هونەرمەند مەزهەری خالقی بۆ گوڵان: ئەوەی مانای خۆشەویستی نەزانێت قەت گۆرانی ناڵێت
لەم دیمانەیەدا هەوڵمانداوە هونەرمەندی گەورەی كورد مەزهەری خالقی بدوێنین و باس لە چەند لایەنێكی ژیانی ئێستای لە ئەنیستیتۆی كەلەپوری كوردی و چۆنییەتی كاركردنیان بكات، هەروەها باس لە چەند لایەنێكی تایبەت بە ئێستای هونەری كوردی دەكات.
دیمانە/ رۆشنە
* گرینكترین كارەكانتان لە ئەنیستیتیۆی كەلەپوری كوردی چی بوون؟
مەزهەری خالقی» لەئەنیستیتۆی كەلەپوری كورد مەبەستی سەرەكی ئەم سەنتەرە لەسێ بوار پێكدێت. یەكەم هەموو ئەو كەلەپورە كوردیانە كۆبكرێتەوە كە ئەمە تەنیا ئەركی ئێمە نییە ئەركی هەموو لایەكە، چونكە نزیكەی 500ساڵ بەسەر دابەش بوونی ئێمە تێپەڕ بووە، لەهەر یەكێك لەبەشەكانی كوردستان ڕێگەیان نەداوە كە ئێمە دابونەریتی خۆمان بەئازادی نیشان بدەین لە ژیانی ڕۆژانەدا، بۆیە بەر لەوەی چیتر بفەوتێت دەمانەوێ ئەمانە كۆبكەینەوە تەنیا جێگایەك هەبێت ئەم كارانە بكات باشووری كوردستانە، چونكەبەشەكانی تری كوردستان تا ئێستا ژێردەستن. دووەم بتوانم هەموو كات ئەم كەلتورانە بپارێزم. جا لە مۆزەخانە بن یان ئەو پاشماوانە بەشێوەی ئۆدیۆ و ڤیدیۆ یان بەشێوەی نووسینەوە بنن هەموو ئەمانە كۆدەكەینەوە و دەكەین بەدیجیتاڵ كەواتە بەم شێوەیە ئەمانە لەهاڕد یان لەسیدی هەڵیان دەگرین پێش ئەوەی بفەوتێن. سێیەم گەشەپێدانی كەلتووری خۆمان كۆبكرێتەوە ئەمە سوودی لێوەربگرین و لەدواڕۆژە تاكو دەگات بەم رۆژگارە، چونكە هونەر ناوەستێت هەمیشە دەگۆرێت لەگەڵ ژیانی خۆماندا، بۆئەوەی ئێمە پشت بەهونەری بێگانە نەبەستین و پشت بەهونەری خۆمان ببەستین و ئەوەی كە لەناخی كەلتورەكەدایە بۆئەوەی بتوانین وەڵامی نەوەی ئێستا و داهاتوو بدەینەوە.
* چ پێوەرێكتان بۆكۆكردنەوەو بڵاو كردنەوەی بەرهەمی هونەرمەندان هەیە ؟
- ئەگەر بەرهەمەكان مۆركی ڕەسەنایەتی كوردیان هەبێت، جا ئەگەر میوزیك بێت یان دابونەریت و شتی كۆن بێت. لەو بوارەدا كەسی شارەزامان لە هەموو بوارەكانماندا هەیە بۆ ئەوەی بزانین ئەو شتانەی بۆمان دێت كوردی ڕەسەنن یان نا. هەرچی موڵكی ڕەسەنایەتی پێوەدیار بێت ئێمە لەئەرشیف دایدەنێین.
* تەنیا بەرهەمی هونەرمەندە كۆچكردووەكان كۆ دەكەنەوە یان ئەوانەی تا ئێستاش لە ژیاندا ماون؟
- بەرهەمی كۆچكردووەكان كۆدەكەینەوە، بۆئەوەی نەفەوتێت هەڵیان دەگرین، ئێمە نەك بەتەنیا كۆیاندەكەینەوە بەڵكو بەشێوەی سۆفتوێر پاكیان دەكەینەوە هەرچی كەم و كورتییەكیان هەبێت چاكیان دەكەین و كەم و كورتییەكان ناهێڵین .
