەو تایبەتمەندیانەی کە لە کەسایەتی باوکمدا هەیە ئەو وانەی فێری کردووم کە هەرگیز لە بەرابەر زوڵم و نابەرابەریدا بێدەنگ نەبم، بڕوام بە خۆم بێت و ورەم بەرز بێت و هەردەم تێبکۆشم مرۆڤێکی بەکەڵک بم بۆ کۆمەڵگەکەم.
* زۆر جار هونەرمەندان گلەیی لە هاوکاری نەکردنیان لەلایە‌ن حکومەتەوە دەکەن، حکومەت چۆن هاوکاری هونەرمەندان دەکات؟
- تا بە ئەمڕۆ وەک هونەرمەندێکی سەربەخۆ ئیشم کردووە و لەگەڵ ئەوەی سەبارەت بە ئیشە هونەرییەکانمەوە پێوەندییەکی ئەوتۆم لەگەڵ حکومەت نەبووه، بەداخەوە زۆر ئاگاداری بارودۆخ و وردەکارییەکانی ئەو هاوکارییانە نیم. هیوادارم کاربەدەستانی بەشی کەلتووری حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشک بخەنە سەر ئەو بەرهەمانەی کە خاوەنی ئاستێکی بەرزی هونەرین و بایەخ بدەن بەو کەسانەی کە دڵسۆزی هونەری نەتەوەکەمانن. ئەگەر ئەوان پشتیوانی هونەرمەندی ڕاستەقینە بکەن بێگومان هونەری ڕاستەقینەیش دەخولقێ و گەشە دەکات.
* هونەر چۆن دەبێتە هۆی وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە دیاردە سلبییەکان؟
- هونەرمەند وەک کەسێک کە پەیامی هونەر دەگەیەنێتە کۆمەڵگە پێویستە زانا، وشیار و وردبین بێت. ژیان تەفسیر بکات و لێکۆڵینەوە لە دنیای دەوروبەری بکات و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بێنێتە ژێر چاویلکەی ڕەخنەوە و جل و بەرگی بەیان بکاتە بەر هەست و ئەوین و هاوار و سکاڵای مرۆڤەکانی کۆمەڵگەکەی. هونەرێک کە بوێرانە خولقابێت و لەگەڵ خەڵک بە زمانی خۆیان بدوێت بێگومان دەتوانێت هونەرێکی سەرکەتوو بێت بە شێوازێکی شیاو ببێتە هۆی خۆلقاندنی ئاڵوگۆڕ و وشیار کردنەوەی بڕوا نووستوەکان.
* تا چەند لە دوایین بەرهەمی خۆت ڕازیت؟
- کاتێ چاو دەخشێنم بەسەر ڕابردووی هونەریی خۆمدا هەست بە شانازی دەکەم کە سەرەڕای هەمو سەختی و گیروگرفتێك کە لەسەر ڕێمدا بووه، تێکۆشەر و ماندوونەناسانە توانیومە بەرهەمەکانم پێشکەش بکەم. هەردەم شانازی دەکەم بە هەوڵوتێکۆشانی ڕۆژانی ڕابردووم و ڕازیم، بەڵام چاویش لە ئاست کەموکۆڕییەکان داناپۆشم و هەرگیز نەمهێشتوە ڕازی بوونم ببێتە هۆی وەستانم لە تێکۆشان بەرەو داهاتوێکی باشتر و پڕ دەستکەوتتر.
* ئێستا چی نوێت لە بەردەستدایه؟
- لە ئێستادا سە‌رقاڵی تۆماری بەرهەمێکی نوێم و هە‌روەها لە خۆ ئامادەکردنم بۆ تۆماری بە‌رهەمەکانی ئەڵبۆمی داهاتووم.
* وەک هونەرمەندێک پەیامی تۆ لە ژیاندا چییە؟
- من ڕۆڵەی شۆڕشم و نەوەی سەردەمێکی ئاڵۆز. تامی تاڵی جوداییم چێشتوە و بیری بەرزی ئازادیم تێدا پەروەردە کراوه. ئەمن ژنم و قەڵەمم ژنانەیە و شیعرم نوێنەری هەستی ژنانەی خۆمە و ئاوێنەی ڕوانگەی خۆمە وەک ژنێک. دڵم هەردەم تامەزرۆی فڕین بەرەو ئاسمانێکی ڕووناکتره، ژیانم خۆش دەوێت بە هەموو پووچەڵیەکانییەوه. هیوا هەوێنی شیعرمە و بێزوو بە خوڵقاندنی دنیایەکی پاکتر دەکەم. ئەمەیە پەیامی شیعر و گۆرانی من..
* ئایا میدیا کوردییەکان توانیویانە تەکانێک بە هونەری کوردی بدەن یان بە پێچەوانەوە بوونەتە هۆی دواکەوتنی؟
- میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕوڵێکی گرنگیان لە ئاشنا کردنی خەڵک بە هونەر و هونەرمەندی ڕاستەقینەدا هەیه. ئەوانن کە شێوازە جۆراوجۆرەکانی مۆسیقا دەخەنە مێشک و گوێی بینەر. بێگومان لەم ساڵانی ئەخیردا هەوڵ دراوە بەڵام هەوڵ و تێکۆشان و بەخەم بوونی زۆرتر پێویسته. هیوادارم هەمو کاربەدەستانی بەشی هونەری دەزگاکانی ڕاگەیاندن کەسانێکی زانیار و پسپۆر بن لە بوارەکەدا. ئێمە هەموومان ئەرکمان لەسەر شانە و نابێ بهێڵین شەرمە سار و شۆڕە ملی مێژو و داهاتووی هونەری نەتەوەکەمان بین.
* بە نیاز نیت سەردانی کوردستان بکەیتەوه؟
- گەڕانەوە بۆ نیشتمان هەردەم حەز و ئاواتمه. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم بگەڕێمەوە ئامێزی وڵات و گوڵی خۆشەویستی بدەم لە بەرۆکی جەماوەر و هەموو ئەو ئازیزانەی کە لەم ساڵانەدا بە میهرەبانییەکانیان پشتیوان و هاندەرم بوون.
Top