پرشەنگ توانا:ئەوەی لە رەسەنایەتی دەرنەچێت داهێنانە
دیمانە:رۆشنە عومەر
*چ پەیامێکت هەیە بۆ خەڵکی سلێمانی کە ئێستا باری سلێمانی نالەبارە؟
- پەیامی من ئەوەیە کە هەموو کوردێک وەک ئەرکێکی نەتەوایەتی و نیشتمانی، ئەو دەستکەوتانە بپارێزن کە بە خوێنی هەزاران شەهید هاتوونەتە بەرهەم، بە تایبەتی ئەمڕۆ کە دوژمنانی کورد دەیانەوێت ئەو دەستکەوتانە لەباربەرن، بۆیە لهسهر هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان پێویستە زمانی دیالۆگ بگرنەبەر. چونکە بە تەبایی و یەکڕیزی ماڵی کورد دەتوانین دەستکەوتی زیاتر بەدەست بێنین.
* كوڕەکەت ئاوازدانەرەو هاوسەرەكەت تێكستەكانت بۆ هەڵدەبژێرێت، ئایا كەسی تر هەیە لە خانەوادەكەت ئاوا هاوكاریت بکات؟
- لە خێزانێکدا هەر یەک دوانێک هاریکار دەبن، بەڵام هەموو خێزانەکەم هاندەرم بوون.
* هونەر لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
- خۆشەویستی، ڕاستگۆیی، کەلتوور و ناسنامە.
* پێتوایە هونەرمەند لەكوێ دەتوانن خزمەتی هونەری كوردی زیاتر بكەن؟
- هونەرمەند لە هەر شوێنێکدا بێت دەتوانێ خزمەتی هونەری کوردی بکات، ئەویش دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند ئەو زەمینەی بۆ دەڕەخسێ.
* كام گۆرانی وات لێ دەكات بەردەوام شانازی بەخۆتەوە بكەی؟
- ئەو گۆرانییەی کە جهماوهر زیاتر حهزی لێدهكات.
*حەز لەدەنگی چ گۆرانیبێژێک دەكەیت و كاریگەری چ گۆرانیبێژێکت لەسەرە؟
- بەڕاستی گۆرانیبێژ زۆرن هەم لە کۆنەکان و تازەکانیش، بەڵام ئەوەی زۆر کاریگەری لەسەر من هەبووە کە چەند جاری تریش ئاماژەم پێداوە وەکو هونەرمەندان ڕەفیق چالاک، حەمەساڵح دیلان، عەلی مەردان، مریەم خان، کریم کابان ...تاد.
* ئێستا كۆمەڵێک هونەرمەندی ئافرەت هەن خۆیان ڕووت دەكەنەوە و دەڵێن داهێنان دەكەین ڕای تۆ چییە بەرامبەر بەمە؟
- بەلای منەوە داهێنان لە تێکست و ئاواز و موزیک و ئەدای باش دایه، بەمەرجێک لە ڕەسەنایەتی دەرنەچێت.
* بەڕای تۆ ئاستی ڕۆشنبیری بۆ گۆرانیبێژی ئافرەت پێویسترە یان جوانی؟
- بە پلەی یەکەم ئاستی ڕۆشنبیری زۆر گرنگە، جوانیش فاکتەرێکە لە فاکتەرەکان.
* لەكاتی گۆرانی وتندا هەست بەچی دەكەی؟
- هەست بەو پەڕی خۆشی و ئارامی دەکەم و هەست دەکەم دەکەومە جیهانێکی ترەوە.
*پێشتر باسی ئەوەت كردبوو كە كێشی لەشت دابەزێنی، تائێستا هیچ كێشت دابەزیوە؟
- بەردەوامم لە وەرزش و تا ئەو کاتەی بەو مەبەستەی خۆم دەگەم کە دەمەوێ.
* وەك دایكێك دوو ئهركی لێك جیا، وهك كاتدانان بۆ كاری هونهری و پهروهرده كردنی منداڵ چهنده سهخته؟
- هیچ شتێک سەخت نییە گەر بێتو کاتەکان دابەش بکرێت بۆ ئەوەی فریای هەموو بوارەکان بکەوی، بە تایبەتی پەروەردەکردنی منداڵ کە بەلای منەوە زۆر گرنگە.
* حەز ناكەی منداڵەكانیشت ببن بەگۆرانیبێژ؟
- من حەزیش بکەم کە ببن بە گۆرانیبێژ، بەڵام بە حەزی من نییە، ئەوە دەکەوێتە سەر ئەوەی ئەو منداڵە حەزی لە چییەو لە چ بوارێکدا سەرکەوتوو دەبێت.
* لەدیمانەیەك دەڵێی حەز لەزێڕناكەم با نەبم بە جامخانەی زەڕەنگەر مەبەستت چییە؟
- مەبەستم لەوەیە کە حەزم لەوە نییە زێڕێکی زۆرم پێوە بێت.
* چ شتێك پڕشەنگ نیگەران دەكات؟
- درۆکردن.
* چ یادگارییەكی خۆشت لەبواری هونەریدا هەیە؟
- بواری هونەری هەموو یادگارەو یادگارییەکانیشی خۆشن.
* باس لەدواین پڕۆژەی هونەری خۆت بكە؟
- پێشتر باسم لە کلیپ و چەند گۆرانییەکی تازە کردووە و جارێ هەرئەو پڕۆژەیەم لە بەردەستایە.