* جگە لەكاری ئەنیستیتیۆ تاچەند ئاگاداری هونەری كوردی و ڕەوشی هونەرمەندانی كوردستانی؟
- یەكێك لەكارەكانمان ئەوەیە كە ڕۆژانە لەسەر هونەری كوردی زانیاریمان هەبێت. ئاگاداری رەوشی هونەری ئەم سەردەمەین، بە جۆرێك كە لە هەر بوارێكدا شارەزایی تایبەتی خۆمان هەیە ئەو شارەزایانە دەتوانن رێنوێیمان بكەن تاچ ڕادەیەك بتوانین لەمەودای ڕەسەنایەتیدا كار بكەین.
* ماوەیەكی زۆرە بەرهەمت نییە، بەنیاز نیت بەرهەكانی خۆشت بڵاوبكەیتەوە؟
- پرسیارەكەت دوو وەڵام هەڵدەگرێت، یەكێك لەو كارانەی كەكردوومانە بەرهەمەكانی منیشی تێدایە، ئێستا لەسەر ئەلبوومێك لە(12)سیدی پێكهاتووە كار دەكەم، كە 200گۆرانی لەخۆگرتوە ئێستا لە بازاڕیشدا هەیە. دووەم، ئەوەی كە گۆرانیم نەووتوە دەمێكە كاتێكی وام نەبووە كە خەریكی گۆرانی گووتن بم، چونكە ئەگەر بتەوێ بەرهەمێك بكەی دەبێت كاتێكی بۆ تەرخان بكەی. كارێكی ئاسان نییە من هەمیشە لەگەڵ ئوركێسترای گەورە كارم كردووە، ئەو ئۆكسترایانەش هەریەكەو لەشوێنێكن، ناتوانی بەئاسانی دەستت بكەوێن، بۆیە ماوەیەكی زۆری دەوێت، بەڵام ئومێدەوارم لە داهاتوویەكی نزیك دا بتوانم كاری تازەبكەم.
* گوایە جەنابت وتوتە كاتێك هونەرمەند گەیشتە لوتكە با واز لەگۆرانی وتن بهێنێ؟
- من بەم شێوەیە باسم نەكردوە، بەڵام كاتێك هونەرمەند گەیشتە لوتكە، دەبێ كارێك بكات كە هەمیشە لەلوتكەدا بمێنێتەوە، واتا كاری ئێستای كەمتر نەبێت لەكاری پێشووی. من ئەمەم باس كردووە. بڕوام وایە پێویستە مرۆڤ رێز بۆ كارەكانی خۆی دابنێت. بزانێت كە كارێك دەكات باشتر بێت لەكارەكانی پێشووی. بۆئەوەی ئەوانەی هۆگری كارەكانی ئەو كەسەنە بە دڵیان بێت. بۆیە دەبێت مرۆڤێك لە هەموو كارێكدا كارە نوێیەكەی باشتر بێت لەكارەكانی پێشووی.
* « شیرین تەشی دەڕێسێ «، ئەم شیعرە چۆن ئاوێزانی میلۆدی سیحری كوردیە كە دوای چەند ساڵ تەمەنی ئەم گۆرانییە ئێستاش جەماوەرەكەت حەز بە گوێ گرتنی بكا؟
- هەموو دەڵێن خۆشم بڕوام ئەوەیە كە كاری مۆدێرنم كردووە، هەروەها كاری فۆلكلۆریشم كردووە. واتا ئەو كارانە لە شەستەكان كردوومە كە سەرەتای كارەكانم بوو، ئەوانە هەمووی شتێكن دەتوانێت بمێننەوە لە میوزیكی كلاسیكیدا، ئیتر كۆمەڵێكی تریش هەن هەمووی كەلتووری كوردین پێم وایە میلۆدیەكەی ئەكتیڤە و دەستكاری نەكراوە ئەمانەش شتی تازەن كەپێشكەشی خەڵكیم كردووە.
* ئەگەڕێمەوە بۆ وڵاتەكەی خۆم ... چەند كاریگەری لەسەر مەزهەری خالقی هەبوو لە هەندەران و بیر كردنەوە لە گەڕانەوە بۆ ژیان لە كوردستان ؟
- « چەند جارێكی تریش باسم كردووە لەساڵانی هەشتاكان حكومەتی بەعس بەرەبەرە دەستیكرد بە هێرش كردن و بۆمب هاویشتن و كیمیاباران كردنی گەلی كورد، ئەو كات ئێمە دەنگمان بەهیچ دنیا نەدەگەیشت، باوەڕیان نەدەكرد كە رژێمی بەعس چی بەسەر كورد دەهێنێت. ئەوە بوو وای لێهات نائومێدییەك لای خەڵك دروست بوو خەڵك دەربەدەر بوو . ئەو بارودۆخەی كوردستان زۆر كاریگەری بەسەر منەوە هەبوو. بیرم كردەوە كە كارێك بكەم روحییەتی خەڵك بەرز بكەمەوە. ئەوە بوو ئەم گۆرانییەم گووت كە هۆنراوەكەی هی»رەسول هاوار» بوو. خۆم یەكێك بووم لەو كەسانەی كە حەزم دەكرد بگەڕێمەوە وڵاتەكەی خۆم توانیم ئومێدێك بەخەڵك ببەخشم ئەم گۆرانیەشم بۆخۆ نەوت بۆهەموو خەڵكم وتوە.
* قسەی جیاواز هەیە سەبارەت بەچۆنییەتی چوونت بۆ ڕادیۆی كرمانشان، ئەو كەسانەی كە هاوكاریان كردوویت بۆدامەزراندنت لەوێ، بۆیە دەپرسین كەی و چۆن كارت كردووە لە ڕادیۆ و كێ هاوكاری كردی بۆ ئەم مەبەستە؟
- من نەچووم بۆ ئەم ڕادیۆیە،چونكە پێشتر لەڕادیۆی تاران كارم دەكرد . لەبەشی كوردی دواتر لەبەشی وەرگێڕان و بێژەری كارم دەكرد .دواتر من كرام بەبەرێوەبەری رادیۆی كرماشان.
* ( كە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و كێو شینە، چەندە مەڵبەندی ئێمە شیرینە) لەگەڵ شیعرێكی ئەم سەردەمە چۆن هەڵدەسەنگێنی ؟
- بەراستی ئەمە شیعرێكی نیشتمانییە، كاتی خۆی «پیرمێرد « نوسیویەتی دواتر مەلا كەریم وتویەتی لەقەوانی مەلا كەریم گوێم لێبوو كردم بەگۆرانی.
* یەكێك لەتایبەتمەندییەكانی بەڕێزت كە بە چاكی لە گۆرانی وتن هەستی پێدەكرێت، ئەوەیە ڕوحییەتێكی كوردەواری دەبەخشێت بەگوێگر، ئەمەیان چۆنە ؟
- هیوادارم وابێت، چونكە ئامانجی من ئەوەیە. حەز دەكەم وەك ئەمانەتدارێك كار بكەم كاتێك لە كەسێك وەردەگرم بەشێوەیەكی جوان پێشكەشی خەڵك بكەم بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو ئێستا كەڵكی لێوەربگرن .كلتوری خۆمان تێك نەدەین سوود لەكەلتوور وەربگرن. نەچن ئاوازی بیانی بكەن بە گۆرانی، چونكە ئێمە كەرستەیەكی زۆر باشمان هەیە بۆ ئەوەی سودی لێوەربگرن و كاری لەسەر بكەن. دەبێت ئێمەش بەرەبەرە ببین بەخاوەن هونەری خۆمان .
* ئەوكەسانە كێن كە ڕۆژانە لەگەڵیان دادەنیشی گفتوگۆی هونەرییان لەگەڵ دەكەی ؟
- من زۆربەی كاتەكانم خەریكی كاری كەلتووری و ئەرشیف كردنی بەرهەمەكانین، هەروەها نوێنەرمان هەیە لە هەر چوار پارچەكانی كوردستان، بۆیە كاتم زۆر كەمە، لەبەر ئەوە تێكەڵ بوونم لەگەڵ كۆمەڵگای خۆم زۆر كەمە، ئەمەش بەدەست خۆم نییە. زۆر جاریش ڕەخنەم لێدەگرن سەرەڕای ئەوەش لەكۆڕ و كۆبوونەوەكان بەشداری دەكەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە كۆنتاكتم لەگەڵ زۆربەی میوزیكژەنەكان هەیە جا لە ماڵەوە بێت سەردانم دەكەن یان لە دەرەوە دەربارەی بابەتی كەلتوری گفتوگۆیان لەگەڵدا دەكەم.
* هونەرمەندانی كورد تاچەند توانیویانە داهێنان و تازەگەری بكەن لەهونەری كوردیدا؟
- «زۆر خۆشحاڵم ئێستا كۆمەڵێك لەهونەرمەندە میوزیكژەنەكان پێدەگەن جا لە دەرەوە بێت یان لە كوردستان، بەڵام بەداخەوە ئاراستەیەك هەیە لە كوردستان دوو كۆمەڵە پەیدا بووە یەكێك ڕقی لە ئەوەیترە .لەگەڵ یەك ناگونجێن بەڕای من دەبێت ئەم ڕق و قینە نەبێت دەبێت كاربكەین هونەرەكەمان پێش بخەین . كاتێك گۆرانی دەڵێت ڕەسەنایەتی پێوەدیار بێت. خەڵكیش ئازادە گوێ لەكێ دەگرێت یان ناگرێت.
* دەكرێت ناوی چەند گەنجێك بڵێی كەبەڕێزت دەنگیانت پێخۆشە و سەركەوتون؟
- من كەسێكم زۆر حەز لە گۆرانی ڕەسەنایەتی كوردی دەكەم. بۆیە ناوی هیچیان ناهێنم نەوەك ئەوانی تر پێیان وابێ رەخنەم لێیان هەیە. بەڵام گەر حەزم لە دەنگی گۆرانیبێژێكش نەبێت گوێی لێناگرم.
* خۆشەویستی تاچەند هاندەرت بووە لە وتنی گۆرانی ؟
- ئەوكەسەی مانای خۆشەویستی نەزانێت قەت گۆرانی ناڵێت .
* هیچ پرۆژەیەكی نووسینت لەبەردەستە، یان بیرت لێكردبێتەوە؟
- نەخێر، بەڵام بیرەوەرییەكانی خۆم كاتێك وازم لەكارم هێناوە لەماڵەوە دادەنیشتم دەیاننووسم
* خۆشترین یادگاریت لەژیانی هونەریدا چیيە ؟
- «كاتێك تەمەنم دوانزە ساڵ بوو لەقوتابخانە بووم كۆنسێرتێكمان هەبوو . ئەوكات خەڵكم نەدەدیت بۆ یەكەم جار گۆرانیم وت، سەرەتا خەڵك بێدەنگ بوو لەناوەڕاستی گۆرانییەكە چەپڵەیان لێداو شڵەژام وگۆرانییەكەم پچراند. هەڵبەتە خەڵك نەیدەزانی بۆ گۆرانیم پچڕاند ئەمەم قەت لەبیر ناچێتەوە.
* تاچەند ئارەزووی ژیانی دێهات دەكەی و كاتەكانت تاچەند لەوێ بەسەردەبەیت ؟
- ئارەزووی ئەوەم هەیە لە دێهات كۆتایی بە ژیانم بهێنم.